كێ لە دژی قۆناغی چارەسەرییە؟
ئەكرەم دۆمانڵی
كێ دەیەوێ گۆرز لە قۆناغی چارەسەری بوەشێنێت؟ وەڵامی زۆر روون ئاشكرایە، كێ لە سەرەتایەوە تا ئێستا ویستوویەتی گۆرز لە توركیا بوەشێنێت، ئەوا لە رۆژگاری ئەمرۆیشماندا دەیەوێ گۆرز لەم قۆناغە بوەشێنێت و پەرتەوازی بكات.
كێ دینامیت دەخاتە ژێر ئەم قۆناغەوە؟ ئەوەیش هەر دیارە. كێ لە سەرەتایەوە دینامیتی بە دەستەوە بووە هەر ئەو دەیەوێ دینامیت بخاتە ژێر بناغەی ئەم قۆناغەوە و قۆناغەكە بێ ئەنجام بكات.
ئایا ئەو كەسانە كە لە سەرانسەری تەمەنی خۆیانیدا نەیانتوانیوە كە موورییەك بكوژن دژی ئاشتی و ئاشتەوایی دەردەكەن؟ نا بە هیچ شێوەیەك دژ دەر ناكەون و رەنگە ئەگەر دژی ئاشتەوایش بن تەنیا و تەنیا بیروڕاكانی خۆیانیان ئاشكرا بكەن. بەڵام ئەو كەسانە كە هێز و پێگەی خۆیانیان لە چەك، بومبە و خوێن وەرگرتووە بێگۆمان كە هەوڵ بۆ پەرتەواز كردن و بێ ئەنجام هێشتنی ئەم قۆناغە دەدەن.
مەسەلەی دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی و دیموكراتیزە كردنی توركیا بوو بە هۆكاری دووبارە دابەش كردن و چین چین كردنی رای گشتی توركیا. بۆ نموونە ئەوانەی كە لە دژی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتەوایین و ئەوانەی كە پشتگیری لەم قۆناغە دەكەن و ئەوانەی كە لە بەرامبەر ئەم قۆناغەدا بەبێ هەڵوێستن. ئەگەر لەم رۆژانەدا ئەم چین چین بوونی كۆمەڵگە و رای گشتی توركیا بەردەوام بكات ئەوا بە ئەنجام گەیشتنی ئەم قۆناغە ئەستەم دەبێت. بەڵام ئەگەر هەر هەمووی چینەكان هەوڵ بۆ دۆزینەوە رێگایەكی ناوەندی هاوبەش بدان ئەوا بەبێ ئەوەی كە رووبەرووی زەرەر و زیان ببینەوە دەتوانین بگەینە مەقسەد و هەر دوو پرسی سەرەكەی توركیا ( پرسی كورد و مەسەلەی دیموكراتیزە كردنی توركیا) چارەسەر بكەین.
بە داخەوە ئەم پارچە بوونەی رای گشتی توركیا بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ئێمە لە هەڵسەنگاندنێكی زانستییانەی پرسەكان دوور بكەوینەوە. بۆ نموونە ئەگەر بە چاوێكی باشی سەیری قۆناغەكە بكەین، ئەوا بە هۆی گەشنینیمانەوە ناتوانین شتە خراب و مەترسیدارەكانی نێو قۆناغەكە ببینین، بەڵام ئەگەر بە چاوێكی خراب سەیری ئەم قۆناغە بكەین ئەوا بە هیچ شێوەیەك ناتوانین خاڵە باش و ئەرێنییەكان ببینین. رای گشتی توركیا و سیاسەت و سیستەمی بەرێوەبەرایەتی توركیا لە هەر مەسەلەیەكی گرنگدا هەمیشە یاری كورەبەی كردووە. یا هەر شتی بە باش زانیوە یا هەر شتی بە خراب زانیوە. ئەگەر مەنتێقی بیر كردنەوەمان بەمجۆرە بێت ئەوا ناتوانین راستی و هەڵەكان لە یەكتر جیا بكەینەوە و ئەمەیش باوەر ناكەم كە بتوانێت خزمەتی توركیا بكات.
بۆ نموونە ئێمە پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا دەكەین، بەڵام ئایا ئەگەر رۆژێك هەڵسەنگاندنمان لە بەرامبەر پرسەكان هەڵە بێت و یا زانیاری هەڵەمان سەبارەت بە مەسەلە و رووداوەكان بە دەست بگات و لە سەر ئەم زانیارییە هەڵانەیش هەلًوێستی خۆمان دەرببڕن و ئەم هەڵوێستەی ئێمە ببێتە هۆكاری ئەوەی كە قۆناغەكە بە ئاقارێكی دیكەی چاوەڕواننەكراودا بروات ئایا دەتوانین ئەم ئەگەرانە لە گەڵ خۆماندا گفتووگۆ بكەین و لە بەرامبەری ئەم ئەگەرانەدا رێوەشوێنی پێویست وەربگرین؟ من پێم وایە كە ئەگەر بۆ هەر مەسەلەیەكی گرنگ رای گشتی توركیا پارچە دەبێت و چەندین هەڵوێستی جیاجیای لێ دەكەوێتەوە ئەوا روودانی خسووف و كەسووف لە نێو رای گشتی توركیادا بۆ مەسەلەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی پرسی كورد شتێكی زۆر ئاساییە. هەر چەند هێشتا قۆناغەكە دەستی پێ نەكردووە، رای گشتی توركیا بووەتە سێ پارچە. پارچەیەك كە پشتگیری لەم قۆناغە دەكات، پارچەیەك كە لە بەرامبەری قۆناغەكەدا بێدەنگە و پارچەیەك كە ئەم قۆناغە وەكو خیانەت لە توركیا هەڵدەسەنگێنێت.
هەر هەمووی چینەكانی كۆمەڵگەی توركیا داوای كۆتایی هێنان بە توندوتێژی و بێدەنگ كردنی چەكەكان دەكات و بۆ ئەم مەبەستەیش هەر جۆرە بژاردەیەك تاقی كراوەتەوە و مەسەلەی دانووستاندنەكانی حكوومەت و پەكەكەیش لەم چوارچێوەیە دایە. بەڵام لە نێو مەرحەلەكانی ئەم دانووستاندنانەدا چەندین خاڵی حەساس هەیە كە نە دەوڵەت و نە پەكەكە بە هیچ شێوەیەك ئەم خاڵانەیان لە بەرچاو نەگرتووە. بەر چاو نەگرتنی ئەم خاڵانە بووەتە هۆكاری ئەوەی كە شك و گۆمان لە نێو رای گشتیدا سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری زیاتر ببێت.
لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوە نییە كە هەر جۆرە پرسیار یا هەر جۆرە تێنەگەیشتنێك لەم قۆناغە بە دژبەر بوونی ئەم قۆناغە شرۆڤە بكەین، گرنگ ئەوەیە كە بە بەرچاو گرتنی شك و گومانەكانی رای گشتی بۆ درێژەدان بەم قۆناغە هەنگاو بنین.
گرنگتر لەم هەنگاوانەیش ئەوەیە كە پێویستە ئێمە حەساسییەتەكانی ئەو كەسانەیش كە پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا دەكەن بەرچاو بگرن و وەڵامی ئەرێنی و پێویست بۆ پرسەكانیان ئامادە بكەین. چوونكە ئەگەر ئەم چینە كە پشتگیری لە قۆناغەكە دەكات، هەست بەوە نەكات كە پرسیارەكانی بە شێوەیەكی مەنتێقی وەڵام دەدرێنەوە و حەساسیەتییەكانی لە بەرچاو دەگیردرن ئەوا، ئەویش وردە وردە پشتگیری خۆی بۆ قۆناغەكە كەم دەكاتەوە.
لە كۆتاییدا پێویستە دووبارە ئاماژە بەوە بكەم كە رای گشتی توركیا بۆ ئەم قۆناغە بووەتە سێ پارچە، پارچەیەك كە پشتگیری لەم قۆناغە دەكات، پارچەیەك كە لە بەرامبەر ئەم قۆناغە بێدەنگە و ئەگەری ئەوە هەیە كە یا پشتگیری لەو چینە بكات كە پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری دەكات یا پشتگیری چینی دژبەری قۆناغەكە بكات، پارچەیەكی دیكە كە لە دژی قۆناغەكەیە و ئەم قۆناغە وەكو خیانەت كردن لە توركیا لە قەڵەم دەدات. هەر ئەم چینەی كۆمەڵگەی توركیا و چینی رەگەزپەرەستی كۆمەڵگەی كوردی هەوڵ بۆ پەرتەواز كردنی قۆناغەكە دەدەن و نایانەوێ ئەم قۆناغە بگاتە ئامانجی خۆی، بۆیە پێویستە هەم دەوڵەت و هەم پەكەكە زۆر بە هەستیارییەوە وەڵامی پرس و حەساسیەتەكانی ئەو چینە بدنەوە كە پشتگیری لە قۆناغەكە دەكەن و هەوڵ بۆ راكێشانی چینی بێدەنگ لە بەرامبەر قۆناغەكە بۆ نێو قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا بدەن.
سەرچاوە: زەمان




