٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

خه‌مخۆره‌ كورده‌كانی كورسیه‌كه‌ی،مالیكیـیان باش

سەرچاوە: Hewler

د.ئاراس عه‌بدولكه‌ریم

ئەگەرچی سووکایەتیکردنێکی گەورەیە بە عێراق و سەرجەم پێکهاتەکانی، بەڵام هەمیشە چاوەڕێی ئەوە لە لایەنگر و هەوادارانی مالیکی دەکرا کە بڵێن تاکە ئەلتەرناتیڤی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەنیا خودی مالیکی خۆیەتی و کەسی دیكە نییە.

خۆ بەعسییەکانییش سەبارەت بە سەددام حوسێن هەر ئەوەندەیان دەگوت. بەڵام ئەوەی هەرگیز چاوەڕوانی لێ نەدەکرا، ئەوە بوو نەک هەر لە دەرەوەی بەشە مالیکیـیەکەی نێو ماڵی شیعە و بەشە شۆڤێنییەکەی نێو ماڵی سوننە؛ بەڵکوو لەنێو بەشە کوردستانییەکەی نێو ماڵی کوردیـیشدا هەمان بۆچوون بەڵام بە تۆنێکی تر و بە دەربڕینی جیاواز بە دەوری کورسییەکەی مالیکیـدا بسووڕێتەوە و (لبیک... لبیک)ـی بۆ بڵێت.

ئەگەرچی هەر زوو تەنزیرچییەکانی ئەم گوتارە ڕاڕایە زیاد لە دەمامكێکی (گوایە عەقڵانی!)ـیان بۆ هەڵوێستە ناڕۆشن و چەند ڕووەکەیان ئامادە کرد، دەمێک بیانووی ناڕۆشنیی ئاییندە و نەبوونی گەرەنتیی پاش مالیکی و دەمێک ترس لە تەقینەوەی قەیرانەکە و زەرەرمەندبوونی ماڵی کورد لێی. باسی هەموو شتێکیان کرد تەنیا (ئەسڵی مەسەلەکە) نەبێ کە بە ڕای من لە دوو هۆکاری سەرەکی دەرناچێت، ئەوانیش:
یەکەم: هەزار جاری دیكە گوتەبێژ و تەنزیرچییەکانیان بڵێن ئێمە خاوەنی بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆی خۆمانین، ئەم دروشمەیان ناچێتە گیرفانی کەسەوە و ئاشکرا و وەک ڕۆژی ڕووناک تارمایی پەنجەی هەڕەشەی ئێران لە پشت ئەم هەڵوێستەیانەوە دیارە.
دووەم: ئەگەرچی ڕاستییەکی ئێجگار تاڵە، ئەگەرچی بە دەمامکی جۆراوجۆر دەیانەوێ بیشارنەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە (بەداخەوە) بە هەر هۆیەک بێت زۆر لە بەردڵیان گرانە پڕۆسەیەکی سیاسی بە سەرکەوتوویی بگاتە ئاکام کە سەرۆکی هەرێم لەسەر ئاستی عێراق سەرکردایەتی و ئاڕاستەکەری بێت، وەک ئەو هەڵوێستەی هەندێک لە تەرزە سیاسی و تەنزیرچی و میدیاکاری کوردی لەمەڕ (ڕێکكەوتننامەی هەولێر) دەریانبڕی و زۆر هەوڵیان دەدا لە بایەخ و کاریگەرییەکەی کەم بکەنەوە.
من بەش بە حاڵی خۆم خوازیارم هۆکاری ئەم هەڵوێستە چاوەڕواننەکراوەیان تەنیا فاکتەرە ئیقلیمییەکەی (ئێرانیزم) بێت. چونکە لە بەردەم ئەمەی دووەمیاندا هەموو پەرۆشی و خەمخۆرییەکیان بۆ یەکڕیزی و پتەویی هەڵوێست و ئیرادەی نەتەوەییمان دەبێتە دروشمێکی بێبنەما و بێگیان.
سەروەریی نەتەوەیی و مەسەلەی ئیرادە و قەوارەی نەتەوەیەک، تەنیا بابەت و خەونی سەرۆکی هەرێم نییە و تەنیا ستراتیژی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نییە، سەرکەوتنی ئیرادەی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانەدا تەنیا وەک سەروەرییەک بۆ سەرۆکی هەرێم تۆمار ناکرێ و کەسان و لایەنەکانی دیكەی کوردستانی لێ بێبەری بکرێ، بەڵکوو سەروەرییەکە بۆ هەموو کوردێک و هەموو کوردستانییەکە و گیانکردنەوەیش بەبەر هەژموونی سەردەستەیی عورووبەدا، زڕاندنی خەونی هەموومانە.
لە هەموو بارێکدا گوتاری پارتیی دیموکراتی کوردستان وەک چۆن پاڵپشت بە ئیرادەی نەتەوەیی، هەردەم ڕاشکاوانە و یەکڕووانە سەروەریی نەتەوەیی کردووەتە ستراتیژی سەرەکیی خۆی، ئاوهایش هەر قەیرانێک ڕووبەڕووی کوردستان و ئەمنی نەتەوەییمان ببێتەوە، لە سەنگەری یەکەمی بەرگریدا بووە، ئەوەی کە لە لایەنە کوردستانییەکانی دیكەیشی چاوەڕوان کردووە، هاوهەڵوێستی و هاوسەنگەریی بووە، نەك بۆ خاتری پارتی، بەڵکوو بۆخاتری مافی نەتەوەیەک و مێژووی خودی ئەو لایەنانەیش. قەیرانی ئێستای عێراق تاقیکردنەوەیەکی گەورەی هێز و لایەنە کوردستانییەکانە و لە دوای ئەم ئەزموونەیش ئیدی پارتی دەبێ بە جیددی خوێندنەوەیەکی واقیعی و پێداچوونەوەیەکی عەقڵانی لەمەڕ شێواز و ئاسۆی هاوپەیمانێتییەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا ئەنجام بدات، ناکرێ لایەن هەبێت وەک بارێکی گران هەردەم شانت دابێتە بەر باڵا لەرزۆکەکەی تا بەلادا نەیەت، بەڵام لەگەڵ ڕاستبوونەوەیدا ئەوەی نایناسێت تۆیت و ئەوەی پشتی تێدەکات ئەو هاوپەیمانێتییەیە کە خۆی پێ ژیاندووەتەوە.
دواشتێک مابێ پێم باشە (بیستبێتیان یان نا) ئەو قسەیەی مالیکی وەبیر خەمخۆرە کوردەکانی کورسییەکەی مالیکی بهێنمەوە کە لە دواکۆنگرەی حزبی دەعوەدا و سەبارەت بە خەتەری فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا، گوتی: خۆزگە هەموو پەنجەکانم هەڵوەرینایە و واژۆم لەسەر ئەو دەستوورە نەکردایە.
دەی سا کە وابوو مالیکیـتان باش..!

هەواڵی پەیوەندیدار