نهێنییە شاراوەكانی رەیحانلی
عەلی بایرام ئوغڵۆ
ئەم وڵاتە ( توركیا) زۆر بە باشی دەزانێ شەڕ و ئاڵۆزیی چییە. سەبارەت بە مەسەلەی كورد لە شەڕی ئەم بیست ساڵەی دوایی لەگەڵ پەكەكەدا بە لانی كەمەوە 40 هەزار كەس لەم وڵاتە گیانی لە دەست داوە. توركیا هەرچەند ناوەندی شەڕی پەكەكە بووە، هاوكات شاهێد حاڵی هێرشەكانی ئەلقاعێدە بۆ سەر باڵاخانەكانی ناوەندی بازرگانی جیهان و بانكی جیهانی بووە. بەڵام تا ئێستا زۆر كەم توركیا ئەوەی بینیوە كە بەمجۆرە راستەوخۆ خەڵكی مەدەنی لە نێو وڵاتی خۆیدا لە لایەن هێزێكی دەرەكییەوە بكرێتە ئارمانج و هێرشێكی نامرۆڤانەی بەمجۆرەی بكرێتە سەر.
هێرشەكەی رەیحانلی جۆرەیەكی تیرۆریزمی هوڤانە و بەرهەمی رۆژهەڵاتی ناوەراستە. واتا و مانای ئەم هێرشە كە بووەتە هۆكاری گیان لە دەستدانی ژمارەیەكی یەكجار زۆر هاووڵاتی مەدەنی ئەوەیە كە ئاگرەكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست گەیشتووتە توركیا و رۆژ لە دوای رۆژ ئەم ئاگرە گۆڕتر دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە كە شتی خرابتر و ترسناكتر ببینین.
شوێنی هێرشەكە، كاتی هێرشەكە و ئەو بەڵگانەی كە بە دەست كەوتوونە ئەوە دەسەلمێنن كە ئەم هێرشە راستەوخۆ لە لایەن رژیمی بەشار ئەسەدەوە سەرپەرەشتی كراوە و ئەم رژیمەیش ئارمانجی تایبەتی خۆی لەم هێرشەدا هەبووە.
دوێنێ جەنگیز چاندار سەبارەت بەم هێرشە و ئارمانجی رژیمی ئەسەد لەم هێرشە شرۆڤەیەكی یەكجار راست و زانستییانەی كرد و منیش پشتگیری لەم شرۆڤەیەی جەنگیز چاندار دەكەم.
جەنگیز چاندار دەڵێت: توركیا كە وردە وردە دەیەوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ببێتە هێزی كاریگەر و هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە بەرێوە ببات پێویستە خۆی بۆ هێرشی لەم چەشنە ئامادە بكات. چوونكە چەندین وڵاتی ناوچەكە لە دژی ئەوەن كە توركیا ببێتە هێزی كاریگەر لە رۆژهەڵا تی ناوەراستدا.
لێرەدا ئەو پرسیارە هاتە بیرم كە ئایا توركیا كە دەیەوێ ببێتە هێزی كاریگەری ناوچەكە نەیدەتوانی لە بەرامبەر بارودۆخی نێوخۆیی سووریا خۆی بێدەنگ بكات؟
توركیا بە هۆی پێگەی خۆی لە نێو ناوچەكە و هەروەها بە هۆی كاریگەری خۆی لە نێو سیستەمی جیهانیدا ناتوانێت لە بەرامبەر رووداوە ناوخۆییەكانی سووریادا بێدەنگ ببێت، بەڵام هاوكات ناتوانێت پێشی لەم جۆرە هێرشانەیش بگرێت. وەكو جەنگیز چاندار ئاماژەی پێكرد، ئەم هێرشانە بەدەلی گەورە بوون و بەهێز بوونی توركیایە، بۆیە ئەگەر توركیا دەیەوێ بەهێزتر ببێت و پێگەی خۆی لە نێو ناوچەكەدا بەهێزتر بكات دەبێت خۆیشی بۆ هێرشی لەم چەشنە ئامادە بكات.
وەكو دەزانن توركیا رووبەرووی گۆڕانكاری سەرەكی ناوخۆیی و هەروەها رووبەرووی ئاڵۆزی زۆر گرنگی دەرەكی بووەتەوە. بەهاری عەرەبی، قۆناغی گۆڕانكاری سیستەمی سیاسی توركیا و چارەسەر كردنی پرسی كورد و كێشە ئاڵۆزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەر هەموویان پێكەوە روویان لە توركیا كردووە و ئەمەیش ئاماژەیە بە قۆناغ و سەردەمێكی نوێ و ئەم سەردەمەیش كێشەی تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە دەبێت لە بەرامبەر هێرشەكەی رەیحانلی زۆر هۆشیار و وریا بین. چوونكە ئەم هێرشە سەرەتای رەنگدانەوەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە نێو سنوورەكانی توركیادایە و رژیمی ئەسەدیش بە ئەنقەست پارێزگای حەتای و شاری رەیحانلی هەڵبژاردووە.
دوای ئەم هێرشە لەگەڵ پەرلەمانتاری شاری رەیحانلی وەزیری دادی توركیا سەعدوڵڵا ئەرگین وتووێژێكی كۆرتمان سەبارەت بەم مەسەلەیە كرد. سەعدوڵلا ئەرگین ئاماژەی بەوە كرد كە لە سەرەتای ساڵانی 1990دا نۆسەیرییەكانی ناوچەی حەتای لە نێو كۆڵانەكانی شارەكەدا سلوغانیان لە دژی سوپای توركیا دەنووساند و سوپای توركیایان بە سوپایەكی داگیركەر لە قەڵەم دەدا و داوایان لێدە كرد كە لە شارەكە دەربكەوێت. ئەوانە كە ئەم سلوغانانەیان دەنووساند پەیوەندی زۆرباشیان لەگەڵ حافێز ئەسەددا هەبوو. ئەم نۆسەیرییانە ئەمرۆ بۆ پشتگیری كردن لە رژیمەكەی ئەسەد بە سەرۆكایەتی نۆسەیرییەكانی چیای سامان رێكخراوی عەجەلەجییەكان قۆڵی هەڵماڵیوە و ئەم هێرشەی پێكهێناوە. ئارمانج لەم هێرشە لاواز كردنی توركیا لەم ناوچە سنووریانەیە، چوونكە نۆسەیرییەكان پێیان وایە كە پارێزگای حەتای خاكی سووریایە بەڵام لە لایەن توركیاوە داگیر كراوە.
ئارمانجێكی دیكەی ئەم هێرشە نانەوەی ئاژاوە لە نێو پەنابەرانی سووریا لە پارێزگای حەتای و دانیشتوانی ئەو پارێزگایەیە و بەمجۆرە رژیمی ئەسەد و لایەنگرانی ئەو رژیمە دەیانەوێ بارودۆخی توركیایش ئاڵۆز بكەن.
سەرچاوە: یەنی شەفەقە




