٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کاکه‌مین نه‌جاڕ: لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان، بەردەوام دەبین بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی

سەرچاوە: Hewler

دیمانه‌ی: هه‌ولێر


کاکه‌مین نه‌جاڕ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ گفتوگۆیه‌کی تایبه‌ت به‌ هه‌ولێر ڕۆشنایی خسته‌ سه‌ر ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی دوچاری عێڕاق بووەته‌وه‌ و باس له‌ هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانیی کوردستان ده‌کات که‌ سووره‌ له‌ سه‌ر ‌سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌ سه‌رۆ‌کوه‌زیرانی به‌غدا:

•بۆچی ئەو بارودۆخەی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌م ته‌نگژه‌یه‌ گه‌یشت ؟
- دیارە زۆر هەوڵمان دا كە بە ڕێگەی دیالۆك ئەو كێشانەی هەبوون چارە بكرێن، بەڵام مالیكی هەر لەو سیاسەتە تاکڕۆیه‌یی خۆی بەردەوام بوو كە عێراقی گەیاندە ئەم قۆناغەی ئێستا، بۆ نموونە دەیان جار كێشەی پێشمەرگە، دوای چەندین جار گفتوگۆ، وەكوو خۆی مایەوە و چارە نەكرا، هەروەها كێشەی ماددەی 140 و یاسای نەوت و گاز، كە دوای چەندین بەڵێن، ئەو گرفتانە بەردەوام بوون. دیارە پاساوی مالیكی ئەوەیە؛ گوایە داواكانی كورد نادەستوورین، بە پێچەوانەوە هەموو داواكانی كورد ڕەوان و هەموویشیان پێوەستن بە بنەماكانی دەستوورەوە، بۆ نموونە كۆمپانیاكانی نەوت بە شێویەكی فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ ئێمەدا كردووە.

• زۆر جار هەندێ لایەن وای دەخەنە ڕوو ؛ كە ئەو كێشانە لە نێوان بەغدا و هەولێردا شەخسین؟

- ئەم بۆچوونانە لە بنەڕەتدا هەڵەن، چونكە جەنابی سەرۆك بارزانی و نووری مالیكی پێشتر دۆست بوون، ئێستایش ئەو كێشانە پێوەست نین بە شتی شەخسییەوە. بۆ نموونە، ئەگەر تەماشای ناوەڕۆكی كێشەكان بكەین، هەموویان وابەستەن بە داخوازییەكانی كورد، من دەپرسم ئایا یاسای نەوت و گاز، كارێكی شەخسییە؟ ئایا مەسەلەی كەركووك، مەسەلەیەكی شەخسییە؟ ئایا ماددەی 140 شەخسییە؟ ئایا مەسەلەی هاوسەنگیی عەسكەری، شەخسییە؟ دیارە دەبێ بەپێی دەستوور 17%ـی سوپای عێراق لە كورد پێك بێت. ئەمانە هەموویان جەوهەری داخوازییەكانی ئێمەن و داكۆكیی تەواو لەو داخوازییانە دەكەین. ئێمە دەمانەوێ عێراق، عێراقێكی فرەنەتەوەیی و دیموكراتی بێت.

• بەڕێز سەرۆككۆمار باس لەوە دەكات كە رێژەی یاسایی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی تەواو نییە و داوایش لە پەرلەمان ناكات پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانە دەست پێ بكرێت، ئەم هەڵوێستەیش بەپێی لێدوانی گوتەبێژی پارتی موفاجەئە بوو، تۆ ده‌ڵێی چی؟

- بەپێی دەستوور، سەرۆككۆماری عێراق بۆی هەیە داوای متمانەلێسەندنەوە بكات. بە گوێرەی داوای ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر نیوەی زیاتر بوو. هاوكات مافی لێپێچینەوەی لە سەرۆكوەزیران هەیە، هەر دوو لا دەكرێت. ئەندامانی پەرلەمان ئیمزایان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە (مالیكی) كۆ كردەوە.

• بەڵام سەرۆككۆماری عێراق دەڵێ كە ئیمزاكان كەمن؟

- بەپێی زانیاری، رێژەی پێویست لە ئیمزاكان كۆ كراونەتەوە و بۆ بەردەم سەرۆككۆمار ڕەوانە كراون، ڕەنگە چاوسووركردنەوەی مالیكیـیش لەسەر ئەندامانی پەرلەمان هەبێ بۆ ئەوەی ئیمزا نەكەن.

• باس لەوە دەكرێت كە بە هۆی ئەو مەسەلەیەوە جۆرێك لە ناكۆكی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دروست بووە،ڕاستە؟

- ئەوەی بە نسبەت ئێمەوە گرنگە ئەوەیە، كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان یەكگرتوو بن، زۆر بایەخ بەو مەسەلەیە دەدەین، كە ریزەكانی كورد نەترازێن و بەو هیوایەین كە ئەمەیش ڕوو نەدات.

• بە ڕای تۆ، یەكێتی حازرە كە لەگەڵ پارتیدا هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە لەمالیكی بدات؟

- یەكێتی، تا ئێستا ئەو بڕیارەی نەداوە، ڕەنگە بڕیاری خۆیان لەو بارەیەوە بدەن مالیكی لابچێت یان نا.

• ئێوە وەك پارتی هەر سوورن لەسەر ئەوەی مالیكی لابچێت؟

- بەڵێ. وەك پارتی زۆرمان پێ باشە، چونكە مالیكی 6 ساڵە دژی داخوازییەكانی كورد كار دەكات و هیچ شتێكی بۆ كورد نەكردووە، كە توانیبێتی بەپێی دەستوور ئەو داخوازییانە جێبەجێ بكات، كە مافی ڕەوای كورد بوون. جگە لەوەیش لە لایەن زۆر لایەنی عەرەبییشەوە دژایەتیی سیاسەتی مالیكی دەكرێت.

سەدر زۆر سوورە لەسەر لابردنی مالیكی هەروەها عێراقییە، دیارە ئەگەر زوڵم نەبێت بەو شێوەیە مكووڕ نابن، هەروەها دەوڵەتی یاسایش زۆربەیان ناڕازین بەرانبەر بەم تاكڕۆییە. بە كورتی وەكوو پارتی پێمان باشە متمانەی لێ بستێندرێتەوە، چونكە نەیتوانیوە سەرۆكوەزیرانێكی بێلایەن بێت.

• ئایه‌ ڕاسته‌ یەكێتی لە ژێر گوشاری ئێراندا هه‌وڵی دابێت شكست بەو هەوڵانە بێنێت؟

- ئێمەیش دۆستایەتیمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، میللەتی عێراق هەڵبژاردنی كردووە و خۆیشی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات، ئێمە خۆمان بڕیار دەدەین نەك خەڵكی دیكە. ڕاستە دۆستایەتیمان لەگەڵ ئێران یان توركیادا هەیە، بەڵام دەبێ گەلی عێراق خۆی بڕیاری خۆی بدات.

• ڕاستە كە پەیامێكی تووند لەو بارەیەوە گەیەندراوەتە دەستەڵاتی كوردی؟

- ئێمە دۆستی ئێرانین، زۆر جار داواكاری لە نێوانماندا هەیە، بیروڕایش دەگۆڕینەوە، ڕای جیاوازیشمان دەبێ، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیاری دانانی سەرۆكوەزیران بۆ گەلی عێراق دەگەڕێتەوە.

• دەگوترێ ئێران داوای كردووە كە مالیكی عەفوو بكرێت، یان دەرفەتێكی دیكەی پێ بدرێت. بە ڕای تۆ، ئێران چی لە سەركردایەتیی كورد و شیعە دەخوازێ؟

- ئێمە وەكوو سەرۆكوەزیرانێكی باش مالیكی نابینین، ناتوانێ مامەڵەمان لەگەڵدا بكات. مالیكی دەیەوێ فڕۆكەی ئێف 16، بكڕێت و خۆی بەرز بكات، سوپا بەهێزتر بكات ، هەموو دەستەڵاتەكانیش بۆ خۆی قۆرخ بكات، ئەگەر لێی بێدەنگ بین، ڕووبەڕووی خەتەرێكی دیكە دەبینەوە، كار وا بڕوات ڕەنگە شەڕیشمان لەگەڵدا بكات، بۆیە حەق نییە چیی دیكە بمێنێتەوە.

• باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر متمانە لە مالیكی بستێندرێتەوە، ئەوا متمانە لە سەرۆككۆمار و پەرلەمانیش دەستێندرێتەوە؟

- سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان ئیمزایان لەسەر كۆ نەكراوەتەوە و خەڵكێك داوای نەكردووە متمانەیان لێ بستێندرێتەوە، ئەگەر زۆرینەی پەرلەمان داوا بكات، ئەوا مەسەلەیەكی دیكەیە، بەڵام نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆككۆماریش هیچ گوشارێكیان لەسەر نییە.

• گوتەبێژی یەكێتی، دەڵێ كە تەنیا 157 ئیمزا كۆ كراوەتەوە، بۆیە سەرۆككۆمار نەیتوانیوە داواكان بگەیەنێتە پەرلەمان، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت؛ كە 170 ئیمزا لە بەردەستە، خەڵك چی بكات باشە، دوه‌میان ژماره‌ی دروستن؟

- دیارە ئەوەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەیڵێت، ڕاستە. كاتێك مالیكی بانگی پەرلەمان كرا، خەڵك بە ئاشكرا دەست بەرز دەكاتەوە و تەزویریش لەو مەسەلەیەدا ناكرێت.

• یەكەم جار بڕیار وابوو ئەو داوایە لە ڕێی سەرۆككۆمارەوە بكرێت، دوای بێئومێدبوون لەو مەسەلەیە، ئەگەری ئەوە هەیە كە پەرلەمان خۆی بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات؟

- هەر كاتێك ڕێژەی ئیمزاكان تەواو بوون، مالیكی بانگ دەكرێت، كە موناقەشە كرا، ئەوكاتە بڕیار دەدرێت كە ئایا متمانەی لێ دەستێنرێت یان نا.

• ئەو نامەیەی سەرۆككۆمار كە لای سەرۆكی هەرێمە، چییە؟

- نامەی ئەندامانی پەرلەمانە كە ئیمزایان كردووە.

• هەندێك دەڵێن رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی ڕەنگە بكەوێتە مەترسییەوە؟

- نێوان ئێمە و یەكێتی بەو شتانە ناكەوێتە مەترسییەوە، هەوڵ دەدەین نێوماڵی كوردی لێك نەترازرێت، ئەمە خاڵی بەهێزی ئێمەیە.

• ئایا مالیكی هەوڵی داوە درز بخاتە نێو ماڵی كوردەوە؟

-مالیكی هەوڵی هەموو شتێك دەدات، نەك لە نێو كورد، بەڵكوو لە نێو عەرەبەكانیش و تەنانەت جاشەكانیشدا.

• هەتا ئێستا ئێران لەگەڵ ئەوەدا نییە كە مالیكی بگۆڕێت؟

- ئێران پێی باشە كە مالیكی بمێنێتەوە، بەڵام مەرج نییە ئەوەی ئێران دەیەوێ وا بێت، دەكرێ بەدیلی مالیكی كەسێك بێت لەنێو دەوڵەتی یاسادا.

• ڕاستە سەرۆككۆمار لەژێر گوشارێكی زۆردایە؟

- من نازانم ئێران چی لەگەڵ سەرۆككۆماردا باس كردووە.

• بە ڕای تۆ لە ژێر چ كاریگەرییەكدا ئەوەی نەكرد؟

- ڕەنگە هۆكار زۆر بن.

• پێتان شتێكی موفاجەئە بوو كە ئەو پەیامە بگەیەنێ؟

- پێمان باش بوو به‌ڕێز سه‌رۆککۆمار داوای له‌ په‌رله‌مان بکردایه‌ متمانه‌ له‌ مالیکی بسه‌نێته‌وه‌ ، پێمان باش بوو هەموومان لەسەر لابردنی مالیكی یەكگرتوو بین، ئەوە ڕای ئێمەیە وەكوو پارتی.

• سەرۆك بارزانی دەڵێت كە ئەگەر ئەو هەوڵانە شكست بێنن، ڕێگەی دیكە دەگرینە بەر؟

- رێگەی دیكە زۆرە. لەگەڵ هاوپەیمانەكانماندا بەردەوام دەبین بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی ئەگەر ئەوە سەری نەگرت، ڕەنگە لە حكوومەت بكشێینەوە، ڕەنگە خەڵكی دیكەیش لەگەڵ ئێمەدا بن، ئەوكات دەبێ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بگەڕێینەوە.

• دوایین پەیامت چییە؟

- تووشی قەیرانێكی ئەوتۆ نەبووین كە خەڵك ئەوەندە دوودڵ بێت.

بەداخەوە، تا ئێستا زۆربەی داخوازییەكان لە ماددەی 140 و شەراكەت جێبەجێ نەكراون، دەبێ تێكچوونی ئەو هاوسەنگیانە قبووڵ نەكەین، مێژوو موحاسەبەمان دەكات ئەگەر كەمتەرخەم بین.

میللەتی كورد لای ئێمە لە هەموو شتێك گرنگترە، ئەمە مەسەلەیەكی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆیە ناتوانین دەستبەرداری بین و پێویستە هەموو بەیەكەوە كار بۆ مافە دەستوورییەكان بكەین.
 

هەواڵی پەیوەندیدار