٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئایا توركیا ئامادەیە دان بە هەبوونی كورددا بنێت؟

سەرچاوە: KDP.info

موراد ئاكسوی

هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و پروسەی ئاشتەوایی لە توركیا، زۆربەی هەرە زۆری رۆشنبیر و نووسەرەكانی ئێمەیش دەستیان بە نووساندنی بابەتگەلی جوراوجۆر سەبارەت بە كورد و مەسەلەی كورد كردووە. كاتێك كە سەیری ئەم بابەت و نووسینانە دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە هەر كەس بە پێ بیروبۆچوونی خۆی تێوەرێكی بۆ چارەسەری پرسی كورد ئامادە كردووە بەڵام هیچ یەك لە نووسەرەكانی ئێمە ئاماژەیان بەوە نەكردووە كە ئایا توركیا و سیستەمی سیاسی توركیا و رای گشتی توركیا ئامادەن كە بەر لە هەر شتێك دان بە هەبوونی كورد وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی توركیادا بنن.

منیش وەكو ئەو نووسەرانە سەبارەت بە مەسەلەی كورد چەندین بابەتی جوراوجۆرم نووسیوە. بەڵام بۆ یەكەمینجار لە كاتی رووداوەكەی روبوسكیدا سەبارەت بە مەسەلەی كورد هەستم بە ناتەوانی و بێچارەیی خۆم كرد.

لە كاتی رووداوەكەی روبوسكیدا لەگەڵ نووسەری ناودار هەلال قاپڵان پێكەوە سەردانی روبوسكی و كەسوكاری قوربانیانی روودەواكەمان كرد. كاتێك كە لەگەڵ كەسوكاری قوربانییەكاندا گفتووگۆمان دەكرد ئەو كاتە زانیم كە ئەو بابەت و نووسینانەی كە لە رۆژنامەكان بڵاومان كردوونەتەوە و ئەو بەرنامانەی كە سەبارەت بە پرسی كورد لە كاناڵە تەلەفزیونییەكاندا پێشكەش كراون هەر هەموومان بەبێ سوود بوونە و قسەی لە سەر هەوا بوونە.

كاتێك كە سەیری ئەو دایكانەم دەكرد كە دوعایان دەكرد و وێنەی منداڵەكانیان ماچ دەكرد من هەستم بەبێ واتە بوونی نووسین و بابەتەكانی هەر هەمووی نووسەرەكانی توركیا سەبارەت بە پرسی كورد كرد. ئەو دایكانە سەرەڕای ئەو هەموو ئێش و ئازارە، كاتێك كە ئێمەیان مێوان كرد و لەگەڵ ئێمەدا دەستیان بە گفتووگۆ كرد بۆم روون بوویەوە كە ئەوان زیاتر لە من و زۆربەی هەرە زۆری نووسەرەكانی توركیا زاناتر و عاقڵترن.

منیش سەبارەت بە رووداوەكەی روبوسكی چەندین بابەتم نووسی بوو بەڵام كاتێك كە چوومە روبوسكی و بە چاوی خۆم راستییەكانم بینی ئەو كاتە زانیم كە نووسینەكانی منیش بریاری پێش وەختن و هیچ جۆرە بنەمایەكی زانستییان نەبووە، چوونكە كاتێك كە بابەتەكانمان دەنووساند وامان دەزانی كە كەس لە ئێمە باشتر ناتوانێت راستییەكان شرۆڤە بكات بەڵام لە روبوسكی راستییەكان شتێكی جیاوازن.

مەسەلەی نووسینەكانی ئێمە لە سەر پرسی كورد تەنیا بۆ من روون نەبووەتەوە بەڵكۆ سەرۆكی ناوەندی تەسەڤە جان پەكەریش كە وەكو سەرۆكی تیمی كومیتەی عەقڵمەندان سەردانی ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵی كردووە هەستی بەم راستییە كردووە.

جان پەكەر وەكو سەرۆكی ناوەندی تەسەڤە و وەكو سەرۆكی تیمی كومیتەی عەقڵمەندان سەردانی ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی كردووە و دوای گەڕانەوەی خۆی لەو ناوچانەدا پێكەوە دانیشتین و سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەر كردنی پرسی كورد و ئەو هەنگاوانەی كە تا ئێستا نراون وتووێژمان كرد.

جان پەكەر بەر لەوەی دەست بە قسەكانی بكات وتی: بە راستی ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە پرسی كورد بناسین و شرۆڤەی بكەین و ئەمەیش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ئەو بابەت و نووسینانەی یا ئەو لێكۆڵینەوانەی كە سەبارەت بە پرسی كورد تا ئێستا نووسیومانن زۆر دوور بن لە راستی پرسی كورد و داواكارییەكانی كۆمەڵگەی كوردی.

جان پەكەر وتی: ئێمە پێشتر وەكو ناوەندی تەسەڤە چەندین لێكۆڵینەوە و راپورتمان سەبارەت بە پرسی كورد و چۆنیەتی چارەسەر كردنی پرسی كورد ئامادە كردبوو و ئەو راپورتانەیش لە لایەن هەر كەسەوە بە گرنگ و ئەرێنی لە قەڵەم دران، بەڵام من ئەمرۆ هەستم بەوە كرد كە زۆربەی هەرە زۆری ئەو راپورت و لێكۆڵینەوانە هەڵە و دوور لە بنەمای زانستی بوونە، چوونكە ئێمە بەبێ داننان بە هەبوونی كورد دەستمان بە شرۆڤە كردنی پرسی كورد و دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ ئەم پرسە كردووە و ئەمەیش هەڵەیەكی یەكجار گەورەیە.

بەڵێ نەتەنیا تەسەڤە بەڵكو زۆربەی هەرە زۆری روشنبیر و نووسەرەكانی توركیا بەبێ ئەوەی كە دان بە هەبوونی كورددا بنن، دەستیان بە پێشكەش كردنی تێوەری جوراوجۆر سەبارەت بە پرسی كورد و چارەسەر كردنی پرسی كورد كردووە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەنگاوێك بنن. چوونكە ئەو كەسانە كە ئەم بابەتانەیان نووساندووە، یەكەم هیچ گرنگییەكان بە هەبوونی كورد وەكو پێكهاتەیەكی ئەتنیكی و كلتووری توركیا نەداوە و دووەم راستی كۆمەڵگەی كوردی و پرسی كوردیان لە بەرچاو نەگرتووە. سیستەمی سیاسی توركیایش هەر وەكو نووسەر و روشنبیرەكانی توركیا تووشی هەڵەیەكی بەمجۆرە بووە و لە ئەنجامدا سیستەمی سیاسی لە بەرامبەر پرسی كورددا دانی بە بێ چارەیی خۆیدا ناوە.

ئەو هەنگاوانەی كە لەم دواییانە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە لایەن دەوڵەت و سیستەمی سیاسی توركیاوە نراون جۆرەیەك دان نانی سیستەمی سیاسی بە بێ چارە بوونی خۆی لە بەرامبەر پرسی كوردە. بەڵام من پێم وانییە كە پرسی كورد بە دانانی چەك لە لایەن پەكەكەیەوە یا خۆ كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە چارەسەر بكرێت. چوونكە كێشەی سەرەكە پەكەكە و مەسەلەی پەكەكە نییە و پەكەكە هۆكاری پرسی كورد نییە بەڵكو پەكەكە بەرهەمی پرسی كوردە و پرسی كوردیش سەرچاوەی خۆی لە دان نەنانی سیستەمی سیاسی و یاسایی توركیا بە هەبوونی كورددا دەگرێت.

بۆیە پێویستە سیستەمی سیاسی و یاسایی توركیا و نووسەر و روشنبیرەكانی توركیا بەر لە هەر جۆرە هەنگاوێك وەڵامی ئەم پرسە بدەنەوە كە ئایا ئامادەن لە رووی سیاسی، یاسایی و كۆمەڵایەتییەوە دان بە هەبوونی كورد وەكو پێكهاتەیەكی كۆمەڵگەی توركیا بنن یا نا؟

پێم وایە ئەگەر ئێمە بتوانین بە دڵ لە رووی سیاسی و یاساییەوە دان بە هەبوونی كورددا بنن و ئەمە بۆ كۆمەڵگەی كوردی لە هەر روویەوە بسەلمێنین ئەو كاتە چارەسەر كردنی پرسی كورد زۆر ئاسانتر دەبێت.

سەرچاوە: یەنی شەفەق

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار