٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئاماژەکانی ئەو ‌ڕۆژەی مالیکی گوتی: "زەمانی تەوافوق نەما"

سەرچاوە: KDP.info

کاروان ئاکرەیی
بەشی دووەم

کورد و دەستەڵات لە بەغدا
ئەمڕۆ ئەگەر بەپێی پرەنسیپە دیموكراتییەكانیش بێت، کورد ناتوانێت لە عێراقدا دەستەڵات بە دەستەوە بگرێت، چونکە كورد بەو پێیەی لە ڕووی نەتەوەییەوە كەمینەیە، ناتوانێ ئەو یارییە لەسەر بنەمای دیموكراسی و ژیانی پەرلەمانی‌ و هەڵبژاردنەکاندا بکات و بچێت لە بەغدا دەستەڵات بە دەستەوە بگرێ. جگە لەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆیشی لە دووبارە داڕشتنەوەی هەیکەلییەتی دەوڵەتی عێراقدا نابێت.بۆیە ئەم دەوڵەتەی عێراق كە دامەزراوە، دەوڵەتێكی نامۆ بووە و خاوەنی پێكهاتەگەلێكی جیاواز بووە، پێكهاتەكان پێكەوە کۆ نەدەکرانەوە، چونکە هەڵیان نەدەكرد، ناچار دەبووایە هێزێک هەبێ، ناوەندێك هەبێ، ئەو پێكهاتە جیاوازانە ناچار بكات لە چوارچێوەی دەوڵەتەكەدا بمێننەوە.

سەردەمی پاشایەتی و مەرکەزییەتی بەغدا
تا ئێستایش ئەم ڕۆشنبیرییە سیاسییە لە عێراقدا هەیە. هەر بۆیەیش هەموو دەستەڵاتەكان لە بەغدا كۆ دەكرانەوە، لە كەمترین نەفەسی دیموكراسی دەترسان، بە تایبەتی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان.. هەر نامەركەزییەتێك لە دەستەڵاتی سەردەمی پاشایەتیدا هەبووایە، بڕوام وایە كورد دەیقۆستەوە ئه‌وسا لەوانەیە؛بە جۆرێكی دیكە تەعبیری لە مافەكانی خۆی بكردایە، كە ئەمە لەگەڵ ئامانجی مانەوەی دەوڵەتی عێراقدا بەم شێوەیەی كە دامەزراوە و بەپێی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئینگلیز، نەدەهاتەوە.

خەونی بەغدایەکی بەهێز
بۆیە هەر لە زەمانی پاشایەتییەوە هەوڵ دراوە بەغدا بەهێز بێت. واتا یەك حوكم، یەك ناوەند، یەك دەستەڵات و یەك ئیدارە، ئەوە تا ئێستایش ئەو عەقڵییەتە زاڵە بەسەر مێشكی زۆربەی هەرە زۆری دەستەڵاتدارانی عێراقدا، بگرە ئەوانەی كە بەرەنگاری سەددامیش بوونەوە و ڕۆژگارێک ستەمیان بە دەست دیكتاتۆرییەتەوە چەشتووە، وەلێ خۆیان هەر لە خەونی ئەوەدان بەغدایەكی بەهێزیان هەبێت.لە ڕاستیدا، ئەم بەغدایە بەهێزە، زۆر ڕهه‌ندی دیکه‌ی لە ژێرەوەیە، لە هەمووی ئاشكراتر ئەوەیە؛ كە لە نامەركەزییەت دەترسن، چونكە كاتی خۆیشی ئەو خەڵكە بە ئیرادەی خۆی نەچووەتە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەوە. واتا نه‌ لە بەڕێوەبردن و نه‌له‌ شكڵی دەوڵەتیشدا هیچ كاتێك، ڕای خەڵك وەرنەگیراوە.

پێشینه‌یه‌کی ده‌یان ساڵه‌
كەواتە لە بەڕێوەبەردنەكەی ئەم عێراقەیشدا، مادام لە پێكەوەنانی دەوڵەتدا ڕای خەڵك وەرنەگیرابێت، لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشدا خەڵكیان بۆ گرنگ نییە. کەواتە هەر‌دەم دەستەڵات بەسەر خەڵك دەسەپێندرێت و خەڵكیش ناچارە ملكەچی ئەو یاسایانە بێت، كە مەركەزییەتی دەوڵەتی عێراق دەپارێزێت.تا پێش دیكتاتۆرییەت و تا ڕووخانی دیكتاتۆریییەتیش، حاڵی عێراق ئەوە بووە، دەیان ساڵ كولتووری مەركەزیكردنی بەغدا، كۆكردنەوەی دەستەڵاتەكان، پاوانكردنی هەموو سەروەت و سامان و تواناكان لە بەغدادا بووە. ئەمە پێشینەیەكی دەیان ساڵەی هەیە و وا بە ئاسانییش لە مێشكی خەڵك و ناوەندە سیاسییەكاندا كۆتایی نایەت چونکه‌ چه‌قی به‌ستوه‌.

سیاسەتی لەخۆباییبوونی عەرەب
ئەگەر مرۆڤ بە وردی له‌ یەكێك لەو هۆكارانە بكۆڵێتەوە، ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی خەڵكیش ڕۆڵیان هەبووە وخۆیان پێشگیریی ئەو مێژووەن، مێژووی دەوڵەتی مەركەزیی. لە دوای 14ـی تەمووزدا و لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا حوکمی دیكتاتۆرییەت، لە ئەنجامی پەرەسەندنی بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی عەرەب و سەرهەڵدانی عوروبەت، هەروا خولیای لووتبەرزی عەرەبی، لە ئاکامی پێكهێنانی چەندین دەوڵەتی عەرەبی لە ناوچەکەدا، بزووتنەوەی نەتەوەخوازی عەرەب سیاسەتی لەخۆباییبوونەکەیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕوو لە هەڵکشاندا بوو. ‌هەموو هەوڵەکانیش لە عێراقدا بۆ ئەوە بوون، ‌دان بە بوونی توخمێكی دیكەی نەتەوەییدا نەنرێت.که‌ سەردەمی دیكتاتۆرییەت هات، قۆناغێكی نوێی هێنایە کایه‌وه‌. بۆیه‌ وڵاتێك خاوەنی ئەم كولتوورە بووبێت، ئەم شێوە بەڕێوەبردنەی دیتبێت، ئەو ڕاهاتنەی میللەت لە دیكتاتۆرییەت و مەركەزییەت بۆ دەیان ساڵی هەبووبێت، ئەوە ئەنجامەکەیەتی که‌ ئیستا ده‌یبینین.

ڕووخانی سەددام و خولیای ئازادیی ڕەها
كاتێك سەددام ڕووخا دیكتاتۆرییەت نەما، لێرەوە خەڵكی عێراق دووچاری حاڵەتێک هات، خەڵكەكە هەر هەمووی بە دوای ئازادییەكی ڕەهادا دەگەڕا.. ئازادییەك بە یاسا سنووری بۆ دانەنرێت، هەر كەسێك و مەزهەبێك، هەر ناوەندێكی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیەك، هەر لایەنێكی سیاسی پێی وابوو، خۆی هەقە و هەوڵ و تێكۆشانی بۆ ئەوە بوو، زیاتر نفووزی خۆی بەهێز بکات، پێگەی خۆی قایم بکات و دەستەڵات بگرێتە دەست.هیچ یاسایەكیش نەبوو بۆ دیاریكردنی مەودای حەزی ئەم ناوەندە یان ئەو کەس و گرووپانە.هەر كەسە پێی وابوو بۆ خۆی ڕەوایە و بۆ ئەوی دی ناڕەوا، مادام بە ئازادی دیكتاتۆرییەت نەماوە، كەواتە بۆی هەیە سەرپێچی یاساییش بكەن، با تەعەددا لە ئازادییەكانی غەیری خۆیشی بكات، دنیا ئازادییە!! به‌ڵام ئازادییەكی شێواو، بێسەروبەرییەكی لە سەرتاسەری عێراقدا دروست كرد، بەم شێوەیە خەڵكەكە موماڕەسەی لەگەڵ سیاسەتدا دەكرد. خەڵك پێی وابوو ، مادام دیكتاتۆرییەت نەما ، ئیدی من ئازادم.. ئازادییەك كە بە تەجاوز لەسەر ئازادیی بەرانبەرەكەم بێت. بە داخەوە یەكێك لە هۆكارەكانی دیكە، که‌ كاردانەوەی بەسەر چالاكیی سیاسیی دەستەڵات لە بەغدادا هەبووبێت، ئەویش لە هەلومەرجێكی زۆر سەیریدا بوو، هەر كەس پێی وایە؛ باڵادەستە و پێی وایە؛ خۆی یاسا دادەنێت.

لەو سەروبەنده‌دا هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا ئه‌نجام دران، واتە ئەو بێسەروبەرییە كە لە جاددە هەبوو وەك بڵێی میللەتێك لە قەفەسدایە و قەفەسەكە بشكێنێت و خەڵكەكە بەڕەڵڵا بێت، هەر كەسە بە كەیفی خۆی هیچ سنوورێك بۆ حەز و ئارەزووەكانی خۆی قبووڵ ناكات. حەزەكانیشی هەتاهەتایە دەبێ جێبەجێ بێت. كەسیش بۆی نییە پێی بڵێ؛ كاكە ئەم حەزە نابێت، چونكە تۆ حەزی فڵان كەس دەكوژی، یان ئەمە سەرپێچییە، ئەمە نایاساییە.. خەڵكەكە لە حاڵەتێكی دەروونیی ناسەقامگیردا بوون.لە ساڵی 1991ـدا ئێمەیش لە كوردستاندا، جۆرێك لەو پشێوییەمان بۆ دروست بووبوو، بەڵام جیاوازییەکە ئەوە بوو، لە كوردستاندا دۆزێکی نەتەوەیی هەیە، حزبی سیاسی بوونی هەبوو، توانییان زوو پێ ڕابگەن و خەڵكەكە ڕێك بخەنه‌وه‌، ئەم حەز و ئارەزووەی خەڵك بكەن بە بەرنامەی سیاسی، لە خەڵك بچنە پێشەوە.

گرێكوێرەی مێژوویی و ململانێی مەزهەبی
دوای ڕووخانی سەددام، لە عێراقیشدا، پەرلەمان هاتە كایەوە و حكوومەتێك دامەزرا. به‌ڵام بۆ دوو ساڵ تا 2005، ئەو فەوزایە لە لای خەڵك پەرەی دەسەند، هەر كەس خۆی بە هەق دەزانی، هەر گرووپ و پێکهاتەیەک، پێی وابوو؛ دەستەڵاتەكە دەبێ لە لای ئەو بێ، هەرچی گرێكوێرەی مێژوویی هەبوو، کردیانە ماکی ناکۆکی و كەوتنە گیانی یەكتر، ئیتر ئەو شەڕە مەزهەبی و ناوخۆیی و تۆڵەسەندنەوەیەی لێ كەوتەوە. لەگەڵ ئەوەدا وەك بڵێی بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژی هەرچی سەروەت و سامانی عێراق بوو، كەوتە بەر تاڵان. كە هەڵبژاردنیش كرا دیارە ئەمەریكاییەكان مەبەستیان بووە یان نا، بەڵام ئاكامی هەڵبژاردنەكان بەم بێسەروبەرییە و تۆڵەسەندنەوە و رق و توندوتیژییەوە، هەندێکی گەیاندنە دەستەڵات.

تۆڵەکردنەوە لە مێژوو
ئەمەی بەم شێوەیە بیری كردبێتەوە و دواتر دەستەڵاتی كەوتبێتە دەست، دەبێ چ بڕوا و ئیرادەیەكی بەوە هەبێ بڵێ؛ ئێمە لە دیكتاتۆرییەت رزگارمان بووە و دەبێ دەوڵەتێكی ئیتیحادی یان فیدراڵی دروست بكەین.. زۆر زەحمەتە ئەو خەڵكە تێبگەیەنی، كە ئەمڕۆكە لە پەرلەمانی عێراق دانیشتوون.هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردنەكان ئه‌نجام دران، بێجگە لە كوردستان دەتوانم بڵێم؛ کە لە دۆخێکی ڕێكوپێكدا بووە، بەرنامە سیاسییەكەی روون بووە، خەڵكەكەیش دەیزانی بۆچی دەنگ دەدات، بە كێ دەدات. ئەوەیش فڕاكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی لێ كەوتەوە كە ئامانجەكانی چین و بۆچی هەوڵ دەدەن دواتر به‌ ڕۆشنی ده‌رکه‌وت. ئێستایشی لەگەڵدا بێ لەژێر کاریگه‌ریه‌کی پڕ له‌ ئینفیعالەوە زۆربەی زۆری ئەو ناوەندە سیاسیانەی عەرەب لە بەغدا بڕیار دەدەن.له‌م ڕه‌وشه‌دا، زۆرینەی شیعە هاتە گۆڕێ، ئه‌وان هەستیان كرد، بۆ دەیان ساڵ ژێردەستە بوونە، له‌ حاڵێکدا زۆرینەی خەڵكی عێراقن، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بۆ خولیای زۆرینەیی ئیشیان دەكرد.

مالیکی و وەلانانی تەوافوق
بەو خولیایە، هەوڵیان دا تۆڵە بكەنەوە، بەوەی كە پێیان وابوو؛ مادام خۆیان زۆرینەن، به‌ڵام بۆ دەیان ساڵە سوننەی كەمینە حوكمیان بە دەستە، کەچی ئەوان واتە شیعە، چییان كەمە؟ كە ئێستا ئەوان زۆرینەن. با ئەوان حوكمیان بە دەسته‌وه‌ بێ. بەداخەوە ئێستایشی لەگەڵدابێ لەناو ئەو زۆرینە شیعەیه‌ی عێراقدا، ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، وه‌ک زۆرینەن حوكم ده‌که‌ن، هەر بۆیە جەنابی مالیكی زۆر بە ڕەهاییەوە دەڵێ؛ زەمانی تەوافوق نەما.

زەمانی تەوافوق نەما، بەو مانایەی هێزە سیاسییەكان.. پێكهاتەكانی عێراق، كێ زۆرینەیە ئەو حوكم دەگرێتە دەست، كە ئەو حوكمی گرت بیەوێ و نەیەوێ لەوانەیە بڵێ؛ من دیموكراسیانە حوكم بەڕێوە دەبەم، بەڵام دیموكراسیانە، نابێ كە تۆ پێكهاتەی دیكەت هەبێ بە تایبەتی نەتەوەیی بە زۆرینەی خۆت، زۆرینەی حوكمیشت بە دەستەوە دەبێ، كەواتە لەسەر حیسابی چەوساندنەوەی نەتەوەكەی دیكە، بە تایبەتی كە لە دەستووردا هاتووە، عێراق لە دوو نەتەوە سه‌ره‌کی پێك هاتووە. ئەو خولیایەی زۆرینەی شیعە هەتا ئێستایش كاردانەوەی بەسەر پڕۆسەی سیاسی و دەربڕینی هەڵوێستی هێز و لایەنە شیعەكان هەیە.

کۆڕێکی سیاسی – شەقڵاوە. 20/11/2008

هەواڵی پەیوەندیدار