گویل پەنجەی بە زەنگە مەترسیدارەكەوە نا
خالید قەشتینی
و: شوكر سلێمان
عەبدولا گویلی سەرۆكی توركیا لە بواری رامیارییەوە خاوەن كەسایەتییەكی قوولە، هەمیشە خاوەن تێبینی و تێڕوانینی وردو تایبەت بە خۆیەتی كە پێویست دەكات بە قوولییەوە سەرنجی لێ بدرێت. لە چاوپێكەوتنێكی گرنگدا لەگەڵ دكتۆر عادل تەریفی لە ئەنقرە كە لە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بڵاوكرایەوە بە درێژی هەڵوەستەی لەسەر دوو شت كرد:
پرسی یەكەم: باسەكەی لەبارەی سیاسەتی ئێستای سەرۆكی سووریا و دەست بەرنەدانی لە نەهجی ئێستای كە (كاولكردنی سووریایە) كە گویل داوای لە سەرۆكی سووریا كرد بە شێوەیەكی واقیعیانە هەڵسوكەوت بكات و واز لە خەیاڵ پڵاوی بهێنێت.
چونكە لە روانگەی سەرۆكی سووریاوە ئەوەی وڵاتەكەی تێیدا دەژێت قەیران نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە دەتوانێ زاڵ بێت بەسەریداو، ئەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات پیلانی دوژمنانەو دەتوانێ بە هێزە سەربازییە چەپەلەكەیەوە بە بریارێكی سیاسی كۆتایی بە هەموو شتێك بهێنێت.
بەڵام پرسی دووەم: ئەوەی كە جێگەی سەرنجی سەرۆكی توركیایە كاتێ گوتی (قەیرانی سووریا مەترسی تەقینەوەی مەزهەبیەتی لێ دەكرێت.) بە دڵنیایەوە (ململانێی مەزهەبی هیچ پەیوەندییەكی بە ئایینەوە نییە، بەڵكو تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری سیاسی.) بۆیە گویل ئاگەداری كردینەوە كە پێویستە ناوچەكە نەكەوێتە نێو تەڵەی مەزهەبیتەوە.
بۆیە جارێكی دیكە سەرۆكی توركیا دەستی خستە سەر مەترسیەك كە خەریكە ناوچەكە دەگرێتەوە، ئەویش (تەڵەی مەزهەبیەتە.)
لە ناوچەكە بزووتنەوەی شیعی لە عیراق و بەحرەین و باشووری لوبنان و سووریا بە پاڵپشتی ئێران لە ئارادایە، هەروەها بزووتنەوەیەكی سونیش بە رابەرایەتی ئیخوانەكان لە میسرو تونس و لیبیاو فەلەستین و ئوردن و مەغریب و جەزائیر بوونی هەیە.
لەنێوان ئەو دوانەدا كوتلەی گەورە بوونی هەیە، ئەویش كوتلەی میانڕەوی و پێكەوەژیان و نێوەندگیرییە لەو هاووڵاتیانەی كە ئامادەنین ئایینەكەیان یان مەزهەبەكەیان ببەخشنە حزبێكی سیاسی، بەڵكو بەو شێوەیە لە ئایین تێدەگەن كە شێوازێك و سیستەمێكی ژیانە پێویست دەكات دروشم و مەبەستەكانی بۆ برینداركردن بەكار نەیەت، چونكە مەترسی تەقینەوەی هەر جۆرە شەڕێكی مەزهەبی دووبارە كردنەوەی ئازارەكانی ئەوروپای سەدەكانی ناوەڕاست دەبێت، كە زەمەنێك لەنێو شەڕو جەنگی ئایین و مەزهەبیەتدا ژیان و تەڕو وشكی پێكەوە هەللووشی و میللەتەكەی ویڕانەماڵ كرد.
دیارە سینارۆیی جەنگی مەزهەبیەت سیناریۆی كابووسێكی گەورەیە كە خودا بە قەدەرمان نەكات و میللەت و ناوچەكەكەمان بگرێتەوە، كە ئەمانە هەمووی دەكرێ ببێت و هیچ موستەحیلیش نییە، كە دەلێم موستەحیل بۆ ئەوەی لێ دووربكەوینەوەو نەكەوینە نێو تەڵەكەیەوە.
بۆ رۆژنامەی شەرق ئەلەئەوست نووسراوە.




