گەڕان بە دوای جێگرەوەی دەوڵەتی عێراقدا

ئازا حەسیب قەرەداخی
لە سەروبەندی ئاڵوگۆڕە دراماتیكییەكانی سەرەتای دوادەیەی سەدەی رابردوودا و بە هۆی كاریگەرییەكانی چەردەیەك هۆكاری دەرەكییەوە كە بوونە جووڵێنەری هۆكارە ناوخۆییەكان، گەلی كوردستان شێوازێكی لە حوكمڕانێتیی خۆیی لە هەرێمی كوردستاندا دروست كرد. ئەم حوكمڕانێتییە دیفاكتۆیەك بوو لەسەر رێگەی دیموكراسی و گەشەكردن و كرانەوە لەناو عێراقێكدا كە لێوانلێو بوو لە دیكتاتۆری و وێرانی و داخران.
ئەوسا ئەم هەرێمە دیفاكتۆیە بە دوو سەر عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باجی هەموو ئەو سەرەڕۆییانەی دەدا كە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە گشتی و حوكمڕانێتیی بەعس بە تایبەتی كردبوونی و دەیكردن. لە دوای رووخانی ئەو رژێمەیشەوە، ئەم هەرێمە تەنیا لەبەر ئەوەی لە رووی جوگرافیای سیاسییەوە كەوتووەتە ناو ئەو عێراقەوە، هەر لەو كاتەوە تا ئەم ساتەیش باجی هەموو ئەو نەهاماتییانە دەدات كە لە هەناوی عێراقدا هەن.
هەناوی دەوڵەتێك كە هیچی تێدا وەكوو یەك نییە و پڕاوپڕە لە ناكۆكی و پیاهەڵپژانی بونیادیی.
ئەو دەوڵەتەی لە دروستبوونییەوە هەڵگری هەموو لێكنەچووەكان و ململانێكانی نێوانیانە. دەوڵەتێك بە زۆری زۆردارەكی و بە پێكەوەلكاندنی ناسرووشتی و ناهاوسەنگانەی چەند پێكهاتەیەكی لێكنەچووی ناكۆك دروست كراوە و تا هەنووكەیش هەر وا ماوە. یەكەمین پادشای ئەم دەوڵەتە كە فەیسەڵی یەكەمـە 1921-1933 بە حەسرەت و نیگەرانیی زۆرەوە، لە بارەی ئەم دەوڵەتەوە نووسیویەتی: لەو بڕوایەدام هێشتا لە عێراقدا شتێك نییە ناوی گەلی عێراق بێت، ئەوەی هەیە ژمارەیەك قەوارەی مرۆیی سەیروسەمەرەن، هیچ تێڕوانینێكی نیشتمانییان نییە، لێوانلێون لە دابونەریت و درۆ و دەلەسەی ئایینی، هیچ شتێك پێكەوە كۆیان ناكاتەوە، گوێ قوڵاغی قسەی خراپەن، مەیلیان بۆ فەوزا و پشێوییە....
ئەمە ئەو دەوڵەتەیە كە گەلی كوردستان تا هەنووكەیش باجی دروستبوون و مانەوەی دەدات.
بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، تەنیا شۆڕش و بەرخودان نەبووە بۆ رووخانی حكوومەتەكانی عێراق، یان گۆڕانی سیاسی لە هەلومەرجی دیاریكراودا، بەڵكوو گەڕانی كورد بووە بە دوای جێگرەوەیەكدا بۆ ئەم دەوڵەتە. جێگرەوەیەك ئیتر كورد باجی هەڵەشەیی و یەكترنەگرتن و لێنەچوون و ناهاوسەنگییەكەی نەدات. جێگرەوەیەك بنەمای بوونی بریتی بێت لە هاوسەنگی و شەراكەت لە ژیان و بەرژەوەندی و ئارامی و گەشەكردندا.
لە قۆناغە جیاجیاكانیدا، بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، ئەم جێگرەوەیەی لەناو خودی دەوڵەتی عێراق خۆیدا بینیوەتەوە كە دەوڵەتێكی دیموكراسی بێت، مافە رەواكانی گەلی كورد وەكو بەشێك لە ئیستیحقاقی جێبەجێكردنی دیموكراسی لەم دەوڵەتەدا بێنە دی.
لەم پێناوەیشدا گفتوگۆی زۆری لەگەڵ یەكە یەكەی حكوومەتەكانی عێراقدا كردووە، تەنازوولی زۆریشی پێشكەش كردوون، لە جیاتی هەنگاوێ چوار و پێنجیش چووەتە پێشەوە لێیان، وەلێ هەموو جارێ ئەم هەوڵانە شكستیان هێناوە و جگە لە نەهامەتی و زوڵمی زیاتر بەرهەمێكی ئەوتۆیان نەبووە.
بۆچی؟ چونكە ئەم عێراقە هەر ئەوە بووە كە هەبووە و كە هەیە. كێشەكان لەم حكوومەت و ئەو حكوومەتدا نەبوون تا بە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵیاندا جێگرەوە بدۆزرێتەوە و ستراتیژی شەراكەت و هاوسەنگیی لەناو دەوڵەتی عێراقدا دابمەزرێ.
بەڵكوو كێشەكە لە بونیاد و هەناوی دەوڵەتەكە خۆیدایە كە ناتوانێ جگە لە لێكنەچوون و ناكۆكی و ململانێ، شتێكی دیكە بەرهەم بهێنێ.
وا لە دەیەی یەكەمی سەدەی نوێیشدا، دوای رژێمی بەعس و لە سایەی دەستوورێكی جامیعی شاملی فیدراڵدا و لەگەڵ حوكمڕانێتیی برا زوڵملێكراوەكانی دوێنێماندا و لە سایەی هەژموونی چەمكەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و پێكەوەژیان و چەندینی دیكە لەو چەمكانەی لیبرالیزم و نیولیبرالیزم شانازییان پێوە دەكەن و دەیانەوێ بە هۆیەوە رۆژهەڵاتێكی ناوینی گەورە و نوێ دروست بكەن، گەلی كوردستان دەوڵەتی عێراقی تاقی كردەوە و گفتوگۆی زۆری لەگەڵ پێكهاتەكانی كرد، تەنازوولی زۆریشی بۆ كردن، كەچی عێراق هەر نەبووە ئەو جێگرەوەیەی ئومێدی پێی هەبووە.
ئەوەیش لەبەر ئەوە نییە كە نووری مالیكی خراپە و عەللاوی باشە، یان جەعفەری باشە و موتڵەگ خراپە، ئەم بڕگە و ماددەیەی دەستوور خراپن و پێویستە هەموار بكرێنەوە، یان ئەو بڕیارەی حكوومەت دروست نییە و دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە.
نەخێر هۆكارەكان لەوە قوڵتر رۆچوون بۆ ناو هەناوی ئەم دەوڵەتە كە پێكهاتەكانی هیچی یەكترییان قبووڵ نییە، هەر لە بنەڕەتەوە بوونی یەكترییان قبووڵ نییە.
ناتوانن لە دەوڵەتێكدا پێكەوە بن، چونكە هیچیان لە یەك ناچێ. هەرچەندە دەوڵەت قەوارەی كۆكردنەوەی لێكنەچوو و جیاوازەكانە، وەلێ پێویستە ئەم لێكنەچووە جیاوازانە، لەسەر بنەمای لێكچوونی یاسایی و دەستووری و هاوڵاتیبوون، هەست بە لێكچوون بكەن، هەست بە شەراكەت بكەن و لە ژیان و ئارامی و بەرژەوەندی و گەشەكردندا هاوسەنگ بن. ئەمە ئەو مەحاڵەیە كە لە عێراقدا رووی نەداوە و روو نادات.
چونكە لێكنەچووەكان تەنیا جیاواز نین، بەڵكوو هیچیان هەستی مرۆییان بە بوونی ئەوانی دیكە نییە و ستراتیژی هەر یەكەیان بریتییە لە نەمانی ئەوانی دیكە، نەك لەگەڵیاندا بژی و شەریكیان بێت لە دەوڵەتدا.
ئێستا ئەو قۆناغانە تێپەڕین و تاقیكردنەوە جۆراوجۆر و جیاوازەكانیش تەواو كران و دەرەنجامی هەموویشیان دەركەوتن. دەركەوت جێگرەوەی ناهاوسەنگی و زوڵمی دەوڵەتی عێراق لەناو دەوڵەتی عێراقدا نییە، بەڵكوو لەناو نەبوونی دەوڵەتی عێراقدایە. جێگرەوەی كێشە هەناوییەكانی دەوڵەتی عێراق لە هەناوی عێراقدا نین، بەڵكوو لە قەوارەیەكدان كە ئیتر نابێ ناوی عێراق بێت.
كەواتە ئەو جێگرەوەیە لە كوێدایە؟ بە بڕوای من ئەو جێگرەوەیە لەم بارودۆخەی ئێستادا لە دوو شوێنە، یەكەمیان: لە ستراتیژێكی شەراكەتی ئابووریی تەواوكەردا لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی و ناوچەكەدا، بە تایبەتی لەگەڵ توركیادا ئەمەیش ئەوەیە كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دەیكات.
دووەمیان: لە ستراتیژێكی سیاسیدایە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەستڕۆییشتوو، ئەورووپا و ئەمەریكا بە تایبەتی، كە ئیتر واز بێنن لە مانەوەی دەوڵەتی عێراق بەم پێكهاتە سەیروسەمەرە یەكنەگرتووە لێكنەچووە كە ساڵەهای ساڵە دەیانەوێ بە یەك پێوەر و بە یەك ئاڕاستە و بە یەك پەكجی وەكوو یەك مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و هەر شكست دێنن.
هاوكاریی گەلانی عێراق بكەن بۆ ئەوەی ببێتە سێ قەوارەی سیاسی كە ئەوسا مامەڵەكردن لەگەڵ هەریەكەیان پێوەر و رێوشوێنی جیاوازی دەبێت و شكست و سەركەوتنیش لەگەڵ هەر یەكەیان جیاواز دەبێت.




