٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مانەوە و نەمانەوەی مالیكی

سەرچاوە: KDP.info

زكــرى مـووسـا
لادانی مالیكی داهێنانی نەریتێكی پڕبایەخە، چونكە بۆ یەكەم جارە لە مێژووی سیاسیی عێراقدا كەسێك بە شێوەیەكی دەستووری و یاسایی و بە پشتبەستن بە شێوازی دیموكراتی، لەسەر كار لادەبرێت.
یەكەم جاریشە كورد و سووننە و بەشێكی گرنگی شیعە لەسەر پلانێكی سیاسیدا هاوبەشن و هەروەها یەكەم جارە كورد تەوەری سەرەكیی پڕۆسەیەكی لەو چەشنەیە لە مێژووی عێراقدا.
ئەو پاساوانەی نەیارانی مالیكی بۆ سەندنەوەی متمانە دەیهێننەوە، بێهەژمارن. گەندەڵی و ناشەفافبوون و بەهەدەرچوونی داهاتە خەیاڵییە نەوتییەكان و كەمیی خزمەتگوزاری و تاكڕۆیی و پاوانكاریی سیاسی و دەركەوتنی فاشیزمی سەربازی و پێشێلكردنی دەستوور و دروستكردنی كێشە لە نێوان كورد و سووننە و شیعە و شیعە و دەیان بابەتی دیكە ئەو قەناعەتەی لای نەیارانی مالیكی ڕسكاندووە كە مانەوەی مالیكی بە واتای سەرهەڵدانەوەی دیكتاتۆرییەت دێت.لەو میانەیەدا دژایەتیكردنی پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی لە لایەن كۆمەڵێك پارلەمانتار و تەنانەت ڕۆشنبیری كوردەوە، مایەی نائوم دییە. هەندێكیان ئاڵۆزتربوونی كێشەكە و تووڕەیی مالیكی و هەوادارانی بە بابەتێكی مەترسیدار دەزانن.
پاساوی ژمارەیەكیان لەدەستدانی پۆست و پێگەی كوردە لە بەغدا و پاساوهێنانەوەی هەندێكیشیان پتر شەخسییە بە تایبەت ئەوانەی كێشە سەدساڵییەكەی كورد و بەغدا بە كێشەی شەخسیی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیران دەزانن. ژمارەیەكی دیكەیشیان ئەو بابەتە بە فرسەتێك دەزانن بۆ خۆتاقیكردنەوە و كردنەوەی بەختی سیاسییان.
پاساوەكان هەر چییەك بن، ئەنجامەكان لە دوو حاڵەت بەدەر نییە. یان مالیكی دەمێنێتەوە، یانیش متمانەی لێ دەسێندرێتەوە. مانەوەی مالیكی هیچ واتایەكی نییە جگە لە بەهێزتربوونی پێگەی ئێران لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا و یارمەتیدەری مانەوەی ئەسەدـیشە لە دەستەڵاتدا. مانەوەی مالیكی بە واتای شكستی ئەو هەوڵە دەستووری و دیموكراتیانە دێت كە بە نیاز بوو لە نماییشێكی دیموكراتیدا حكوومەت بگۆڕێت.
مانەوەی مالیكی بە مانای بەردەوامبوونی كێشە و قەیرانەكانی عێراق و پشتگوێخستنی دەستوور و بەهێزتربوونی ڕەگوڕیشەی دیكتاتۆرییەتی تاكحزبی دێت.
مانەوەی مالیكی بە واتای بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە دێت كە ڕێگەی لە جێبەجێبوونی ماددەی 140 دەگرت. مانەوەی مالیكی بە مانای لاوازی و كۆتایهاتنی ئەو ڕۆڵە دێت كە هەرێمی كوردستان لە گۆڕینی پارسەنگەكانی هێز لە بەغدادا هەیەتی.
شكستی كورد لە گۆڕینی مالیكیـدا بە مانای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی پاشكۆبوونی كورد لە عێراقدا دێت. مانەوەی مالیكی هەڵگری ئەو پەیامەیە كە لەمەودوا ئەوە بەغدایە حوكم لە چارەنووسی كوردستان دەكات و دووریش نییە كێشەكانی نێوماڵی كورد قووڵتر ببنەوە.
لە بەرانبەردا لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی بە مانای لادانی دیموكراتیانەی كەسێكە لە دەستەڵاتدا. جگە لەوەیش لادانی مالیكی دەبێتە هۆی لەتبوونی ناوماڵی شیعە بۆ ماوەیەكی درێژ كە ئەوەیش لە قازانجی دیموكراسییە و ئاستەنگ لە بەردەم تایفەگەریی سیاسی دروست دەكات.
لادانی مالیكی ئەو هەوڵانە پووچەڵ دەكاتەوە كە بۆ بەسەربازگەكردنی وڵات خراونەتە گەڕ. لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی بە مانای بەهێزیی كورد لە بڕیاری سیاسیدا دێت و دەرفەتێكی دیكەیش دەداتە كورد كە لە ڕێی دانوسانەوە قسە لەسەر مافە دەستوورییەكانی خۆی و ماددەی 140 بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار