٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

عەلەوییەكانی نێو حەرەكەتی كوردی

سەرچاوە: KDP.info

ئەزگی باشاران

دوێنێ بە مەبەستی ئاگادار بوون لە بارودۆخی عەلەوییەكانی نێو حەرەكەتی كوردی سەردانی سەرۆكی فیدراسیونی عەلەوییە بەكتاشەكانم كرد. سەرۆكی ئەم فیدراسیونە لە لایەكەوە لە وتەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە عەلەوییەكان تووڕەیە و لە لایەكی دیكەیشەوە رەخنە لە حەرەكەتی كوردی و پەكەكە دەكات و دەڵێت: وتەكانی سەرۆك وەزیری توركیا بە سازكردن و بەهێز كردنی یەكیەتی ئیسلامی هیچ سوودێكی بۆ عەلەوییەكان نابێـت.

دوو رۆژ لەمەوبەر لە شاری قەیسەری كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بە بەشداری هەر هەمووی رێكخراوە عەلەوییەكان ساز كرا. لەم كۆبوونەوەیەدا ئەو رێكخراوە عەلەوییانە كە پێشتر ناكۆكییان هەبوو و بیروڕایان لە یەكتر جیاواز بوو، تۆزێكی دیكە نزیكی یەكتر بوونەوە و دەستیان بە هەڵسەنگاندنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و بارودۆخی عەلەوییەكانی سووریا كرد.

دوای كۆبوونەوەكە من سەردانی سەرۆكی فیدراسیونی عەلەوییە بەكتاشەكان سەلاحەدین ئوزەلم كرد و سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و رۆلی عەلەوییەكان و مەسەلەی بارودۆخی عەلەوییەكان گفتووگۆۆیەكی بەرفراوانمان كرد.

سەرەتا مەسەلەی هۆكاری رێكخستنی كۆبوونەوەیەكی بەمجۆرە فراوانی عەلەوییەكانمان خستە روو و سەرۆكی فیدارسیونی عەلەوییە بەكتاشەكان ئاماژەی بەوە كرد كە پێشتر ناكۆكی لە نێوان رێكخراوە جیاجیاكانی عەلەوییەكاندا هەبوون، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەوەندە مەترسی گەورە رووبەرووی عەلەوییەكان بوونەتەوە كە ئێمە ناچارین یەك بگرن و واز لە ناكۆكییەكانی نێو خۆمان بهێنن. بۆ نموونە وتەكانی ئەم دوایەی سەرۆك وەزیری توركیا سەبارەت بە عەلەوییەكان كە وتبووی: هەندێك لە عەلەوییەكان لە داب و نەری خۆیان بیگانە بوونە و هەندێكی دیكەیشیان سەرقاڵی دوور كەوتنەوە لە عەلەوییەتن.

ئەم وتانە رەنگە بۆ سەرۆك وەزیر یا بۆ كەسێكی دیكە زۆر ئاسایی بن بەڵام بۆ عەلەوییەكان واتا و مانایەكی یەكجار زۆریان هەیە، هەر بۆیە ئێمەی عەلەوی بۆ ئەوەی كە بسەلمێنین كە كەس لە عەلەوییەت دوور ناكەوێتەوە و كەسیش واز لە داب و نەری خۆی ناهێنێت پێكەوە ئەم كۆبوونەوە هاوبەشەمان ساز كردووە و لە داهاتوویشدا بەردەوام دەبین لە سەر بەستنێكی كۆڕ و كۆبوونەوەی بەمجۆرە.

ئێمە وەكو عەلەوییەكانی توركیا لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمارەوە تا ئەمرۆ رووبەرووی زۆر سیاسەت و هەڵوێستی دژبەر بووینەوە، تانسو چیللەر، مەسعوود یەڵماز و .... زۆر هەوڵیاندا كە عەلەوییەكانی توركیا لە ناوبەرن، بەڵام بەراستی ئەو هەوڵدانانەی رابردوو بە ئەوەندەی وتەكانی ئەمرۆی سەرۆك وەزیری توركیا بۆ عەلەوییەكان مەترسیدار نەبوونە و نابن، چوونكە سەرۆك وەزیری توركیا بەم وتانەی خۆی راستەوخۆ عەلەوییەكانی كردووەتە ئارمانجی هێرشی ئیسلامییە توندرەوەكانی توركیا. لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەوڵ بۆ دامەزراندنی بەرەیەكی سوننەی بەرفراوان و بەهێز دەدرێت و توركیایش دەیەوێ سەرۆكایەتی ئەم بەرەیە بكات بۆیە وردە وردە دەستی بە دژایەتی كردنی عەلەوییەكان كردووە.

سەبارەت بە مەسەلەی سووریا و بارودۆخی عەلەوییەكانی ئەو وڵاتەیش سەرۆكی فیدراسیونی عەلەوییە بەكتاشەكانی توركیا ئاماژەی بەوە كرد كە ئاینی عەلەوییەت، بە مانای ئاشتی و ئاشتەوایی و تەباییە، پشتگیری لە هیچ جۆرە توندوتێژییەكی نەكردووە و ناكات، لە سووریایش ئێمە نە پشتگیری لە ئەسەد دەكەین و نە لە سوپای ئازادی سووریا چوونكە كریارەكانی هەر دوو لا هۆكاری گیان لەدەستدانی مرۆڤ و ئەمە بۆ ئێمەی عەلەوی شتێكی نائاساییە كە ئەگەر پشتگیری لە لایەنێك بكەین، ئەسەد زاڵمە و زڵم لە گەلانی سووریا دەكات و ئێمەیش بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لە زاڵم ناكەین، سوپای سووریایش خەڵكی بێگوناە دەكوژێت و ئێمە ناتوانین پشتگیری لە كریارەكانی سوپای سووریای ئازادیش بكەین چوونكە سەرەڕای كوشتنی خەڵكی مەدەنی و بێگوناە، هاوكات سەرچاوەی توندوتێژییە جوراوجۆرەكانە. بەڵام بارودۆخی برا عەلەوییەكانیشمان بۆمان زۆر گرنگە و تا پێمان بكرێت پشتگیری لە برا عەلەوییەكانی خۆمان دەكەین.

سەبارەت بە بارودۆخی عەلەوییەكانی نێو حەرەكەتی كوردی و قۆناخی چارەسەری پرسی كوردیش سەرۆكی فیدراسیونی عەلەوییە بەكتاشەكان ئاماژەی بەوە كرد كە هەر چەند حەرەكەتی كوردی هەڵە و كەماسی گەورەیشی هەبێت بەڵام بە هۆی كلتووری كۆمەڵگەی كوردییەوە فەرق و جیایی نەخستووەتە نێو پێكهاتە ئاینییەكانی نێو خۆیەوە، عەلەوی، سوننە، ئیزدی، زەردەشتی و .. لە نێو حەرەكەتی كوردیدا یەكسانن و هیچ پێكهاتەیەك بە هۆی ناسنامەی ئاینی خۆیەوە بەرز نەكراوەتەوە یا مافی نەخوراوە. بەڵام هەڵەی حەرەكەتی كوردیش هەیە. هەڵەی حەرەكەتی كوردی ئەوەیە كە لە نێو خۆدا چەندین دەنگی جیاواز پەروەردە دەكات. هەبوونی ئەم دەنگە جیاوازانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە حەرەكەتی كوردی زۆر بە ئاسانی رووبەرووی دەستوەردانی دەرەكی ببێتەوە. بۆ نموونە سەبارەت بەم قۆناخە نوێیە دەڵێن: باڵێك لە نێو حەرەكەتی كوردیدان كە لایەنگری شەڕن و نایانەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێت و بەرپرسانی ئەم بەرەیەیش عەلەوین و ئەگەر ئەم بەرپرسانە بێكاریگەر بكرن ئەوا چارەسەر كردنی پرسی كورد ئاسانتر دەبێـت. ئەمە تێوەری و فكرەیەكی زۆر هەڵەیە، ئاینی عەلەوی بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لە شەر نەكردووە و ناكات.

من دەوڵەت نیم و ئیستیبخاراتم لە بەردەستدا نییە، بەڵام دەزانم كە ئەم جۆرە قسانە پەیوەندی راستەوخۆیان بە رووداوەكەی پاریسەوە هەیە. لە پاریس سێ ژنی ناوداری حەرەكەتی كوردی كە هەر سێكیان عەلەوی بوون كوژران، ئەم رووداوە زۆر شتمان بۆ روون دەكاتەوە. وتەكانی ئەم دوایەی سەرۆك وەزیری توركیایش پەیوەندییەكی ناراستەوخۆیان بەو رووداوەوە هەیە، هەر كەس عەلەوییەكانی كردووە ئامانج و هێرشیان دەكاتە سەر.

ئێمە وەكو عەلەوییەكانی توركیا تا نەورۆزی ئەمساڵ دڵمان بە حەرەكەتی كوردی زۆر زۆر خۆش بوو، چوونكە دەمانزانی كە ئەم حەرەكەتە مرۆڤ دوستی و تەبایی و برایەتی مرۆڤەكانی بە بنەما وەرگرتووە و ئاینی نەكردووەتە ئامرازێك بۆ جیاكاری نێوان مرۆڤەكان. بەڵام پەیامەكەی نەورۆزی ئوجەلان تۆزێك ئێمەی نەگەران كرد. ئوجەلان قسەی زۆر خۆشی كردبوو لە نێو پەیامەكەی خۆیدا بەڵام بە هۆی بەكار هێنانی وشەی یەكیەتی ئیسلامییەوە، پەیامەكەی خۆی بێ بایەخ كرد. ئێمەی عەلەوی لە نێو حەرەكەتی كوردیدا خاوەن هاوسەنگییەكی یەكجار باشن و لە نێو كۆمەڵگەی توركیایشدا خاوەن پێگەی جەماوەرین، بەڵام بە هیچ شێوەیەك پەیامی ئوجەلان بۆ دامەزراندنی یەكیەتی ئیسلامی بە هەند وەرناگرن و بە هۆی ئەم وشەیشەوە ئێمە تۆزێك لە حەرەكەتی كوردی سەرد بووینەوە. چونكە دەترسین كە لە داهاتوودا حەرەكەتی كوردیش بكەوێتە ژێر كاریگەری ئیسلامییەكانەوە و ئەو كاتە ئەوەیش ئێمەی عەلەوی بكاتە ئامانجی هێرشەكانی خۆی.

 

سەرچاوە: رادیكاڵ

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار