٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

توركیا بە پێچەوانە دەسووڕێتەوە!

سەرچاوە: KDP.info

ئەمین پازارجی

ساڵانێكی درێژە كە رای گشتی توركیا لەگەڵ فێتو فێڵەكانی دەسەڵات و راگەیاندندا راهاتووە، حكوومەتەكان لە رێگای میدیا و كاناڵە جیاجیاكانی راگەیاندندا هەوڵ بۆ سەپاندنی ئارمانجەكانی خۆیانیان داوە و ئەو میدیا و كاناڵانەیش كە پرۆپاگەندەی بۆ ئارمانجەكانی حكوومەت نەكردبێت، لە لایەن حكوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتەوە رەخنەی لێ گیراوە و تاوانبار كراوە.

بەڵام لەم قۆناغەی ئەم دواییەدا سیاسەت و دەسەڵاتی توركیا بە پێچەوانەی رابردووی خۆیەوە هەڵسووكەوت دەكات. بۆ نموونە سەرۆكی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) كەمال قڵیجدارئوغڵۆ لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی پارتەكەی خۆیدا زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر میدیا و كاناڵەكانی راگەیاندن و میدیای بە ئاژاوەگێڕ لە قەڵەم دا.

قڵیجدارئوغڵۆ باسی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی كرد كە سەبارەت بە هەبوونی ناكۆكیی لە نێوجەهەپەدا بڵاو كرابوونەوە و گوتی: لە نێو جەهەپەدا چە جۆرە ناكۆكییەك هەیە با بۆمان بسەلمێنن. بۆ رۆژنامەنووسەكان قەڵەم نامووسە نافرۆشرێت. چەند رۆژنامە و رۆژنامەنووسێك بەكرێگیراون تا دەست بە پرۆپاگەندە لە دژی جەهەپە بكەن و وا نیشان بدەن كە جەهەپە لە نێو خۆیدا ناكۆكە و رووبەرووی قەیران بووەتەوە. جەهەپە هیچ جۆرە ناكۆكییەكی نییە و لە رۆژ و كاتە ساتی پێویستدا جەهەپە دەست بە تەشهیر كردنی ئەم رۆژنامە و رۆژنامەنووسانە دەكات.

پێشتر حكوومەتەكان رۆژنامە و كاناڵەكانی راگەیاندنیان ناچار دەكرد كە بۆ پرۆپاگەندە كردن بۆیان، بابەت و هەواڵی دوور لە راستی بڵاو بكەنەوە، بەڵام ئەمرۆ ئەم مەسەلەیە پێچەوانە بووە و میدیا و رۆژنامەكان و كاناڵەكانی دیكەی راگەیاندن لە جیاتی ئەوەی كە بە فەرمانی لایەنێك بابەتی دوور لە راستی بڵاو بكەنەوە، دەستیان بە بڵاو كردنەوەی راستییەكان كردووە. پێشتر كە هەواڵی دوور لە راستی بڵاو دەكرایەوە حكوومەت و لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەكان دەیانگوت راستە. بەڵام ئەمرۆ كە راستییەكان بڵاو دەكەنەوە لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەكان دەڵێن راست نییە و دەیانەوێ ئێمە تەشهیر بكەن.

سەرۆكی جەهەپە دەڵێت: جەهەپە هیچ ناكۆكییەكی نییە بەڵام رۆژنامەنووسەكان شتی درۆ دەنووسن! ئەرێ بەراستی وتەكانی سەرۆكی جەهەپە راستن؟

بێگۆمان كە راست نین، چوونكە جەهەپە لە چەندین ناوچە و ناوەندی خۆیدا كێشەی زۆر سەرەكە و گرنگی هەیە و شەڕ نێو جەهەپەیش لە بەرچاوی رای گشتییەوەیە. دوایین شەڕی نێو جەهەپە لە ئەنقەرە رووی دا، 18 بەرپرسی ناوچەی ئەنقەرەی جەهەپە پێكەوە وازیان لە جەهەپە هێنا و ئارمانجیشیان ئەوە بوو كە سەرۆكی ناوچەی ئەنقەرەی جەهەپە بگۆڕن.

لە پشتی ئەم شەڕ و ناكۆكییانەوە بەرپرسێكی باڵای جەهەپە كە زۆر زۆر نزیكی كەمال قڵێجدارئوغڵۆیە هەیە. ئەم بەرپرسەی جەهەپە ئەمجارە نەیتوانی ببێتە پەرلەمانتار چوونكە بە هۆی گەندەڵی لە نێو تەندەرێكدا لەلایەن دادگایەوە سزا دراوە بەڵام هێشتاكە سزاكەی نەخراوەتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەڵام بە هۆی پەسەند كردنی پاكێجی چوارەمی دادوەرییەوە ناوبراو لەو سزایە رزگاری بووە و دەیەوێ ببێتە سەرۆك شارەوانی ئەنقەرەی جەهەیە.

من بۆ ئەوەی كە بسەلمێنم لە توركیا گۆڕانكاری سەرەكە رووی داوە و وردە وردە پەیوەندییەكانی میدیا و سیاسەت رەوتیكی پێچەوانەی رەوتی ساڵانی رابردووی داوەتە پێش خۆی، بارودۆخی جەهەپەم وەكو نموونە باس كرد.

بێگۆمان ئەمە تەنیا بۆ جەهەپە بەمجۆرە نییە، بۆ ئاكەپە و پارتەكانی دیكەیش هەر بەمجۆرەیە، ئەگەر كانالًیا رۆژنامە و رۆژنامەنووسێك بە پێ بەرەژوەندییەكانی پارتی دەسەڵاتدار یا خۆ پارتەكانی دیكە هەڵسووكەوت بكات و لە سەر فەرمانی ئەوان بابەتی دوور لە راستی بڵاو بكاتەوە، ئەوا ئەو كاناڵە، رۆژنامەیە یا خۆی رۆژنامەنووسە كەس یا خۆ كاناڵێكی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازە، بەڵام ئەگەر لە سەر فەرمانی ئەوان ئەم جۆرە بابەتانەی بڵاو نەكاتەوە ئەوا درۆزن، دژی بەرەژوەندی گشتی و ئاژاوەگێڕە. ئەمە میراتی ساڵانی رابردوو بە تایبەتی ساڵانی سەردەمی كوودەتا سەربازییەكانە كە بۆ توركیا ماوەتەوە. بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە كە میدیا و رۆژنامەكانی توركیا، لە دوای دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا، دەستیان بە سووڕانەوەی پێچەوانە لەم بازنەیە كردووە و نەتەنیا بە فەرمانی حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان هەڵسووكەوت ناكەن بەڵكۆ زۆر بە جدیش هەوڵ بۆ ئاشكرا كردنی راستییەكانی دەسەڵات و پارتە سیاسییەكان بۆ رای گشتی دەدەن.

ئەمەیش گۆڕانكارییەكی یەكجار سەرەكەیە كە لە نێو كۆمەڵگەی توركیادا رووی داوە و تەنیا میدیای توركیا ئەم گۆڕانكاریانەی نەكردووە بەڵكۆ كۆمەڵگەی توركیایش لە نێو خۆیدا گۆڕانكاری یەكجار گەورەی كردووە. بۆ نموونە پێشتر كۆمەڵگە متمانەیەكی یەكجار زۆری بە سوپا هەبوو، بەڵام ئەمرۆ ئەم مەتمانەیە لە ئاستی خۆی هەرە لاوازدایە، پێشتر دەسەڵاتی چی وتبا كۆمەڵگەیش دەنگی نەدەكرد بەڵام ئەمرۆ دەسەڵات ناتوانێت لەبەر كۆمەڵگە دەنگی خۆی بكات. نازانم ئەمە كاریگەری بەهاری عەرەبییە یا كاریگەری قۆناغی چارەسەری پرسی كوردە لە سەر كۆمەڵگەی توركیا. هۆكار چی دەبێت با بێت من نازانم بەڵام ئەنجامی ئەم هۆكارە بۆ توركیا زۆر زۆر باشە و بووەتە هۆكاری ئەوەی كە كۆمەڵگەی توركیا وەكو ساڵانی رابردوو خۆی دیلی دەستی دەسەڵات و سوپا نەكات و بەپێ ئیرادەی خۆی هەڵسووكەوت بكات.

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار