٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کولتوور و خولیای بەمەرکەزیکردنی حکوومەتی بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

کاروان ئاکرەیی

بەشی یەکەم

ئەوەی ئێستا بووەتە جێی پرسیار و مشتومڕێكی زۆر لە لایەن خەڵكی كوردستان و تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش بە گشتی، لە کۆڕێکدا لەساڵی 2008 بەم شێوەیە پێشبینیی دەستەڵاتی نووری مالیکی و بەرەو بەمەرکەزیکردنی حکوومەتی بەغدامان کرد.

خولیای پاشگەزبوونەوە
لە دوای ڕووخانی دیكتاتۆرییەت، هەڵبژاردن لە عێراقدا كرا و دەستوورێك داڕێژرا ،‌ ئەو دەستوورە ناسنامەی دەوڵەتی عێراقی بە وردی دەستنیشان كرد، كە دەوڵەتێكی ئیتیحادییە و خاوەنی سیستەمی فیدراڵی و دیموكراتی و پەرلەمانییە، ئەمە وەكو ناسنامە لە دەستووری عێراقدا هاتووە.بەڵام لە نێوان ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و ئەو خەڵكەی دەنگی بە دەستوور داوە، جیاوازی هەیە، چونکە گرنگە ئەوە بخرێتە بەر لێکدانەوەی وردەوە ، کە ئایا لە چ هەلومەرجێكدا دەستوور نووسرا و دەنگی بۆ درا، بە چ بڕوایەک بووە و هاوكێشەكانی ئەوسا و ئێستا چ گۆڕانكارییەکیان بەسەردا هاتووە؟

ئێستا لێرە و لەوێ ئەوە بەدی دەکرێ کە لە لایەن هەندێ لایەنی سیاسی و كەسایەتی و ناوەندی دەستەڵاتی بەغداوە، سیستەمی فیدراڵی خراوەتە بەردەم پرسیار و مەیل و خولیای پاشگەزبوونەوەوە.ئایا كۆسپ و تەگەرەكانی سەر ڕێگەی چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی چین؟ بۆچی لە دەستووردا عێراق به‌ دەوڵەتێكی ئیتیحادی پێناسه‌کراوه‌ ، كەچی لێرە و لەوێ زیاتر هەوڵی بەمەركەزیكردن دەدرێ؟ ئەگەر ڕۆشناییەک بخەینە سەر پێشینە سیاسییەكه‌ی عێراق و پێكهاتەكانی ئەم دەوڵەتە، دەبینین ئەو مەیلە و خولیای ئێستا و پاشگەزبوونەوە لە سیستەمی فیدراڵی، لە چییەوە سەر هەڵدەدا.

كولتووری مەركەزییەت
بەداخەوە زۆر جار لە قسەكردن، وتار، دیمانە و بگرە جاری وا هەیە لە ڕاگەیاندنی ئێمەیشدا كە باسی بەغدا دەكرێ، دەڵێن: ناوەند ، یان حكوومەتی ناوەندی، لە کاتێکدا بەپێی دەستووری عێراق شتێك نییە بە ناوی حكوومەتی مەركەزییەوە، شتێكیش نییە بە ناوی مەركەزەوە. دەكرێ بڵێی مەركەزیی فیدراڵی، بەڵام كە گوتت: فیدراڵیی ، مەركەز، بۆخۆی مانایەك نابەخشێت. وشەی مەركەزییەت بەپێی دەستوور بە هیچ جۆرێك لەگەڵ ناسنامەی ئێستای عێراقدا نایەتەوە. كەواتە ئەوانەی كە بەكاری دەهێنن، یان لە كەمبایەخی و بێدیقەتییە، یان لە نەزانییەوەیە، یانیش مەبەستیان هەیە.! عەرەبەكان زۆرتر باس لە مەركەزییەت دەكەن، بەڵام ئەوان بە مەبەست باسی لێوە دەكەن. بە تایبەتی دەیان ساڵە پێشینەی كولتووری مەركەزییەت و كۆكردنەوەی دەستەڵاتیان هەیە.

ئارەزووی بەغدایەکی بەهەیبەت
هەر وەک ئێستایش لای خەڵكی عێراقی، بەغدا هەر ئەو بەغدایەی جارانە، كە دەبێ لێی بترسین. کەواتە ئەو كولتوورە لەناو خەڵكی ئەو وڵاتەدا هەر باوە و هەر ماوە. هەرچەندە لە كوردستانیشدا زۆر كاڵ بووەتەوە، بەڵام دیسان ئەو ترسەی كە جاران هەمانبووە لە بەغدا، هەندێ لە ناوەندیی دەستەڵات، كە دەستەڵاتی فیدراڵی و ئیتیحادین هەوڵ دەدەن ئەو ترس و لەرزە هەر بمێنێ و خەڵك هەر ئەو حیسابە بۆ بەغدا بكا و بەغدایەكی بەهەیبەت بێ.پێیان وایە ئێستایش ئەو هەیبەتە لە مەركەزیكردنی دەستەڵاتدایە، نەك بەئیتیحادیكردنی دەستەڵات. یەكێ لەو هۆكارە سه‌ره‌کییانه‌ی كە زەمینەیەكە بۆ زۆربەی هەرە زۆری ئەو شۆڤێنیستانەی عەرەبن كە بەناو تەیاراتی ئیسلامی ئیش دەكەن، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو كولتوورەی عێراقن.

دەوڵەتێکی نامۆ
توركیا ئیمپراتۆرییەتێك بووە لە شەڕی یەكەمی جیهانیدا تێك شكا، بەڵام ئەوان توانییان بە بزووتنەوەی كەمالیستەكان، هەندێ لەو خاكەی كە لە بن ده‌ستی عوسمانییەكاندا بوو، پاوان بكەن و دەستەڵاتی خۆیان بەسەریدا بسەپێنن و دەوڵەتێكیان دروست كرد ، بە ناوی كۆماری توركیاوە. ئەم توركیایە، سه‌ره‌تا كۆمارێكی زۆر ناڕۆشن نامۆ نەبوو، چونكە پێشینەیەكی دەستەڵاتیان هەبوو، لەم دەڤەرە و تا ئەورووپا ، عوسمانییەكان بە سەدان ساڵ ئیمپراتۆرییەتیان بەڕێوە بردبوو.به‌ڵام ئەوەی كە لە عێراقدا دروست بوو، بۆخۆی دەوڵەتێكی نامۆ بوو، چونكە پێشنەیەكی نەبوو تا بڵێی ئەمە عێراقە. ڕەنگە مێژووناسان لەسەر ئەوە کۆک نه‌بن تەفسیراتی زۆریش هەڵبگرێ. چونکە عێراق سەرەتا دوو سێ ویلایەتێك بووە، ئەو ویلایەتانەیش هەر كەسە لەسەر شێوەی ویلایەتی ئیسلامی، لە بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیاندا جۆرێك لە فیدراڵییان پیادە دەكرد.كەواتە كیانێكی سیاسیی وەكو عێراق ، كە كاتی خۆی ئینگلیز پێی داگرت، لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەوسای خۆی و فەڕەنسا بیگونجێنێ کە بە پلەی یەک بەو ئیعتیبارەی دوو دەوڵەتی براوەی شەڕی یەكەمی جیهانی بوون، بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هاوكێشەكانی ناوچەکە ،ئه‌وان هەستان بە دروستكردنی ئەو دەوڵەتە لە بەینی توركیا، ئێران و عەرەبدا ، ئەم دەوڵەتەیان دروست كرد و ناویان نا دەوڵەتی عێراق.

زۆرینەیەکی ناتەبا
ئەم وڵاته‌ هەر لە پێكهاتەكەیەوە ، بە حوكمی ئەوەی زۆرینەی عەرەبە، بەڵام زۆرینەیەكی ناتەبا، خۆی لە خۆیدا دەوڵەتێكی لەرزۆك بووە.ئێمەی خەڵكی كوردستانیش بە زۆری خراینە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەوە و بەخورتی بە بێ ئەوەی كەس لێمان بپرسێ و ڕامان وەربگرێ. ئەو كات ڕەنگە ئاگاییە سیاسییەكەی ئێمەیش وەكوو خەڵكی كوردستان لەو ئاستەدا نەبووبێ ، بتوانین هەڵوێست وەربگرین، ناڕەزایی دەرببڕین و كۆسپ لە بەردەم دروستبوونی ئەم دەوڵەتە تازەیەدا دروست بكەین. ناچار تەسلیم بە ئەمری واقیع بووین و بەم پێكهاتە جیاجیایانە ئەم دەوڵەتە هاتە كایەوە. کە لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەكو دەوڵەتێكی نامۆ دەرکەوت ، پێكهاتەكانیشی لەگەڵ یەكتردا هەمیشە تەبا نەبوونە. ناچار دەبووایە دەستەڵاتێكی بەهێز هەبێ ، بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە وەكو خۆی بمێنێ.

زەمینەی دیکتاتۆرییەت
ئەگەر بگەڕێینەوە ساڵانی دیكتاتۆرییەت، دیكتاتۆرییەت تەنیا خولیای کەسایەتیی دیكتاتۆر نییە، بەڵكوو زەمینەیەك هەیە، دیكتاتۆر بەرهەم دێنێ ، یانی سەددام حوسێن لە ئەنجامی هەلومەرجی دەوڵەتی عێراق و پێكهاتەکەی و پێویستیی مانەوە و پاراستنی ئەم دەوڵەتە دروست بوو، دەبووایە دیكتاتۆر هەبووایە. بۆیه‌ ئەگەرسەددام یش نەبووایە، كەسێكی دیكە دەبوو. ئەو زەمینە ئابوورییە، كولتوورییەوكۆمەڵایەتییەی كە لە عێراقدا هەبووە، بۆ خۆی یارمەتیدەرێکی به‌هێز بووە ، بۆ ئەوەی دیكتاتۆرێك هەستێ بە داڕشتنی سیستەمێكی دیكتاتۆریی تۆكمە ، كە دەستەڵاتی تاكەكەسی باڵای بە دەست بێ و خۆی قانوون بێ، بڕیاردەر بێ، خۆی هەموو شتێك بێ.

حوکمی پادشایەتی و کێشەی کورد
بێجگە لەوە، ئەگەر بگەڕێنیینەوە ساڵانی دەستەڵاتی پاشایەتی لە عێراق، دیسان لەوێیش جۆرێك لە سەركوتكردن هەبووە هەرچەندە سیستەمەكە پەرلەمانی بووە، هەڵبژاردنێك دەكرا نوێنەران دەچوونە بەغدا و ئینكاری ئەوە نەدەكرا كە نەتەوەیەكی دیكە بە ناوی كوردەوە هەیە، بۆ نموونە خوێندنی كوردی قەدەغە نەكراوە، بەڵام دیسان هەوڵەكە بۆ ئەوە بووە كە ئەو پێكەوەلكاندنەی دەوڵەتی عێراق وەكو خۆی بمێنێ. بە تایبەتی پێكەوەلكاندنەی كوردستان بە بەشە عەرەبییەكەی عێراق وەكو خۆی بمێنێ، بۆیە حوكمی پادشایەتی زۆر بە حەساسییەتەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا دەكرد.

زۆرینە و کەمینە
ڕۆژێ لە ڕۆژان دەفەتی ئەوە بۆ كورد نەدەڕەخسا كە تەعبیر لە خۆی بكا و بڵێ من نەتەوەیەكی جیاوازم و لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا دەژیم كە زۆرینەی عەرەبە، هەر بەو پێكهاتەیەی كە زۆرینەی عەرەبە من دەبمە نەتەوەیەكی بچووكتر و دەبمە كەمینەیەك و كەواتە لە هەڵبژاردنەكانیشدا منی کورد، ئەو دەرفەتەم بۆ نابێ، هەر ژێردەستە و مافخوراو دەمێنمەوە.

کۆڕێکی سیاسی – شەقڵاوە. 20/11/2008

 

هەواڵی پەیوەندیدار