٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

داستانی هەندرێن… سەپاندنی گرتنەبەری ڕێگای ئاشتی و زمانی گفتوگۆ بەسەر بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

لە1966/5/12 دا لە داستانێكی كەم وێنەدا بە دروشمی كوردستان یان نەمان هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە بە داستانی هەندرێن بەناوبانگە گورزێكی ئەوتۆیان لە سوپای ئەوكاتەی ڕژێمی بەغدا وەشاند، نەك هەر ئاستێكی بۆ غروری عەسكەر دانا، بەڵكو حكوومەتیشی ناچاركرد بۆ دەربازبوون لەو زۆنگاوەی تێیكەوتبوو بیر لە ڕێگەچارەی دیكە بكاتەوە، ئەوەبوو لە ئاكامدا گفتوگۆ لە نێوان حكوومەت و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێكردو بە بەیانی29ی حوزەیران كۆتایی هات، بە ئاڕاستەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخ و دوورخستنەوەی تارمایی شەڕ لە كوردستاندا.ئەوەی ئەو داستانە كەم وێنەیەی دروست كرد، كە تا كورد مابێت، هەر دەشمێنێ لەبیرناچێتەوەو هەقە وەك بابەتێك لە ئەكادیمیای سەربازی بخوێندرێ و ئەوانەشی لەو بوارە بڕوانامەی باڵا وەردەگرن بیكەنە تێزی نامەكانیان.ئەوەی ئەو داستانەی تۆماركرد پێشمەرگەكانی كوردستان بوو بە هاوكاری ئەو هێزانەی ئەوكات لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول بوون.بۆیە هەقی خۆیەتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان هەمیشە خۆی بەپێشمەرگە بزانێ و هەمیشە داكۆكی لە مانەوەی پێشمەرگە دەكات و بە سمبوڵی بەرخودانیان دادەنێ، چونكە پێشمەرگە ئەو هێزە ڕزگاریخوازە نیشتمانپەروەریە كە لە پێناوی ئازادیدا هەمیشە لە بەرخۆدان و ڕووبەڕوو بوونەوە دابووە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە سەرۆك بارزانی هەمیشە دەڵێ:پێشمەرگە سمبوڵی بەرخودانە و پێشمەرگە بە بڕیاری هیچ دەوڵەت و حزب و كەسێك هەڵناوەشێتەوە، بەڵكو دووپات لەوە دەكاتەوە، ئەگەر پێشتر ئەركی پێشمەرگە بەرگریكردن لە خاك و وڵات و بەدیهێنانی ئازادی بووە، ئەمڕۆ ئەركی پێشمەرگە گۆڕاوە، واتە ئەمڕۆ پێشمەرگە بەرگری لەو دەسكەوتانە دەكات كە بە خوێنی شەهیدان و خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە هاتوونەتەدی.

 

 

نەخشەی خەونێك بۆ داگیركردنی

بارەگای سەركردایەتی شۆڕش

غروری ڕژێمی بەغدا بەوە گەیشت نەخشەیەكی بەربڵاو بۆ داگیركردنی كوردستان دابنێن، ئیدی ڕژێم لە ژێرناوی(توكلت علی اللە) ئامادەكارییان بۆ جێبەجێكردنی ئەو نەخشەیە داڕشت.وەزیری نوێی بەرگری لیوا ڕوكن عەبدولعەزیز عوقەیلی ئەم نەخشەیەی دانا.ئەم كابرایە پڕی دەروونی كینەبوو بەرامبەر بەگەلی كورد.بڕیار وابوو لە15ی نیسانی1966دا دەست بدرێتە جێبەجێكردنی ئەم نەخشەیە، بەڵام بەهۆی بەربوونەوەی هەلیكۆپتەرێكەوە كە عەبدولسەلام عارفی سەرۆك كۆماری ئێراقی تێدابوو و مرد، ئەو وادەیە دواخرا بۆ2ی ئایاری 1966. عەبدولسەلام عارف بە باڵەفڕ كەوتبووە ڕێ بۆ باشووری ئێراق، بەڵام باڵەفڕەكەی لە13ی نیساندا كەوتەخوار، ئەویش و ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسان لەو ڕووداوەدا سووتان.

سووربوونی سوپا لەسەر جێبەجێكردنی نەخشەكە

مەرگی عەبدولسەلام بووە هۆی دەست لەكاركێشانەوەی وەزارەتی تاهیر یەحیاو هاتنەسەركاری وەزارەتێكی دیكە بەسەرۆكایەتی عەبدولڕەحمان بەزاز.ناكۆكی كەوتە نێوان وەزیرو بەرپرسەكان.لەسەرپلەی سەرۆك كۆمار بوو بە ناكۆكی لە نێوان بەزازو عەبدولعەزیز عوقەیلیدا.عەسكەرییەكان لە سەركردە فیرقەكان و ئەفسەرە گەورەكانی ئەنجوومەنی بەرگری دەیانویست عوقەیلی ببێ بە سەرۆك كۆمار، لە كاتێكدا مەدەنییەكان دەیانویست بەزاز بێت بەسەرۆك كۆمار.پاش ئەوەی عەبدولڕەحمان عارفی برای عەبدولسەلام بووە سەرۆك كۆمار، عوقەیلی دەست كێشانەوەی خۆی پێشكەش كردو لە وەزارەت دەرچوو.سەرلەنوێ داوا لە بەزاز كرایەوە كە وەزارەت پێكەوە بنێ و ئەویش لیوا ڕوكن شاكر مەحموود شوكری بۆ وەزارەتی بەرگری لەجیاتی عوقەیلی هەڵبژارد.سەرۆك كۆماری نوێ دەیویست خۆی لە بەرەوڕوو بوونەوە بەشەڕ دووربگرێ، پیاوێكی بێ دەسەڵات بوو، ڕایەكی جێگرتووی نەبوو و خاوەنی بڕیاری یەكجاری نەبوو.لە18ی نیسانی1966دا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی بەست و داوای لە كورد كرد كە یەكێتی وڵات بپارێزن، ڕۆژی28ی نیسان سەرۆك كۆمار بەڕێز زەید ئەحمەد عوسمانی ناردە لای بارزانیی نەمر بۆ گەڵاڵەو داوایلێكرد لەگەڵیدا بكەوێتە گفتوگۆ، بارزانیی نەمریش خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو داوایە دەردەبڕی، بەڵام ئەفسەرە گەورەكانی سوپا ناڕەزاییان لەم دەست پێشخەرییەی سەرۆك كۆمار دەربڕی و گوشاریان خستەسەری و داوای جێبەجێكردنی نەخشەی (توكلت علی اللە) یان لێكرد كە كاتی خۆی پاشیان خستبوو.

 

ئامادەكاری دوژمن بۆ داگیركردنی بارەگاكانی سەركردایەتی شۆڕش لە ناوچەی باڵەك

 

نەخشەی دوژمن لە چەندین كردەوەی سەربازیی بەربڵاو و پڕ مەترسی گەورە بۆ سەر پاشەڕۆژی پێكهاتبوو ئامانجی ئەم نەخشەیە داگیركردنی بارەگاكانی سەركردایەتی شۆڕش بوو لە ناوچەی سەختی باڵەك و پاشان كەرتكردنی كوردستانی ئازادكراو بۆ دووكەرت و بڕینی پەیوەندی هەردوو كەرتەكە بەیەكەوە، لەبەرئەوەی كە هەردوو چیای هەندرێن و زۆزك بەسەر دەروازەی ڕێگەی هاملتۆندا دەڕوانن كە ناوچەی باڵەك دەبڕێ، هێزەكانی حكوومەتی بەغدا قورسایی هێرشەكانی خۆیانیان خستەسەر ئەم دووچیایە.

 

ئەو هێزو توانایەی دوژمن بۆ پەلاماردان تەرخانی كردبوو

 

1- لیوای1 و لیوای2و3و4و5و14و15 كە نزیكەی15 هەزار چڵكاوخۆری خێڵەكیش یارمەتیان بدەن.

 -2هەردوو بنكەی ئاسمانیی كەركووك و مووسڵ كە خاوەنی دوو پۆل باڵەفڕی مێك و دوو پۆل باڵەفڕی هۆكەر هەنتەر و هەشت بۆمبا هاوێژی ئیلیووشن و شەش بۆمبا هاوێژی باجەرتۆپۆلیف16 بوون.

3 - پێنج كەتیبەی تۆپخانە:كەتیبەیەكی تۆپخانەی ئەندازە122 ملمی كەوان و، كەتیبەیەكی تۆپخانەی مەیدانی120 ملم و كەتیبەیەكی تۆپخانەی چیایی ئەندازە25 رەتڵ، كەتیبەیەكی تۆپخانەی ئەندازە75 ملم و كەتیبەیەكی تۆپخانەی4،20 ملم و، شەش تۆپی ئەندازە پێنج پێنج گرێ.

سەركردایەتی شۆڕش زانیاریی وردی لاهەبوو كەوا حكوومەتی بەغدا نیازی وایە لە یەككاتدا هێرش بكاتە سەر هەردوو ناوچەی بارزان و باڵەك، لەگەڵ ئەمەشدا گومان وابوو بەهۆی مردنی عەبدولسەلام عارف و نیازی گفتوگۆ كردنەوە وازی لە جێبەجێ كردنی نەخشەكە هێناوە.

 

دەستپێكردنی هێرشی دوژمن

 

شەوی2 لەسەر3ی ئایاری1966 هێرش بەم جۆرەی خوارەوە دەستیپێكرد:

1-لیوای4 پێشكەوت بۆ دەست گرتن بەسەر چیای هەندرێن و لیوای1 بەكشان بۆ سەر بنە كاول و دۆڵی ئاكۆیان یارمەتیی دەدا.

2-لیوای3 بە یارمەتی لیوای14 بەرەو زۆزك پێشكەوت.

3-بەشی زۆری جاش لە هێرش بۆ سەر زۆزك بەشدار بوون.

لیواكانی دیكەش دانرابوون بۆ تەنگانە، چونكە وا چاوەڕوان دەكرا شەڕ بەردەوام دەبێ و گەرمیش دەبێ.تۆپخانەو باڵەفڕ كوورەی ئاگریان بەسەر پێشمەرگە دادەڕشت لەبەرەی دۆڵی ئاكۆیان و زۆزكدا شوێنی خۆیان بۆ داكۆكی و بەرگری گرتبوو، هێرشی دوژمن شكستێكی پیسی تووش هات.بەڵام لە چیای هەندرێن دوژمن هیچ بەرگرییەكی ئەوتۆی لە كاتی بەسەركەوتنیدا لە رێی خۆیدا نەدی و چەند شوێنێكی گرنگی لە نزیكی لووتكەی چیاكەوە داگیر كرد.ورەی بەوە گڕی گرت و گۆڕانێكی گەورە بە سوودی حكوومەت بەسەر بارودۆخەكەدا هات كە توانیویانە نیوەی نەخشەكەیان جێبەجێ بكەن كە یەكەم هەنگاویان بریتی بوو لە دەستگرتن بەسەر هەردوو چیای هەندرێن و زۆزكدا تا داگیركردنی دەرگەڵەو بەر سیرینیشی بەناچاری لە دوادا بێت، لە هەنگاوی دووەمیشدا گەڵاڵە دەگیرێت و لە سێیەمیشدا هێزەكان هەموو بەجارێ بەرەو حاجی ئۆمەران دەكشێن بەنیازی داگیركردنی.سەعید حەمۆ فەرماندەی لیوای5 كە هەوای سەركەوتن لە كەللەی دابوو، بە پەراوێزی ئەم بەرەو پێشچوونەی هێزەكانییەوە گوتی: ریشم بەردەدەمەوە و نایتاشم تا دەگەمە گەڵاڵە، فەرماندەكانی حكوومەت بەو شێوەیە دڵنیابوون لەوەی كە سەردەكەون.

 

برووسكەیەك لە هێزی باڵەكەوە

رۆژی2ی ئایار برووسكەیەك لە هێزی باڵەكەوە بۆ بارزانیی نەمر هات، وای دەگەیاند كەوا پێشكەوتنە بەربڵاوە گەورەكەی دوژمن لە بەرەی شەڕدا دەستیپێكردووە و سوپا چیای هەندرێنی گرتووە.بارزانی هەر كە لەم بروسكەیە ئاگادار بوو فەرمانی بۆ ئیدریس بارزانی دەركرد بە پەلە بەرەو بەرەی شەڕ بكەوێتە ڕێ و دۆخەكە بەسەر بكاتەوەو پاشان لە دۆخەكە ئاگاداری بكاتەوە، فەرمانێكی تەواویشی بۆ سەركردەكانی بەرەی شەڕ دایێ، كە دەبێ بەهەر نرخێ بێ نەهێڵن دوژمن هیچ پێششكەوتنێكی دیكە بەدەست بهێنێ.

 

ئیدریس بارزانی لە بەرەی شەڕدا..پەیمان درا دوژمن ببەزێنن

بە گەیشتنی ئیدریس بارزانی بۆ بەرەی شەڕ، كۆبوونەوەیەك بۆ هەموو سەركردەكان سازكراو بڕیارێك درا كە هەر چەندی قوربانیدانی بوێ دەبێ پێشكەوتنی دوژمن راوەستێنرێ.ئەوانەی لەو كۆبوونەوەیەدا بوون برووسكەیەكیان بۆ بارزانی لێدا پەیمانیان دایێ كە خۆیان رادەگرن و سوورن دوژمن ببەزێنن لە برووسكەكەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوە بە بارزانیان راگەیاندبوو: ئێمە ئەركی ئەوەت نادەینەبەر بۆ خۆت تەشریف بهێنی و بۆخۆمان كارەكە رادەپەڕێنین.ئەركی گەورە لە داكۆكیردن لە هەندرێن لە ئەستۆی هێزی حزبی شیوعیدا بوو.

 

79 هێرشی ئاسمانی لە ڕۆژێك دا..

شەڕی گەورە لە زۆزك و گەرووی عومەر ئاغا

لە بەردەوامی ئەو قارەمانیەتیەی پێشمەرگەدا، شەڕی گەورە لە سبەینێی رۆژی3ی ئایاردا لە زۆزك و گەرووی عومەر ئاغادا روویدا، لەو رۆژەدا ژمارەی هێرش و هەڵفڕینی ئاسمانی بەسەر بەرەی شەڕدا گەیشتە79 جار هێرشی ئاسمانی، بەپێی نەخشەی دوژمن دەبوو ئەم دوو شوێنە داگیر بكرێن بۆ ئەوەی هەنگاوی یەكەمی نەخشەكە جێبەجێ بكرێ.رۆژی شەشەم شەڕێكی گەورە بەنیازی داگیركردنی زۆزك گەرووی عومەر ئاغا روویدا.دوو لیوا بە پشتیوانی بۆمباران و تۆپباران پێشڕەیان كرد.لەم شەڕەدا ژمارەیەك سەركردەی قارەمان شەهیدبوون كە بریتیبوون لە یونس بیرێژی و ناجی بیرۆخی و ئەحمەد حاجی محەمەد و میخائیل، ئیدریس بارزانی برووسكەیەكی بۆ بارزانی ناردو لە بارودۆخی بەرەی شەڕ ئاگاداری كردەوە، بارزانی بۆخۆی بە پەلە بەرەو بەرەی شەڕ چوو.

 

بارزانیی نەمر رۆژێك پێش تۆماركردنی داستانی هەندرێن لەگەڵ سەركردەكان كۆبووەوە

رۆژی11ی ئایار بارزانی لەگەڵ سەركردەكانی بەرەدا كۆبووەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخەكەدا.هەموو دڵنیابوون لە سەركەوتن سەعات چواری پاش نیوەڕۆی رۆژی پاشتر سەعاتی سفر بوو.بە گوللە تۆپی هاوەنی81 ملم و120 ملم و تۆپی چیایی25 رەتڵ، رێگە بۆ هێرشەكە خۆشكرا، پاشان هەڵمەتێكی بەربڵاویان بردە سەر دوژمن، لە نیو سەعاتی یەكەمدا سەركەوتنی پێشمەرگە ئاشكرا بوو.دوای سەعاتێك بارەگای دوو فەوجی لیوای4 و بارەگای پێشینی گیرا و دوژمن هەڵات و2 باتریی تۆپخانەی ئەندازە75 ملم و4،20 ملمی لە دوای خۆیەوە بەجێ هێشت و كەوتنە دەستی پێشمەرگە، سەربازەكان بە تەواوی ورەیان رووخا.

 

          داستانێكی مێژوویی

رۆژی12ی ئایار پێشمەرگە داستانێكیان لە گرنگترین داستانەكانی گەلی كورد لە مێژوودا تۆماركرد، كە داستانێكی كەم و وێنەی هاوكاریی تەواوی نێوان هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی ئێراق بوو، داستانی هەندرێن بارودۆخی سیاسی و سوپای سەروبن كردەوە، ئیدی دوای ئەم سەركەوتنە مەزنەی پێشمەرگە، دوژمن هیچ هۆیەكی دیكەی بەدەستەوە نەما جگە لە بۆردومانی ئاسمانی بۆ گوندەكان، بەڵام زیانەكان كەمبوون، لەبەرئەوەی خەڵك ڕاهاتبوون بەیانیان گوندەكانیان بەجێبهێڵن و لە دۆڵ و چیاكاندا بڵاوەبكەن و ئێوارە بگەڕێنەوە.هەر ئەو ماوەیە توانرا بۆمبهاوێژێكی جۆری ئەبیوشن28 بخرێتە خوارەوە كە لە نزیك گوندی دەربەند نێوان گەڵاڵەو حاجی ئۆمەرانی كەوتەوەو كەس لە تاخمەكەی دەرنەچوو

 

           ئاواتی(سەعید حەمۆ)

          بۆ داگیركردنی گەڵاڵە نەهاتەدی

دیارە لە نەخشەی دوژمن داگیركردنی ناوچەی باڵەكایەتی بوو، سەعید حەمۆی فەرماندەی لیوای5 كە بڕیاریدابوو تا گەڵاڵە نەگرێ ڕیشی نەتاشێ، ئەمە غرووری عەسكەربوو، ئەنجامیش بەهۆی خۆڕاگری قارەمانانەی پێشمەرگە، دوژمن خەونی نەهاتەدی و تێگەیشت كە گرتنی گەڵاڵە هێندە ئاسان نییە، بەمەش جۆرە نائومێدییەك باڵی بەسەر دوژمندا كێشا وای لێهات بەوەندە بوەستێ، چونكە دەترسان هێرشی پێشمەرگە بەردەوام بێ، ئەم داستانە هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ ئەوەی بەغدا داوای گفتوگۆ لە سەركردایەتی شۆڕش بكات، ئیدی بارزانیی نەمریش هەموو كاتێ پێی باشبوو تا بە ئاشتی و بەبێ خوێن ئامانج بەدی بێ باشترە، بۆیە هەمیشە لە شۆڕشی ئەیلوولدا گفتوگۆ حسابی بۆ كراوە، ئەمە ڕێگەی بۆ ڕێككەوتنی29ی حوزەیران خۆشكرد.

 

              دوێنێ بۆ ئەمڕۆ

داستانی هەندرێن نموونەیەكی هەموو ئەو بەرگری و بەرخۆدانەی دوێنێی پێشمەرگەیە لە خاكی كوردستان، خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، لاپەڕەیەكی دوێنێی مقاوەمەتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، داستانی هەندرێن و تەواوی شەڕە خوێناویەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی، ئەمڕۆیان بەرهەم هێنا، هەقە بەغدای عێراقی نوێش ئەو داستانە وەك پەندێك وەربگرێ، كە پەنابردن بۆ چەك و هەڵبژاردنی ڕێگەی عەسكەری هیچ چارەیەكی نییە، ئەو ڕێگەیە هەمیشە عێراقی خستۆتە نێو گێژاوی گەورە.

 

تێبینی: بۆ ئامادەكردنی ئەم بابەتە سوود لە كتێبی(مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد( بەرگی سێیەم، بەشی یەكەم شۆڕشی ئەیلوول1961ــ1975، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر،2004وەرگیراوە.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار