٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نەوتە کیمیاوییەکە

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

 مەسەلەکە رۆژ بەرۆژ لە سوریای ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد خراپ و سەختر دەبێت، کوشتار بەردەوامە و دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە بەریتانیا و فەرەنسا  بەڵگەی یەکلاکەرەوەیان بەدەستەوەیە کە هێزەکانی سوپای سوریا چەکی قەدەغەکراوی کیمیاویان دژی خەڵکی سڤیل بەکارهێناوە، دیارە ئەم تۆمەتبارکردن و دۆزینەوەی ئەو بەڵگانە مەترسیدارە، چونکە لەلایەک دەبێتە هۆی راستەوخۆ تاوانبارکردنی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە کۆمەلکوژی و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی. کەئەمش دەبێت سزای نێودەوڵەتی بدرێت. لەئالەکی دیکەشدا ئەگەر مەسەلە وا دەرنەچێت، دیسان ئاراستەکە ترسناکتر دەبێت، چونکە لایەنگرانی رژێمەکەی سوریا تاکەیان باشتر سوراتر و قسەیان رەوانتر دەبێت، بۆ پتر داکۆکیکردن لە بەشار ئەسەد و درێژەدان بەم سیاسەتەی کە کوشتن و قڕکردنی رۆژانەی خەڵکی درێژەی هەیە. کارەکە گەیشتە ئەوەی ئەمەریکاش رایبەگەینێت کە هێزەکانی سوریا چەکی قەدەغەکراوی کیمیاویان بەکارهێناوە و توێژەرێکی ئیسرائیلیش لە وەزارەتی بەرگری رایگەیاند کە سوریا ئەم چەکەی بەکارهێناوە. بەڵام هێشتا ئەگەر و توێژینەوە و  قسەکردنە لە ترسێکی گەورە. کە رەنگە ئەو بانگەشە و بەڵگانە هێندەی ببەنە فشار دژی بەشار ئەسەد، دە هێندەش ترس و کەشی دڵەراوکێ لای بەرهەڵستکاران  و خەڵکی سڤیل دروست بکات. دوور نییە دەسەڵاتە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بە خێرایی نەگیرێتە بەر، پێچەوانە ئەم مەسەلەیە کاریگەری سلبی و بێ هیوابوون  و دوورکەوتنەوەی هێزەکانی بەرهەڵستکاری لە نێو خاکی سوریا بەرە و دەرەوە دروست بکات. لەبیرمانە لە ساڵی هەشا و هەشتدا کە سەدام حوسێن بە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەکی کیمیاوی دژی کورد بەکارهێنا، لە ئەنجامی بێدەنگی دەوڵەتە زلهێزەکان بەرانبەر تاوانی فاشیانەی سەدام حوسێن، کورد لە رووی دەروونی تێکشکا و نەیتوانی چیدیکە ناوچە ئازادکراوەکان لە بەردەم هێرشی کیمیاوی و جینۆساید بپارێزێت.

لەو کاڤەی باسی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دەکرێت، هەواڵێکی دیکە بۆ سازدانی زەمینەی سایکۆلۆژی لە پێناو بەهێزکردنی بەرهەڵستکارانی سوریا دەبێتە مانشێتی رۆژنامەکان ئەویش (بڕیاری یەکێتی ئەوروپایە، کە رێگە بە بەرهەڵستکارەکان دەدات نەوتی سوریا بفرۆشن، کەچی پێش ئەو بڕیارە، وەکو سزا دژی رژێمی بەشار ئەسەد، نەوت فرۆشتنی سوریا قەدەغە کرابوو).  ئەڤە کەتوارێکی نوێیە لە مەڕ ئایندەی سوریا. لەلایەک بە کارهێنانی چەکی کیمیاوی وروژێنراوە، لەهەمان گاڤیشدا رێگە بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دراوە نەوتی سوریا کۆنترۆل بکەن و بیفرۆشن.  تاکو کاروباری خۆیانی پێ رایبکەن.

مەسەلە چەندە روونە کە فشارەکان بە ئاراستەی قرتاندنی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەنووکەی سوریایە، لە هەمان کاتیشدا سازاندنی زەمینەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ سنودارکردن  و گۆڕانکاری سوریا لە رێگەی بڕیارێکی نێودەوڵەتی. لە هەمان کاتیشدا سورییەکان نایشارنەوە، کە بیرە نەوتەکانی (دێرزور) لە ساڵی 2012ەوە لەژێر کۆنترۆلی بەرەی توندرەوی نەسەرەیە. دوور نییە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا  نەوتەکەی سوریا کیمیاوی بکات و شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی بەرهەڵستکارانی سوریا توند بکات، چونکە سوپای سوریا ئازاد، راشکاوانە گوتیەتی پێویستمان بە 30هەزار چەکدار دەبێت بۆ کۆنترۆلکردن و پاراستنی نەوت و فرۆشتنی، ئەمەش تەنیا بە هاوکاری رۆژئاوا دەکرێت، چونکە هێزەکانی خۆیان رانەهێنراون و بەشی زۆریشیان کەسانی مەدەنین و کاروباری سەربازی نازانن. هەورەها پێویستیان بەنزیکەی 40ملیۆن دۆلار دەبێت، تا  مانگانە بیدەنە جەنگاوەرەکانیان. دیارە ئەویش تەنیا 100دۆلاری ئەمەریکییە بۆ هەر یەک لە جەنگاوەرکانیان.

کەواتە نەوتەکە کیمیاوییە، لەبەر دوو هۆ :

یەکەمیان-  دوور نییە وابەستە بکرێت بە دەنگوباسی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و بێدەنگ کردنی هەموو لایەک لەمەڕ رێگەدان بە بەرهەڵستکاران بۆ فرۆشتنی نەوتەکە.

دووەم-  فشارێک بێت دژی بەرەی نەسرە و بەکارهێنانی سوپای سوریای ئازاد بۆ کەمکردنەوەی هێزی ئەم توندرەوانە و خێراکردن لە کۆنترۆلی ناوچە نەوتییەکان، چونکە ناکرێت ئەم هێزە کە بەتیرۆریست و توندڕۆ لە لیستەکان پەستێنراون، نەوتیشیان بەدەستەوەبێت و خۆیان دەوڵەمەند بکەن و ئەو توانا مادییە بۆ راهێنانی هێزاکانیان و بەهێزکردنی خۆیان بەکاربهێنن.

سێیەم- رۆل و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەم بڕیار و کێشانە دیارە. بەتایبەتی لە هەر پۆرسەیەکی نەوت فرۆشتندا، تورکیا دەبێت بەشدار بێت  و بەشە بەشی خۆی ببات. ئەمەش دەبێتە فرەبوونی پێگەی یەکێتی ئەوروپا لە دوارۆژی سوریا، ئەمەش لەرێگەی تورکیا دەکەن.

کەواتە بڵاوبوونەوەی دوو مەسەلەی ستراتیژی و گرینگ لە یەک هەفتەدا بەیەک بەستنەوەیەک هەیە.. پەیامێکیشە بۆ خودی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد  و هەروەسا لایەنگران و دۆستەکانی ئەم حکوومەتە لە ئێران و روسیا. سەرباری خودی بەرهەڵستکارانی سوریا، کە دەبێت بە نەوتەکەیان خۆیان چەکدار بکەن  و ئیدارەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان  و ئاورەکان بکەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قورساییەکانی هاوکاری ئاوارەکان و هاوکاری سەربازی و مرۆیی هێزە بەرهەڵستکاران دەربازیان بێت.   

هەواڵی پەیوەندیدار