جەنابی ئۆپۆزسیۆن ئەتۆ فەرموو ئەمن میاو
سوورە مەرگەیی
لە جیهانی دیموكراسی و سەردەمی پێكەوە ژیانی سیاسیدا، لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و دیاریكردنی ماوەی بانگەشە، حزب و قەوارەو لایەنە سیاسیەكانی بەشداربووی هەڵبژاردن شەقام و كۆڵان، بەردەرگای مزگەت و شوێنە گشتییەكان، ستوونەكانی كارەباو دیواری ماڵان پڕ دەكەن لە لۆگۆی دیاریكراوی تایبەت بە هەڵبژاردن، جیا لەوەش هەر حزب و قەوارەیەكی سیاسی كارنامەیەكی دیاركراوی تایبەت بە خۆی ڕادەنێ و لە چەندین ڕێگاوە هەوڵدەدات سەرنجی دەنگدەر بۆ كارنامەكەی ڕابكێشێ و زۆرینەی دەنگی دەنگدەر بەدەست بێنێ، بەوەش سندووقەكانی دەنگدان زۆرینەو كەمینە لەناو حزب و قەوارە سیاسیەكاندا دیاری دەكەن، ئەو حزب و قەوارە سیاسیەی زۆرینەی دەنگی بەدەست هێناوە، مافی پێكهێنانی حكومەت و ئەركی جێبەجێ كردنی كارنامەكەی و پابەندبوون بە بەڵێنەكانی پێش هەڵبژاردن و ڕێز گرتن لە كەمینەی دەكەوێتە سەرشان، كەمینەش یا ئەوەتا بەشداری حكومەت دەكات، یا ئەوەتا سەنگەری ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵدەبژێرێ و چاودێری وردی دەسەڵات دەكات و ڕێز لە ڕاوبۆچوونی دەگیرێ و مافە دەستووری و یاساییەكانی پارێزراو دەبن، بەڵام لە هەردوو بارەكەدا بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان ئەرك و بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەرشان، كەچی ئەو ئۆپۆزسیۆنە كەس نەدیوەی ئێمە لە دەرەوەی بنەما دیموكراتیەكان و بە چاوی دیكتاتۆری فرمێسك بۆ دیموكراتی دەڕێژێ، خەڵكینە وەرن پەرجووی سیاسی ببینن!
ئۆپۆزسیۆن دەڵێ: بەشداری حكومەت ناكەین، لە پەرلەمان پرۆژەكانی ئێمە بە یاسا نەكرێن و خواستە سیاسیەكانی ئێمەش لە باوەش نەگرن نابێ تێپەڕێنرێن، حكومەتیش دەبێ پاكێج و كارنامەی ئێمە جێبەجێ بكات، ئەوەش زاڵكردنی كەمینەیە بەسەر زۆرینەداو سنووردار كردنی جووڵە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانە لە بازنەی حەزو خولیای دەستەو گرووپێكی دیاریكراو و بە دیكتاتۆر كردنی دیموكراتییە، كە دەڵێم: بە دیكتاتۆر كردنی دیموكراتییە، جاران كەمینەی كودەتاچی لە ڕێگای كودەتاوە دەسەڵاتیان دەگرتە دەست و بە زەبری هێز خۆیان بەسەر زۆرینەدا دەسەپاندو دەیانگووت ئێمە نوێنەری شەرعی خەڵكین و دەبێ گۆمەڵگا لەگەڵ ئێمە بڵێ (بەڵێ).
لەوەش پەرجوو تر ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان بە نەبیستی گوێ دەگرێ و بە سەرەڕۆیی حزبی دەدوێ و دەڵێ: با كەمینەش بین! ئەگەر كۆی پرۆژەكانمان لە پەرلەمان بە یاسا نەكرێن و پاكێجەكانمان بێ گفتوگۆ و وەك خۆی لە حكومەت جێبەجێ نەكرێن، (ارحل) دەكەین و بە هێزی كەمینەی دیكتاتۆری قەڵای زۆرینەی دیموكراتی ڕادەماڵین، ئەم جۆرە كەمینەیەش هەڵگری ڤایرۆسی تاكڕەویە و بە فەرهەنگی پێكەوە ژیانی سیاسی نامۆیەو بە كەلتووری كودەتاچیەكانیش بیر لە گەیشتنە دەسەڵات دەكاتەوە، جا ئەگەر دیموكراتی وەك ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان پێناسەی دەكات و نەخشەی بۆ دەكێشێ ڕاست بێ و كەمینە ئەرك و ماف بۆ زۆرینە دیاری بكات، دیموكراتی هەزار جار بە قوربانی دیكتاتۆری بێت، یان ئەگەر ئەركی كەمینە زەوتكردنی مافی زۆرینە بێت، زۆرینە كاتێك مافی خۆی وەردەگرێتەوە كە وەك لەم نوكتەیەدا هاتووە بە كەمینە بڵێ: ئەتۆ فەرموو ئەمن میاو.
مێژووی دوو سێ ساڵەی ئۆپۆزسیۆن لێوانلێوە لە ڕووداو و بەسەرهاتی سەیرسەمەرەی سیاسی و پڕیەتی لە نوكتەی هاوشێوەی ئەم نوكتەیە كە دەڵێ: جارێكیان پیاوێك قاپێك گۆشتی لەپێش دەبێ و پشیلەیەك لەبەردەمی دەست دەكات بە میاوەمیاو، هەر جارێك پشیلەكە دەمیاوێنێ پیاوەكە كوتە گۆشتێكی بۆ هەڵدەدات، پشیلەكە خێرا دەیخواو دووبارە دەمیاوێنێ، پیاوەكە هەر بەوەڕادەگات گۆشت بۆ پشیلەكە هەڵبدات، دوای بیركردنەوە دەڵێ: كار ئاوا بڕوات كوتە گۆشتێكم بەرناكەێ و واچاكە گۆشتەكە لەپێش ئەو دانێم و من بمیاوێنم، بۆیە بەناچاری گۆشتەكە دەباتە پێش پشیلەكەو دەڵێ: ئەتۆ فەرموو ئەمن میاو.
دەسەڵاتیش ئەوەندەی میاوەمیاوی پشیلەكە و بگرە زیاتریش بەرنامەو خاڵ و پاكێجی ئۆپۆزسیۆنی لەپێشە، بۆیە قازانجی لەوەدایە بە ئۆپۆزسیۆن بڵێ: فەرموو ئەوە كورسی دەسەڵات و تۆ خاڵ و بەرنامەو پاكێجی من جێبەجێ بكە.




