ئەردۆغان داوای پشتگیری لە وڵاتانی دراوسێ و دۆست بۆ چارەسەری پرسی كورد دەكات

ئەستەنبۆڵ-KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان رۆژی هەینی بەشداری لە كۆبوونەوەی ئابووری گەردوونی لە ئەستەنبۆڵ كرد و لەو كۆبوونەوەیەدا باسی قۆناغی چارەسەر كردنی پرسی كوردی كرد و داوای هاوكاری و پشتگیری لە وڵاتانی دەراوسێ و دوست بۆ سەر خستنی ئەم قۆناغە كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی خەبەری توركی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆك وەزیری توركیا لە وتەیەكی خۆی كە لە كۆبوونەوەی ئابووری گەردوونیدا پێشكەشی كردووە رایگەیاندووە كە یەكێك لە پرسە هەرە سەرەكییەكانی توركیا كە كاریگەریشی لە سەر پەیوەندییەكانی توركیا و وڵاتانی دەراوسێ توركیا كردووە پرسی كوردە و حكوومەتی توركیایش سوورە لە سەر چارەسەر كردنی ئەم پرسە.
ئەردۆغان جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە چە لە نێو توركیا و چە لە نێو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا چەند كەس و لایەنێك هەن كە نایانەوێ توركیا پرسی كورد چارەسەر بكات و هەوڵ بۆ پەرتەواز كردنی قۆناغی چارەسەری دەدەن.
سەرۆك وەزیری توركیا لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا داوای لە وڵاتانی دەراوسێ توركیا كردووە كە لە دژی ئەو هەوڵدانانە كە دەیانەوێ قۆناغی چارەسەری بەرەو ئاراستەیەكی دیكەدا ببن بوەستنەوە و پشتگیری لە هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بكەن.




