سەرەتاکانی خولیای دەستەڵات و پاوانخوازیی سەرۆکوەزیرانی بەغدا

کاروان ئاکرەیی
بەشی سێیەم و کۆتایی
ئەو تەوژەمە كۆمەڵایەتییە سیاسییە توندڕۆیە، چ بە ئاڕاستەی عەرەبخوازی یا ئیسلامی توندڕۆ لە خەونی ئەوەدان جارێكی دیكە دەستەڵات بگرنەوە دەست و نەهێڵن ئەو دەستوورەی كە دەنگی بۆ دراوە، جێبەجێ ببێت. ئەم حاڵەتە هێشتا بەردەوامە، لێرە بەدواوە ئەو یەكگرتووییەی شیعە نامێنێ، کە تەحەكوم لە هەموو شتێك بكات، بەڵکوو ڕیزەکانی لە یەک ترازاون و پەرت بوون.
ئەنجوومەنی ئیتیحادی و دادگەی فیدڕاڵی
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە؛ لەبەر ئەوەی بەغدا خۆی خاوەنی دامەزراوەی فیدڕاڵی نییە، واتا خاوەنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی نییە، ئێستا بۆ مەجلیسی نوێنەران لە بەغدا هەیە، بەڵام ئەنجوومەنێکی ئیتیحادی نییە، بۆ نموونە ئەنجوومەنی هەرێمەکان. بە شێوەیەك كە پێكهاتەكان لەوێ نوێنەرایەتیی خۆیان هەبێت بێجگە لە ئەنجوومەنی نوێنەران .
لە هەمان كاتدا ئەگەر سەیری دامەزراوەكانی دیكەی فیدڕاڵی بكەین، كە لە وڵاتانی فیدڕاڵی باون، لە عێراقدا نین. هەتا ئێستا دادگەی فیدڕاڵی بە جۆرێك رێك نەخراوە تاوەکوو ئەو كێشە و گرفتانەی لە نێوان بەغدای ئیتیحادی و هەرێمەكاندا دێنە ئاراوە، بچن لە ڕێگەی مەحكەمەی فیدڕاڵییەوە یەکلا بكرێنەوە.
هێشتا بەغدا هەر سەروسیمایەكی تاكلایەنی، بەغدایەكی سادە، بەغدایەك کە پێكهاتەكانی دیکەی لە خۆ نەگرتبێ، دێتە بەرچاو.
کوردستان. هەرێمێکی تەنیا
بەشێكی ئەو هەڕەشەیەی كە دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستانی عێراق، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تەنیا هەرێمێكن لەم دەوڵەتەدا كە هێشتا فەرهەنگی مەركەزییەت و دەوڵەتی سادە بەسەر مێشكی سیاسەتمەداراندا زاڵە.
ئێمە تاكە هەرێمێكین ڕووبەڕووی ئەو كولتوورە لە مێژینە بووینەتەوە، بۆیە دەبێ کار بکرێ بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەو کولتوورە نەمێنێ و عێراق لەسەر بنەمای سیستەمێکی نامەركەزی سەرلەنوێ بینا بكرێتەوە. بارە قورسەكە كەوتووەتە سەر شانی ئێمەی خەڵكی كوردستان، چونکە ئێمەین رووبەڕووی ئەو كولتوور و تەوژمە مەركەزییەتە بووینەتەوە کە ڕەگوڕیشەكەی لە كولتوورە لەمێژینەكەی پێكهێنانی دەوڵەتی عێراقە.
ئەگەر هەرێمێكی دیكە بۆ نموونە؛ هەرێمی بەسڕە دروست بێت، لەو بڕوایەدام ئەو كات خەڵكەكە حەقیقەتی مەسەلەكە چاک تێدەگەن. نەك وەكوو ئێستا كە خەریكە مۆركێكی نەتەوەیی دەدرێتە ئەو ململانێیە. ئەوان عەرەبن و ئێمە كوردین، یانی زیاتر توانیویانە ڕای خەڵكی سادەی عەرەبیش بۆ لای خۆیان رابكێشن بە ناوی ئەوەی كە ئەوانە، كوردن و دەیانەوێ دەوڵەتەكە لەت بکەن .
شێواندنی ململانێی دەستەڵاتی بەغدا و هەرێم
ئەگەر هەرێمیكی دیكەی عەرەبی هەبووایە، نەیاندەتوانی ئاوا هەستی خەڵكی سادەی عەرەب بۆ ئەو ململانێیە بە جۆرێك بشێوێنن كە نەزانن راستییەكان لە كوێن!
كاتێك هەرێمێكی دیكەی عەرەبی لە باشوور یان ناوەند دێتە ئاراوە، ئەوكاتە ڕووخساری ململانێیەكە زۆر بە ڕۆشنی لە بەینی مەركەزییەت و دیكتاتۆرییەت، لە لایەک و نێوان فیدڕاڵییەت و دیموكراسییەت لە لایەکی دیکەوە.
لە ڕاستیدا ئێستا بەس ئێمەی کورد بەوە ناسراوین كە دیفاع لە دەستوور و دیموكراسییەت دەكەین، پێمان وایە دەبێ دەسەڵاتەكان دابەش بكرێن، خۆ ئەگەر ئەو كاتە هەرێمێک دروست بێت، ناچار دەبێت تەنسیقی لەگەڵ ئێمەدا وەكوو هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو داواكاریانە تەنیا لەسەر ناوی كورد نەخرێنە ڕوو، بەڵكوو لەسەر ناوی هەرێمەكان بەرز دەبێت، بەرانبەر بەغدای ئیتیحادی. ئەو كاتە هەوڵەكان زیاتر چڕ دەكرێنەوە بۆ ئەوەی لە بەغدایش دامەزراوەی ئیتیحادی دروست ببێ. نەك ئێمە بچین لەگەڵ سەرۆكوەزیران یان وەزیرێك لە بەغدا دانوستان بە خەیاڵی جاران بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی کردنەوەی جادەیەک بۆ دوورترین گوندی سەر سنوور، بكەین.
کێشەی بێبڕوابوون بە دەستوور
دوای پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی، هەرێمی کوردستان زۆر بە ڕاشکاوی پشتگیری لە دەستوورەکەی کرد و لە هەموو هەنگاو و هەوڵەکانیدا پشتگەرمیشی بووە. بە پێچەوانەی پێکهاتەکانی دیکە کە ڕاڕایی و دوودڵییان پێوە دیار بوو، تەنانەت بۆ دەستوور و دواتر پابەندبوون بە بنەماکانی لە چۆنیەتیی ڕێکخستنی بنەماکانی سیستەمی حوکمڕانیدا. دوایی بێگومان سوننەكان دژ بە چەسپاندن و پیادەكردنی دەستور بوون، شیعەكانیش تێیاندایە، خولیای پاوانحوازی و دەستەڵات لە کەللەی داون، بە تایبەتی مالیكی و پێش ئەویش جەعفەری بە هەمان شێوە. ئەوانیش هەماهەنگییەكیان لەگەڵ سوننەكاندا کرد، كە گوایە ئەم دەستوورە سەروەریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
مالیکی و گەڕانەوە بۆ بەغدایەکی بەهێز
مالیكی بە جۆرێک دەڵێ؛ ئەو شێوە تەوافوق و دەستەڵاتەی بە هەرێمەكان دراوە، لەسەر حیسابی هەیبەتی دەوڵەتی عێراقە . لە ڕاستیدا ئەم وشەیە لە قاموسی سەرۆكوەزیرانێكدا بێت كە بیەوێت عێراقی فیدڕاڵ بەڕێوە ببات، نابێ ڕێگەی پێ بدرێ و نایشبێ ئەو بیرۆكەیە هەبێ، وا بیر دەكاتەوە كە ئەگەر بێت و هێزی دەوڵەتی عێراق لەوەدا ببینێتەوە كە دەبێت ناوەند بەهێز بێت، ئەمە دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ زەمانی بەغدای بەهێز، زەمانی بەغدای بەهێزیش دیكتاتۆرییە.
ئەگەر خۆی حەزی لێ نەبێ، ئاگای لێ نەبێ، كەیفی خۆیەتی، بەڵام ئەو وشانە هەمووی ئەوە دەگەیەنن كە خولیای پاوانكردن و دەستەڵات زاڵە بەسەر مێشكی ئەم بەڕێزەدا كە ئەمڕۆكە سەرۆكوەزیرانی عێراقە. ئەمڕۆ پڕۆسەكە خەریكە دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە بە تایبەتی دوای ئیمزاكردنی ئەوەی كە پێی دەگوترێ چوارچێوەی ستراتیژی بۆ ڕێككەوتنێكی دۆستایەتیی نێوان عێراق و ئەمەریكا.
ئەمەیان لە ڕاستیدا لەوانەیە زۆر لەو پرسیارانە، زۆر لەو كێشە و گرفتانەی لە ماوەیەی یەك دوو ساڵدا هاتوونەتە پێش، كە ئێمە وەكوو خەڵكی كوردستان، بزووتنەوەی سیاسی، فڕاكسیۆنی كوردستان بە تەنیا شانمان داوەتە بەر ئەو كێشە و گرفتانە، بارگرانەییەكەی هەمووی بۆ ئێمە بووە، لەمەودوا بە تایبەت دوو سێ خاڵێك لەو ڕێككەوتنەدا هەن. رەنگە پرسیارەكە ئەوە بووبێ لەم سەروبەندی ئێستای ئەم عێراقە ئەم هەڕەشەی مالیكی لێرە و لەوێ دەیكا، هاوكێشەكان دەگۆڕێن و حزبە سیاسییەكان شوێن و پێیان دەگۆڕێن.
کورد لە نێوان بەهێزبوونی مالیکی و دامەزراوەی فیدڕاڵیدا
خەڵك هەبوو دەیگوت: “باشە ئەو ڕێکكەوتنەی ئەمەریکا – عێراق بۆچی باشە، بۆ كورد چی تێدایە؟ سەركردایەتیی سیاسی بۆ ئەوەندە پەرۆشی ئەو ڕێككەوتنەیە؟ خۆ ئەگەر ڕێكەوتنەكە ببێ دەوڵەتی عێراق بەهێز دەبێ و ئەمەیش لەسەر حیسابی ئێمەی کورد دەبێت “.
ئەگەر لەو هاوکێشەیە ورد بینەوە، دەبینین كە بەهێزبوونی دەوڵەتی عێراق، دوو جۆر بەهێزبوونە، ئەگەر بەهێزبوونی مالیكیـیە، بە ڕای من هیچ ئاسۆیەكی باشی لە بەردەمدا نییە، بەڵکوو ئەوكات بۆ ئێمە پڕزیان و جێی مەترسییشە. ئەگەر بەهێزبوونی موئەسەسات و دامودەستگەی فیدڕاڵییە لە عێراق، بۆ ئێمە قازانجە. ئێمە لە عێراقی فیدڕاڵدا نەشونەما دەکەین و پێش دەكەوین، مافەكانمان پتر دەچەسپێنین.
بەڵام عێراقێك دیموكراسی نەبێ، پشت نەبەستێ بە دەستوور، ئەم دەستوورەی كە ئێستا هەیە لێی پاشگەز ببنەوە و تەعدیلاتێكی وا لە دەستووردا بكرێ، كە رووخسار و ناسنامەی دەوڵەتی عێراق بگۆڕدرێ، ئەگەر ئەم دەوڵەتە بەهێزیش بێ، ئەوە لەسەر حیسابی ئێمە دەبێ، بەڵام لە ڕێككەوتنەكەی ئەمەریکا - عێراقدا چەند خاڵێکی تێدایە زۆر گرنگە.
ئەو دەوڵەتەی مالیکی خەونی پێوە دەبینێ !
لە پێشەكیی ئەو ڕێككەوتنەدا؛ باس لە ناسنامەی دەوڵەتی عێراق دەكا. یانی لە دەستووری عێراقدا چۆن هاتووە، لەو ڕێككەوتنەی نێوان عێراق و ئەمەریكادا ڕێك پێ لەسەر هەمان ئەو ناسنامەیە دادەگرێ كە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەڵێ:
“ئەمە وەسیقەیەكی نێودەوڵەتییە و لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا پەسەند دەكرێت.” ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە كە ئێمە پشتی پێ دەبەستین و یەكێك لە هۆكارەكانی پێداگریی سەركردایەتیی سیاسی لە ئیمزاكردنی ڕێككەوتنامەكە، تەئكیدكردنە لەسەر ناسنامەی فیدڕاڵیی دەوڵەتی عێراق.
ئەمەریكایش پشتگیری لەو عێراقە دەكات. جا پشتگیرییەكە دوور و درێژە لە هەموو ڕوویەكەوە، بەڵام پشتگیرییەكە لەو دەوڵەتەیە كە فیدڕاڵییە
لە ڕووی ئابووری، فەرهەنگی، بازرگانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، لە بواری سەربازی و ستراتیژییەوە.
لە هەموو ئەوانەدا، پشتگیریی دەوڵەتی عێراقە، بەڵام كامە دەوڵەت؟ نەك ئەو دەوڵەتەی مالیكی خەونی پێوە ببینێت؟ ئەو دەوڵەتە نییە، بەڵکوو دەوڵەتی فیدڕاڵە .
کۆڕێکی سیاسیی نووسەر لە شەقڵاوە 20/11/2008




