كێ پشتگیری لە شەڕ دەكات؟
حەسەن جەلال گووزەل
پەكەكە هاوكات لەگەڵ بەردەوام كردنی شەڕ و چالاكییە چەكدارییەكانی سی ساڵەی رابردووی خۆی، پارت و لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە خۆی ناچار كردووە كە سەرەڕای پشتگیری كردن لە كار و چالاكییە چەكدارییەكانی پەكەكە، بانگەشە بۆ دیموكراسی و ئاشتی و مافی مرۆڤیش بكەن.
بۆ نموونە پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) وەكو پارتییەكی رەسمی لە نێو پەرلەمانی توركیادا خاوەن كورسییە، بەڵام بەبێ سیاسەت و بەبێ فەرمانی پەكەكە ناتوانێت هیچ جۆرە بریارێك بدات و هەنگاوێكی كرداری بنێت.
پەكەكە وای لە بەدەپە و پارتەكانی دیكەی وەكو بەدەپە كردووە كە دەبێت لە ژێر ناوی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئاشتەواییدا پشتگیری لە هەر هەمووی چالاكییە چەكدارییەكانی پەكەكە بكەن و لە نێو پەرلەمانی توركیایشدا بانگەشەی ئەوە بكەن كە ئەو چالاكییە چەكدارییانە بۆ سەپاندنی دیموكراسی و ئاشتی و مافی مرۆڤە.
لە سەر فەرمانی پەكەكە، بەدەپە و چەندین رێكخراوی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گوایا سوپای توركیا هۆكاری شەڕ و پێكدادانەكانی 30 ساڵەی رابردوویە و سوپا سوپایەكی شەرخوازە و چەندین لایەنی سیاسیش لە توركیا پشتگیری لە سوپا و شەڕخوازی سوپا دەكەن. بەڵام ئایا ئەو پارتانە نازانن كە ئەوە پەكەكەیە دەستی بە شەڕ كردووە و هێرشی كردووەتە سەر توركیا و هاووڵاتییانی توركیا و دەیەوێ توركیا پارچە بكات؟
رەنگە لە رابردوودا سوپا یا چەند بەرپرسێكی سوپا زڵمیان لە هاووڵاتییە كوردەكان كردبێت، بەڵام من پێم وایە كە كەس ناتوانێت تەنانەت یەك نموونەم بۆ بێنێتەوە كە سوپا بەبێ هۆكار تەقەی لە كەسێك كردبێت و هێرشی لە سەر هاووڵاتییە كوردەكان كردبێت.
با واز لە سیاسەتی رۆژانە بهێنن، چوونكە سیاسەتی رۆژانە بە پێ بەرنامە و بەرەژوەندی رۆژانەی سیاسەتمەدارەكان بەرێوە دەچێت، بەڵام سیاسەتی گشتی وا نییە و من باوەرناكەم كە لە نێو سیاسەتی گشتی توركیادا كەسێك هەبێت كە بە چاوی جیاخوازی و رەگەزپەرەستییەوە سەیری هاووڵاتییە كوردەكانمان بكات. ئەوە سی ساڵە توركەكان جەنازەی سەربازەكانیان هەڵدەگرن و دەفنیان دەكەن بەڵام لە نێو ئەم سی ساڵەدا هاووڵاتییانی توركیا تەنانەت یەك سلۆغانیشیان لە دژی گەلی كورد و هاووڵاتییە كوردەكان نەوتووتەوە.
خەڵكی توركیا زۆر بە باشی دەزانێت كە پەكەكە بە دوای شتێكەوەیە كە گەلی كورد رای لێ نییە. بۆیە لەم سی ساڵەی رابردوودا توركەكان هەمیشە لە دژی پەكەكە سلۆغانیان وتووتەوە بەڵام یەك سلوغانیان لە دژی گەلی كورد نەوتووتەوە. چوونكە گەلی كورد و گەلی تورك كە وەكو گۆشت و نینووك پێكەوە بەسترانەوە، باش دەزانن كە ئارمانجی پەكەكە و دارودەستەكەی پەكەكە جیا كردنەوەی گەلی كورد و توركە.
پەكەكە و پشتیوانەكانی پەكەكە بۆ ئەوەی كورد و تورك لە یەكتر جیا بكەنەوە سی ساڵە لە دژی توركیا شەڕ دەكەن و بانگەشە بۆ دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی دەكەن بەڵام لە راستیدا ئارمانجی سەرەكەیانی جیا كردنەوەی گەلی كورد و توركە. ئەو شەڕەی كە تا ئێستا كراوە شەڕی بەدەستەوە هێنانی مافی گەلی كورد نەبووە بەڵكو شەڕی دابەش كردنی توركیا و جیا كردنەوەی كورد و تورك لە یەكتر بووە.
دوای سی ساڵ ئەمە یەكەمینجارە كە سەرۆك وەزیری توركیا بە شێوەیەكی جدی بریاری لە سەر چارەسەر كردنی ئەم مەسەلەیە داوە. بە پێ ئەم قۆناخە كە پێ دەگوترێت قۆناخی چارەسەری، دەبێت پەكەكە و دەوڵەت چەندین هەنگاوی دوو لایەنە بنێنن. ئەمە شتێكی باشە بۆ بێدەنگ كردنی چەكەكان و راگرتنی رژاندنی خوێنی خەڵكی توركیا، بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە پەكەكە و پشتیوانەكانی پەكەكە و ئەو پارتانەی كە لە نێو پەرلەماندا پشتگیری لە پەكەكە دەكەن، چە راستەوخۆ و چە ناراستەوخۆ پشتگیری لە بەردەوام كردنی شەڕ دەكەن و دەیانەوێ شەڕ لە توركیا بەردەوام بێت. بە داخەوە لە بەرامبەر بەرەی پەكەكەدا لە نێو توركیایشدا چەندین پارت و لایەنی سیاسی هەن كە حەزیان لە بەردەوام بوونی شەڕە، چوونكە هەوڵدانەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ بێدەنگ كردنی چەكەكان وەكو هەوڵدانێك بۆ دابەش كردنی توركیا لە قەڵەم دەدەن. ئەم هەڵوێستەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا، هاوكارییەكی باشە بۆ پەكەكە و هانی پەكەكە دەدەن كە كار و چالاكییە چەكدارییەكانی خۆی لە دژی توركیا بەردەوام بكات. چوونكە ئەو پارت و لایەنە توركییانە دەزانن كە ئەگەر پەكەكە نەبێت ئەوا ئەوانیش ناتوانن لە نێو كۆمەڵگەی توركیدا سیاسەت بكەن.
پێشتر سوپا سیاسەتی توركیای بەرێوە دەبرد، بەڵام ئەمرۆ سیاسەت سوپا بەرێوە دەبات و هەر دوو دەستی خۆیان خستووەتە نێو دەستی یەكتر و دەیانەوێ كۆتایی بە شەڕ و خوێن رژاندن بهێنن بەڵام لە بەرامبەریاندا بەرەیەكی توركی و كوردی هەیە كە بە پێچەوانەوە هێشتاكە دەیانەوێ كە شەڕ بەردەوام بێت و پەكەكە لە پێناو مافی گەلی كورد و پرسی كورددا چەك بەكار بهێنێت.
دەوڵەت و سوپای توركیا ئامادەن كە لە رێگای دیالوگ و دانووستانەوە پرسی كورد چارەسەر بكەن و لە رێگای دەستووری نوێ توركیاوە دان بە مافە نەتەوەیی و كلتوورییەكانی گەلی كورددا بنن تا بەمجۆرە كۆتایی بە چالاكییە چەكدارییەكانی پەكەكە بهێنن، بەڵام پارتە بەرهەڵەستكارەكانی توركیا كە وەكو بەرەی توركی پشتگیری لە شەڕ دەكەن، لە دژی ئەم هەنگاوەی سوپا و دەسەڵاتی سیاسی توركیا و دەڵێن دان نان بە مافی گەلی كورد لە نێو دەستوور و چارەسەر كردنی پرسی كورد لە رێگای ئاشتییەوە بە واتە خۆ رادەست كردنی دەسەڵاتی سیاسی توركیا بە پەكەكەیە و پارچە كردنی توركیایە.
پەكەكەیش لە بەرامبەر هەڵوێستی پارتە بەرهەڵەستكارەكانی توركیا زۆر خۆشحاڵە و پێكەوە دەیانەوێ بۆ چەند ساڵی دیكە شەڕ درێژەی هەبێت، بەڵام وا بزانم رای گشتی تورك و كورد هاوكات لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی توركیادا كۆتایی بەم مەسەلەیە دەهێنرێت و ئاشتی باڵ بەسەر توركیادا دەكێشێت.
سەرچاوە: سەباح




