٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەرێ بەراستی كورد نەزانە؟

سەرچاوە: KDP.info

ئەیۆب جان

ئەم پرسە پرسی من نییە و لە من نەكراوە بەڵكو پرسی سیاسەتمەداری كورد و یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی ئاكەپە دەنگیر میر مەحمەد فراتە. دەنگیر میر محەمەد فرات یەكێكە لە سیاسەتمەدارەكانی توركیا كە قسەی خۆی بەبێ سانسور دەكات و شەرمیش لە كەس ناكات. هەفتەی رابردوو ئەرتۆغرۆڵ ئوزكوك لە بابەتێكی خۆیدا نووسی بووی: با كورد و تورك بە شێوەیەكی برایانە و دوستانە لە یەكتر جیا ببنەوە.

منیش بۆ گفتووگۆ كردن لە سەر ئەم بابەتە سەردانی سیاسەتمەداری كورد و یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی ئاكەپە دەنگیر میرمەحمەد فراتم كرد و سەبارەت بە جیابوونەوەی دوستانەی كورد و تورك گفتووگۆیەكی دوور و درێژمان كرد.

كاتێك كە من دەستم بە قسە كردن لە سەر ئەم مەسەلەیە كرد دەنگیر میرمحمەد فرات زۆر بە ئاشكرایی وتی: دەمەوێ شتێك بەو كەسانە كە بە ترسی جیابوونەی كورد دەژین و بەو كەسانە كە داوای جیابوونەوەی دوستانە دەكەن بڵێم. یەكەم رەگەزپەرەستی كوردی زۆرتر لە رەگەزپەرەستی توركی گرێدراوی پیوانە ئەخلاقییەكانە، دووەم كورد ئەوەندە نەزان نییە كە داوای جیا بوونەوە لە توركیا بكات.

پارچە كردنی توركیا كارێكی ئاسان نییە و كوردیش بە هیچ شێوەیەك داوای پارچە كردنی توركیا و جیابوونەوەی خۆی لە توركیا ناكات چوونكە كورد تەنیا لە باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵدا ناژێت، زۆربەی هەرە زۆری مەتروپولەكانی رۆژئاوای توركیا هاووڵاتی كوردی تێیادایە، لە ئانكارا، ئەستەنبووڵ، ئەزمیر، سامسون و بۆرسا....

ئەگەر ئەمرۆ بە كورد بڵێن خێرابە لە توركیا جیا ببەوە كورد جیا نابێتەوە و ئێوەیش ناتوانن جیای بكەینەوە، ئایا دەتوانن كورد لە ئەستەنبووڵ، لە ئانكارا، لە بۆرسا دەربكەی؟ ئایا بۆتان دەكرێت كە لە ئەستەنبووڵ یا لە ئانكارا كوردستانێكیان بۆ دابمەزرێنن؟

چەندە كورد لە ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵدا دەژین، هەر ئەوەندەیش لە شارەكانی رۆژئاوای توركیادا دەژین. بارودۆخی توركیا وەكو بارودۆخی عێراق، ئێران و سووریا نییە. لەو سێ وڵاتە زۆر بە ئاسانی دەتوانی كورد لە عەرەب و فارس جیا بكەیتەوە و لە نێوانیاندا سنوورێك دەستنیشان بكەی چوونكە هەم لە روی جوگرافییەوە جیاوازی هەیە هەم لە رووی كۆمەڵایەتییەوە زۆر تێكەڵی یەكتر نەبوونە، بەڵام لە توركیا ئەم بارودۆخە بە پێچەوانەوەیە.

كورد فێری ژیان لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا بووە. ناتوانێت ئەستەنبووڵ بەجێ بهێلێت و بچێتەوە نێو شاخەكانی دەرسیمدا ژیان بكات. ناتوانێت بۆرسا یا قۆش ئاداسێ بەجێ بهێلێت و بچێتەوە حەكاری و شەمزینان ژیان بكات. من سێ جار چووە كوردستانی عێراق، ئاواتی هەرە سەرەكی زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستانی عێراقیش ئەوەیە كە لە ئەستەنبووڵ یا یەكێك لە شارەكانی رۆژئاوای توركیادا ببن خاوەن خانوو.

دەوڵەتی توركیا هەڵەی زۆر گەورەی كردووە و دەكات. ئەگەر دەوڵەت شارەكانی وەكو دیاربەكر، وان و سێرت و مەرسینی ئاوەدان كردبایەوە، ئەوا كوردەكانی عێراق، سووریا، ئێرانیش دەهاتن لەو شارانە بۆ خۆیان دەگەڕان و ئەمەیش دەبوو بە هۆكاری بۆژاندنەوەی ئەو ناوچانە و بەمجۆرەیش شتێك بە ناوی پرسی كورد نەدەما و ئەو ناوچانەیش دواكەوتوو نەدەبوون. بۆ نموونە ئەگەر دیاربەكر ئاوەدان كرابایەوە، كوردێك لە هەولێر یا لە سنە یا لە عەفرین دەهات لە دیاربەكر بۆ خۆی دەگەڕیا و دەمایەوە، هەم پارەیشی هەیە هەم زمانیشی هەر یەك زمانە. ئەمە خزمەتی ئابووری توركیایشی دەكرد. بەڵام دەوڵەتی توركیا بە هۆی ترسی خۆی لە دابەش بوونی ئەم كارەی نەكردووە و ئەمەیش هەڵەیەكی یەكجار گەورەی دەوڵەتی توركیایە. ئێمە لە پارچە بوونی توركیا دەترسین و كوردیش چاوی خۆی بەرداوەتە شارەكانی رۆژئاوای توركیا و رۆژبە رۆژ رێژەی كورد لەو شارانەدا روو لە زیاد بوون دەكات.

پێویستە دەوڵەت كارێك بكات كە كوردی توركیا لە رەگەزپەرەستی كوردی رزگار بكات و بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێت توركیا بۆ خۆی سەرەتا خۆی دیموكراتیك بكات و دواتر دەست بە دیموكراتیزە كردنی سیاسەتی كوردیش بكات.

پێویستە رەگەزپەرەستی كوردی و رەگەز پەرەستی توركی لە یەكتر جیا بكرێنەتەوە، هەر چەند رەگەز پەرەستی كوردی پیشكەوتووتر و سەردەمیانەترە لە رەگەزپەرەستی توركی، بەڵام پێویستە هەر دوو لە یەكتر جیا بكرێنەتەوە.

ئەگەر توركیا بتوانێت ئەو قۆناخەی كە دەستی پێكردووە بە رێكوپێكی بەرێوە ببات و ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵات لە رووی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە تۆزێكی دیكە ئاوەدان بكاتەوە، ئەوا كورد بە هیچ شێوەیەك بیر لە جیا بوونەوە لە توركیا ناكات. ئەگەر شارە كوردییەكانیش ببنە خاوەن ئەو دەرفەتانەی كە لە نێو شارەكانی رۆژئاوادا هەن، ئەو كاتە كورد شێت نییە كە بیر لە جیابوونەوەی خۆی لە توركیا بكات.

نازانم ترسی ئێمە لە جیابوونەوەی كورد تا كەی بەردەوام دەبێت بەڵام دەزانم ئەم ترسە ترسێكی بێ بنەمایە چوونكە كورد بیر لە جیابوونەوە ناكات و كوردانی وڵاتانی دیكەیش وردە وردە خەریكن خۆیان نزیكی توركیا و كوردەكانی توركیا دەكەنەوە و مانای ئەمەیش ئەوەیە كە توركیا بووەتە ناوەندێكی سەرنج راكێش بۆ كورد بە گشتی.

سەرچاوە. رادیكاڵ

هەواڵی پەیوەندیدار