٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەبێ كەركووك نابێت

سەرچاوە: KDP.info

 كەنعان ئاقین

ئەم قۆناخە نوێیە كە لە لایەن سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغانەوە دەست پێكراوە بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامە و لە هەر روویەكەوە بووەتە هۆكاری قەیرانیكی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە توركیا.

بەراستی ئەم قۆناخە كە هێشتا ناوەرۆكەكەی نادیار و شاراوەیە قۆناخێكی زۆر مەترسیدارە بۆ توركیا و توركەكان بە گشتی و كەس نازانێت كە ئەم قۆناخە چی بە سەر توركیا و توركەكانی دەرەوەی توركیا دێنێت.

وردە وردە لە باكووری عێراق و لە قوبرس ئاراستەی رووداوەكان روون دەبێتەوە و دەبینین كە رووداوەكانی ئەو دوو ناوچەیە تا چە رادەیەك لە دژی دەوڵەتی توركیان.

یەكێك لە دەرئەنجامە مەترسیدارەكانی ئەم قۆناخە كە گوایا قۆناخی چارەسەر كردنی پرسی كوردە، زەمینە خۆش كردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی و سەپاندنی دەسەڵاتی مەسعوود بارزانی بە سەر كەركووك و دەورووبەری كەركووكە كە وەكو دەریای نەوت ناسراوە.

بە داخەوە میدیا و كۆمەڵگەی توركیا زۆر گرنگی بەم مەسەلەیە نادەن و هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە لە ناوەرۆكی ئەم قۆناخە بێ ئاگان. سەرۆك وەزیری توركیا بەر لەوەی دەست بەم قۆناخە بكات لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا پێكهاتووە و مەرجێكی سەرەكەی مەسعوود بارزانی بۆ ئەوەی كە هاوكاری چارەسەر كردنی پرسی پەكەكە بكات ئەوەیە كە دەبێت توركیا پشتگیری لە بارزانی و دەسەڵاتی بارزانی لە كەركووك و دەورووبەری كەركووك بكات. دەوڵەتی توركیایش بە دڵ و بە گیان ئەم مەرجەی قەبووڵ كردووە و بەمجۆرە یەكەمین مەترسی ئەم قۆناخە نوێیە واز هێنانی توركیا لە مەسەلەی توركمانەكانی كەركووك و نەوتی كەركووكە.

ئەمە زیاتر لە دوو رۆژە كە توركمانەكانی كەركووك داوام لێ دەكەن كە لە رێگای نووسینی بابەتەكانەوە رای گشتی توركیا لە رووداوەكان و پلانەكانی سەر كەركووك ئاگادار بكەمەوە. یەكێك لە بەرپرسانی توركمانەكانی كەركووك دوێنێ بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك قسەی بۆ كردم و باسی ئەوەی كرد كە دەسەڵاتی ئاكەپە بە گشتی وازی لە كەركووك و توركمانەكانی كەركووكی هێناوە و لە بەرامبەر راكێشانی لوولەیەكی نەوتدا و پشتگیری كردنی بارزانی بۆ چارەسەر كردنی پرسی پەكەكە، توركیا بەڵێنی ئەوەی داوە كە بە هەر شێوەیەك چە لە سەر ئاستی ناوچەكە و چە لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا پشتگیری لە دەسەڵاتی بارزانی لە كەركووك و دەورووبەری كەركووكدا بكات.

توركمانەكانی كەركووك هەستیان بەم مەسەلەیە كردووە و بۆیە داوای هاوكاری لە توركە رەگەزپەرەستەكان دەكەن و دەیانەوێ توركیا لە بەرامبەر دەسەڵاتی بارزانیدا سەیبەرێك بۆ توركمانەكانی كەركووك دروست بكات و پارێزگارییان لێ بكات. لەم بارەیەوە نەزیف دەمیرجی كە یەكێكە لە كەسایەتییە ناسراوەكانی كەركووك دەڵێت: ئەوانەی كە داوای كەركووك دەكەن و دەڵێن كەركووك هی ئێمە بووە و دەبێت بۆ ئێمە بێت، پلان و بەرنامەی زۆر مەترسیدار و جیاوازیان بۆ كەركووك هەیە، بۆیە بەرپرسە توركمانەكان و پشتیوانەكانیان دەبێت واز لە رەخنە كردنی یەكتر بهێنن و بە پشتیوانی وڵاتی دایك هەوڵ بۆ پووچەڵ كردنەوەی ئەم پلان و بەرنامانەی سەر كەركووك بدەن. بەداخەوە بە هۆی پارەی زۆری بارزانییەوە، هەم توركیا و هەم بەشێك لە توركمانەكانی كەركووك وازیان لە تورك بوونی كەركووك هێناوە و لە بەرامبەر پارەدا كەركووكیان رادەستی بارزانی كردووەتەوە.

ئێمەی توركمان دەتوانن بەبێ پارە دوزی نەتەوەیی خۆمان بەردەوام بكەین، چوونكە كەركووك شارێكی توركییە و دەبێت هەر وەكو شارێكی توركی بمێنێتەوە.

شتێك كە من لەم وتانەی نەزیف دەمیرجی تێگەیشتم ئەوەیە كە بەراستی نەتەنیا كەركووك بەڵكو هەبوونی توركمانەكانیش كەوتووەتە ژێر مەترسییەوە و بەرەژوەندی ئابووری بووەتە هۆكاری وەلاوە نانی دوزی نەتەوەیی توركمانەكان لەسەر كەركووك و ئەمەیش یەكێكە لە دەرئەنجامەكانی قۆناخی چارەسەری. لە داهاتوویەكی نزیكدا لە ناوچەكە هەڵبژاردن دەكرێت، توركیا لە نێو خۆیدا سەرقاڵی كێشە و گرفتە لاوەكییەكانە و دەسەڵاتی كوردیش بە قسە پشتگیری لە توركیا و سیاسەتی توركیا دەكات بەڵام لە كەركووك وردە وردە هەوڵ بۆ لاواز كردنی هێزی توركیا دەدات و بەداخەوە كە دەسەڵاتی سیاسی توركیایش لەم بارەیەوە بێدەنگی دەنوێنێت و دەڵێت دەسەڵاتی كوردی لوولەی نەوتم بۆ رادەكێشێت و پشتگیریم لێوە دەكات كە كۆتایی بە پرسی پەكەكە بهێنم.

سەرچاوە: یەنی چاغ

هەواڵی پەیوەندیدار