ڕووداوە گەرموگوڕەكانی عێراق و ناوچەكە چی لە كورد دەخوازن؟

سوورە مەرگەیی
لە ساڵی (2005)و لە سەروبەندی ڕاپرسی لەسەر دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە هەفتەنامەی جەماوەردا بابەتێكم لەژێر ناو و نیشانی (لە دوای دەستوور عێراق لەبەردەم شەڕی ناوخۆ و ئەگەری پارچە پارچە بووندا) بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژەم بەوە دابوو ئەگەرچی زلهێزەكانی براوەی جەنگی یەكەمی جیهانی توانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی و سەربازی خۆیاندا عێراق بەیەكەوە بلكێنن و بە دەوڵەتی بكەن، بەڵام نەیانتوانی خواستی یەكگرتنی ئارەزوومەندانە لە نێوان پێكهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەكانی ناو دەوڵەتە درووستكراوەكەدا بەرجەستە بكەن، هەر بۆیەش بە درێژایی ئەو مێژووە شۆڕش و ڕاپەڕین لە لایەك و هێزی سەركوتكاری پێكهاتەی باڵا دەست لە بەریەككەوتنی بەردەوامدا بوون، ئێستا پێشبینیەكەم هاتۆتە دی و دەبینین ئەوەی تا دوێنێ پێكهاتەی سوننە لە كوشتوبڕو پەراوێزخستنی كوردو پێكهاتەی شیعە دەیكرد، ئەمڕۆ پێكهاتەی شیعە دەیەوێ بەرامبەر بە كوردو سوننە هەمان ڕێچكە بگرێ و هەمان مێژوو دووبارە بكاتەوە، ئەوەش پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەكدەخاو پێكهاتە جیاوازەكان ئەوەندەی تر لەیەكتری دڕدۆنگ دەكاو پێكدادانە مەزهەبیەكە خەستترو شەڕە ناوخۆییەكەش نزیكتر دەكاتەوە.
لەگەڵ خۆپیشاندانی پێكهاتەی سوننە لە ناوچە سوننە نشینەكاندا بابەتێكی ترم بڵاوكردەوەو بە ڕوونی باسم لەوە كردبوو كە دەركەوتنی سیاسیەكان لەناو خۆپیشاندەراندا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەو قەیرانە سیاسیەكاندا دادەخات، دەركەوتنی مەلا و كەسایەتیە ئایینیەكانیش دەرگا بەڕووی پێكەوە ژیانی دینی و مەزهەبی دادەخاو قەیرانە مەزهەبیەكە بە ئاقاری شەڕی نێوان سوننەو شیعەدا دەبات، كوردیش وەك پێكهاتەیەكی نەتەوەیی ناو عێراقی بە زۆر بە دەوڵەتكراو دەكەوێتە ژێر كاریگەری هەر ڕووداو و گۆڕانكارییەكی سیاسی كە وەك دەرئەنجامی لەبەریەكڕاچوونە مەزهەبیەكە دەردەكەون، ڕاستە كورد بەشێك نییە لەو گرژی و شەڕە چاوەڕوانكراوەی نێوان شیعەو سوننە، بەڵام بەشێكە لە قەیرانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق و خواست و ئامانجی تایبەت بە خۆی هەیە، دەیان ساڵیشە لە پێناو بەدیهێنانیان لە شۆڕش و خوێن بەخشیندایە، پەنا بردن بۆ چەك و بەكارهێنانی هێز لە چارەسەری كێشە سیاسیەكاندا وەك ئەوەی ئێستا دەبینرێ، ئەگەر لەم قۆناغەشدا لەگەڵ كورد نەبێ، لە دواڕۆژێكی نزیكدا یەخەی كوردیش دەگرێ، شكانەوەی هاوكێشە سیاسی و سەربازیەكانیش بە چەك و هێز بە هەر لایەكدا بێ كاریگەری لەسەر پێگەو مافە نەتەوەییەكانی كورد دادەنێ، بۆیە ناكرێ كورد لە دوورەوە سەیری ڕووداوەكان بكات یان هەوڵی ناوبژیوانی بدات، چونكە لە كاتی هێور بوونەوەی گرژیەكانی نێوان سوننەو شیعە یان زاڵبوونی یەكێكیان بەسەر ئەویتریاندا، بە دیوە نەتەوەییەكەدا كورد لەگەڵ لایەنی زاڵ یان لەگەڵ هەردووكیان تووشی ڕوو بە ڕوو بوونەوە دەبێت، نابێ بیریش لەوە بكاتەوە كە لە جیهانی ئاشتی نێوان شیعەو سوننەدا پێگەی بەهێز دەبێ و مافە نەتەوەییە زەوتكراوەكانی وەردەگرێتەوە، بۆیە لەباتی ئەوەی ناو ماڵی عەرەب بۆ كوشتنی خۆی ڕێكبخات، پێویسنە یۆ بەرگری كردن لەخۆی و دووبارە نەبوونەوەی نەهامەتیە مێژووییەكان ناو ماڵی خۆی ڕێكبخات،
بۆ كورد گرنگە ئەو دەرفەتە لەبارە لەدەست نەداو لەو دوژمنداریەی كە زیاتر لە (1300) ساڵە لە نێوان شیعەو سوننەدا هەیە بێلایەن بێ، خۆی بۆ دەرهاویشتەی قووڵ بوونەوەی قەیرانە مەزهەبیەكان و جەنگی نێوان شیعەو سوننە ئامادە بكات، كە درەنگ یان زوو پارچە پارچە بوونی عێراقی لێدەكەوێتەوە.
دەبێ كورد ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەش بەهەند وەربگرێ كە ئەوە هەر عێراق نییە وەك داگیركاری بەشێكی كوردستان كەوتبێتە تەنگژەی سیاسی و مەزهەبی و لێواری گۆڕانكارییەوە، سوریاش وەك داگیركاری بەشێكی تری كوردستان لە هەمان تەنگژەو بگرە خراپتریش دایە، هەر گۆڕانكارییەك لە سوریا ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئێرانی داگیركاری بەشێكی تری كوردستان دادەنێ، ئەوە جگە لە دابڕانی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چاودێری كردنی بەرنامە ئەتۆمیەكەی، كە پێدەچێ لە داهاتوودا ئێران بكاتە ئامانجی كردەیەكی كوشندەی سەربازی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی و گۆڕانكاری گەورە لەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا بێنێ، توركیاش وەك داگیركاری بەشە گەورەكەی كوردستان بەدەرنییە لەو بەریەككەوتنە سیاسی و مەزهەبیەی ناوچەكەی تەنیوەتەوە، ئەوەش لە كورد دەخوازێ لەسەر ئاستی هەر پارچەیەكی كوردستان بە گووتارو هەڵوێستی نەتەوەیی خۆی بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر پێشهاتێك ئامادە بكات، جیا لەوەش لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەش پێویستە حزب و لایەنە سیاسیەكان و كەسایەتیە دیارو ناسراوەكانی كورد، كوردانەو دوور لە ئینتیمای سیاسی و حزبی لە پرۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا هەڵوێستی خۆیان یەكبخەن، بە پەرۆش و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بەدەنگ بانگەوازە نەتەوەییەكەی سەرۆك بازانییەوە بچن، كە زەمەنێكە وەك پێویستییەكی مێژوویی ئەم قۆناغەی خەبات و ئامادەكاری بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی زەمینەی بۆ خۆش دەكات.




