مەحموود محەمەد: سەرۆك بارزانی بەردەوام هۆشداریی داوە كە عێراق بەرەو هەڵدێر دەڕوات و وا ئەمڕۆش قسەكانی دێنەدی

خەبات- / لەكۆڕێكی لقی 2 كە بەئامادەبوونی كارگێڕ و ئەندامانی لق بەڕێوەچوو، مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی تیشكی خستەسەر چەندین پرسی گرنگ لەسەر ئاستی عێراق وهەرێمی كوردستان هەروەها باسی بارودۆخی نێوخۆی ئەمڕۆی كوردستان و هەڵبژاردن و ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە پێشخستنی بارودۆخەكەدا خستەڕوو:
عێراق، وڵاتێكی هەمیشە ناسەقامگیر
مەحموود محەمەد دووپاتیكردەوە بەسەقەتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی دروستكراوی ئینگلیز هیچ یەك لەلایەنەكانی هەستی بەئارامی نەكردووە وبەردەوام هەست بە لێكترازان كراوە، وئەم وڵاتە هەمیشە لە زۆرداری و نەهێشتنی جووڵە و چالاكیی بەرامبەر ژیاوە و پێكهاتەكانی عێراق هیچ كاتێك بەبێ كێشە نەبوونە كە لەئەنجامدا كێشەكانیان دەوڵەتی لەگرفتی سیاسی داناوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەورووبەر و وڵاتانی دوورتر لەو سنوورە،ئاماژەی بەوەشدا هەریەك لەو پێكهاتانەی عێراق تمووحی خۆی هەبووە و هیچ یەكیش لەوان ویست وخواستی نەهاتۆتەدی و هەریەك لەوانیش خۆی بەخاوەن ماف بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دادەنێت وتائێستا هیچ زمانێكی یەكگرتوو نەدۆزراوەتەوە بۆ پێكەوەژیان.
هەڕەشەی سوننە و شیعە لەیەكتر
مەحموود محەمەد نیشانیدا لەكاتی نووسینەوەی دەستوور ئەو لێكنزیكبوونە بوونی هەبوو ئەگەرچی ویست وخواستی ئەو پێكهاتانە بەتەواوی تیایدا نەهاتۆتەدی بەڵام سەرەتا و هەنگاوێكی باش وتەندروست بوو كەزۆری نەكێشا چونكە سوننە و شیعە هەستیان بەوە دەكرد غەدریان لێكراوە و كوردیش ئەو بەربەستەی نەبینی كە ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی مەینەتییەكانی ڕابردوو بگرێت ئەمە جگە لە ویست وخواستی نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەی ئەم وڵاتە كە ئەوانیش خۆیان بە مەغدوور دەزانن، لەساڵی 2005 تا ئێستاش لێكترازانەكە زیاتر بوو بەشێوەیەك كە سوننە وادەزانێت ئەوەی دەستی كەوتووە كەمە و شیعە هەستی دەكرد زۆر لەگەڵ سوننە نەرم بووە و دەبێ لەگەڵیاندا توندتر بێت و ئاشكرایكرد لە كۆبوونەوەكانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەشیعە وسوننە كە لەگەڵ سەركردایەتیی كورد لەسەڵاحەددین بەڕێوە دەچوو هەردوولا بە شێوەیەكی ئاشكرا هەڕەشەیان لەیەكتر دەكرد بەتایبەتی نووری مالیكی كە بەئاشكرا دەیگوت بیمە سەرۆك وەزیران لەدژی سوننە دەوەستمەوە. سوننەش هەمیشە ئەوانی بە ڕافزی وكافر تۆمەتبار دەكرد وبەتوندی لەدژی شیعە دەوەستان ولێرەشدا كورد بە میانگیرترین لایەنی ئەو گەمە سیاسییە دەرچوو كەواتە كورد بەهیچ شێوەیەك نەبووە بەشێك لەو گرفتەی لە نێوان هەردوو مەزهەبدا هەیە بەڵام هەمیشە بەشێك بووە لەپرۆسەی سیاسیی گشتی لەعێراق و دووپاتیكردەوە حزب ولایەنە سوننەكانی عێراق واهەستیاندەكرد بەو پێیەی كورد بە زۆرینە سوننە مەزهەبە پاڵپشتییان دەكات لەدژی شیعە وشیعەش وایدەزانی بەوپێیەی شیعەو كورد هاو مەینەتی بوون ئەوا لەدژی سوننە پاڵپشتییان دەكات بەڵام كورد هاوسەنگیی خۆی پاراست ولەژدی هیچ كەسێكدا نەوەستا.
بەرژەوەندیی وڵاتانی دەورووبەر لەعێراقدا
بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری وڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا لایەنی ئیقلیمی ودەرەكی ئێستاش شەڕ بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەعێراقدا دەكەن و خەڵكیان هەیە و نەیشاردەوە لایەنی دەرەكی بەوەكالەت شەڕ بە بەشێك لە لایەنە عێراقییەكان دەكەن لەدژی لایەنی دیكە بەشێوەیەك كە برێمەر تا درانی پرۆژەی دەستوور بە ڕیفڕاندۆم هەمیشە دەیگوت ئەگەر مۆبایل لە سیاسییانی عێراق وەربگیرێت ئەوا زۆر لەگرفتانی عێراق كۆتایی پێدێت وەكو ئاماژەیەك بۆ وەرگرتنی فەرمانی دەرەكی. وئاشكرایكرد زۆرجاران گفتوگۆی دوور و درێژ لەبارەی پرسێك یان بابەتێك كراوە كەچی دواتر بەیەك تەلەفۆن پەشیمانی لەبڕیارەكەدا بیندراوە ئەمەش دەیسەلمێنێت لایەنی دەرەكی كۆنتڕۆڵی زۆر لە كەسایەتییەكانی عێراق كردووە تەنها كورد ئەو شتەی نەبووە چونكە كورد كێشەیەكی نەتەوەیی هەبووە و جاران كورد بوون كە تاوان بوایە و هەر كەس ولایەنێكمان ببینیبوایە باسی مەینەتییەكانمان بۆیان دەكرد بەڵام ئێستا باسی سەركەوتن ودەستكەوتەكانمان بۆ خەڵك دەكەین و بڕوای بەتینمان بەوە هەیە كە عێراق بەتەنیا لەلایەن یەك پێكهاتەوە بەهیچ شێوەیەك بەڕێوەناچێت.
هۆشدارییەكانی سەرۆك بارزانی
مەحموود محەمود نیشانیدا سەرۆك بارزانی هەمیشە هۆشداریی تەشەنەكردنی بارودۆخ كردووە وئێستاش ڕاستیی قسەكانی سەرۆك دەركەوت كە هەمیشە بەڕێزیان هۆشداریی ئەوەی دەدا ئاگاداری بارودۆخەكە ببن وڵات بەرەو هەڵدێر نەبات و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكیش بەڵگەی ئەوەن كە كورد هەوڵی جیددی بۆ كۆكردنەوەی هەموو عێراقییان دەدات بەتایبەتی كە سوننە وشیعە بەهیچ شێوەیەك ئامادەی نەبوون لەگەڵ یەكتر دابنیشن. وئاماژەی بەوەشدا كێشەی كورد لەگەڵ عەرەبی سوننە كێشەی خاكە جگە لەوەی كە كێشەی سیاسیش هەیە ئەمەش ئەنجامی عەقڵیەتیێكە كە باوەڕیی بەوجوودی كورد نەبووە و كوردیان بەمیوان وكۆچبەر دادەناو شیعەیشیان بە لاداو لە ئایین و ئێرانی لەقەڵەمدەدا وتەنانەت قبووڵی وجوودی هیچ لایەنێك نەدەكرد ولەدەستپێكی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە ڕازی نەبوون وەزیری شیعە لە حكوومەتدا هەبێت وویست وخواستی كوردیان بەهیچ شێوەیەك قبووڵنەكردووە وئێستاش زۆر لایەنی سوننە وشیعەش دەستكەوتەكانی كورد بە تەجاوز لەقەڵەمدەدەن وپەنا بۆ عەرەبچیاتی دەبەن.هەروەها ئەوەی دووپاتكردەوە ئەوان تاساڵی 1969 هەبوونی كوردیان بە هەبوونێكی داگیركەری خاكێكی عەرەبی دادەنا بەوپێیەی كە عێراق وڵاتێكی عەرەبییە تا كورد چۆكی پێدادان و مەجبووری كردن ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 ئیمزا بكەن.
ڕێبازی تاكڕەوانە
مەحموود محەمەد نەیشاردەوە مالیكی زۆر بە ڕێكخراوییەوە ڕێبازی تاكڕەوانەی خۆی دەستپێكرد و ئاستەنگی بەرامبەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 دانا و سوننە و شیعەیشی لەخۆی كردە دوژمن ئاماژەی بەوەشدا دوو شاندی هاوپەیمانیی نیشتیمانی كە هاتنە كوردستان هەنگاوێكی ئیجابی بوو ئەگەر چی پێشتریش نامە گۆڕینەوە هەبوون بەڵام ئەو هەنگاوەیان جێی خۆی بوو نیشانیشیدا سەرۆك بارزانی 3 هەڵبژاردەی خستە بەردەمیان وزۆر بەڕاشكاویش پێی گوتن یان پابەندبوون بە هاوبەشی وسەیركردنی كورد وەكو نەتەوەیی دووەم هاوبەشی بڕیار بێت و عێراق بەرەو ئاراستەیەكی تەندروست ببردرێت، یان لێكجیابوونەوە بەخۆشی، وئەگەر ئەو دوو هەڵبژاردەیە قبووڵ نەكرێت هەڵبژاردەی سێیەم كە هیچ لایەك پێی خۆش نییە دێتە ئاراوە كە شەڕە لەپێناو پاراستنی نەتەوەكەمان، ئەوان وەك مەحموود محەمەد ئاماژەی پێیدا خاڵی سێیەمیان زۆر بەدوور زانی و ئەو ڕاشكاوییەی سەرۆكیش خزمەتی تەواوی بارودۆخەكەی كرد بەوەی كە نابێ شیعە پردی پەیوەندیی لەگەڵ كورد بپچڕێنێت وپێویستیش ناكات جارێكی دیكە تەشخیسی كێشەكان بكرێت بەڵكو دەبێت چارەسەرییەكان باسیان لێوە بكرێت بەتایبەتی مەسەلەی پێشمەرگە كە چارەسەریی بۆ داندراوە و تەنها جێبەجێكردنی ماوە ئەمە جگە لەپرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و پرسی نەوت وغاز كە بەئیمزای خودی مالیكی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و تەنها ماوە بدرێتە پەرلەمان ودووپاتیشیكردەوە لایەنی كوردی نیەت سافیی حكوومەتی لەهەموو شتێك لای گرنگترە بەتایبەتی لەڕووی چەند خاڵێكی گرنگ لەوانەش : هەڵوەشاندنەوەی هێزی دیجلە و جەزیرە و ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی زەحمەتە با لەناوچە كوردستانییەكان دووربخرێنەوە و هیچ پەیوەندییان بەهیچ ناوچەیەكی كوردستانییەوە نەبێت ئەمەش لەخۆیدا نەرمی نواندنێكە لەلایەن كوردەوە لەكاتێكدا كۆی مەسەلەكە نادەستورییە، هەروەها باسكردنی یاسای بودجە كە بەبێ كورد تێپەڕێندرا و سزای بۆ كورد لەچەند خاڵێك داندراوە كە لەیاسای سزا دەچێت لەوە زیاتر كە بۆ پرسی بودجە داندرابێت لەكاتێكدا كە حكوومەت خۆی لەزۆر لەئەركەكانی خۆی لەمبارەیەوە كەمتەرخەمە بۆیە پێویستە ئەو مەسەلەیە چاوی پێدا بخشێندرێت ئاشكراشیكرد ئەوان لەسەر ئەو خاڵانە ڕازین بەڵام ڕاگەیاندنی بەزەرەرێكی گەورەی هەڵبژاردن دادەنێت بەو پێیەی كە نیشتیمانپەروەریی خۆیان بە دژایەتیكردنی كورد دەسەلمێنن ولەسەر حیسابی كورد كورسی بەدەستدێنن.
دوو لیژنە بۆ سەردانیكردنی بەغدا
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی ئاشكرایكرد لەم زووانە شاندێكی عێراقی سەردانی كوردستان دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسەكە بەگشتی وئەوان داوای دوو لیژنەیان كردووە سەردانی بەغدا بكات یەكیان ئەمنی بێت ئەوەی دیكەیان هونەری بێت لەكاتێكدا كێشەكە سیاسییە وئەگەر لەڕووی سیاسییەوە چارەسەر نەكرێت ئەوانی دیكە گرنگ نییە بۆیە بڕیاردرا لیژنەیەكی باڵای سیاسی بچێتە بەغدا ولەسەر چارەسەركردنی هەموو كێشەكان ڕێكبكەوێت بەتایبەتی جێبەجێكردنی دەستوور وئاماژەی بەوەشدا ئێستا ئامادەكاری بۆ سەم سەردانە دەكرێت.
پرۆسەی سیاسی لە كوردستان
مەحموود محەمەد لەباسكردنی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان دووپاتیكردەوە پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕیی بەپێكەوژیانی نەتەوەیی وئایینی و سیاسیش هەیە وباوەڕیی بەجیاوازیی بیر و ڕا هەیە كە نابێ ببێتە خاڵی ناكۆكی بەڵكو دەبێ ببێتە خاڵی هێز بۆ هەرێمەكەمان چونكە ئەمە قورساییەكە بۆ كورد و بەشداریی سیاسیی كورد لەپرۆسەی سیاسیی عێراق هەروەها گوتی: ئێمە ڕۆڵەی ئەم وڵاتەین وپێویستە هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین كە كەسمان میوان نین ودەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن لەنێو كوردستاندا شتێكی ئاساییە بەڵام لەئاست هەموو پرسێكی نەتەوەییەوە پێویستە یەك بین و ڕێگە نەدەین درز لەنێو ماڵی كورد دا دروست ببێت چونكە خەڵكانێكی زۆر دەیانەوێ ئەو مەسەلەیە بقۆزنەوە و پارتی وسەرۆك بارزانی پێیان خۆش نییە هیچ كێشەیەك لەمبارەیەوە بمێنێت ودەبێ بەرژەوەندیی هەموومان هاوبەش بێت.
ڕێككەوتنی ستراتیژی و هەمواركردنی
بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن تیشكی خستەسەر ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی ویەكێتی وپابەندبوونی پارتی پێی ڕاگەیاند و بەپەیمانێكی سیاسیی نیشتیمانیی لەقەڵەمدا كە وایكرد كوردستان بەگشتی لێی قازانج بكات و هەر پێویستییەكی بە هەمواركردنەوە شتێكی ئاساییە بەپێی گۆڕانی بارودۆخ وهەردوو حزب لەسەریدا ڕێككەوتوون،وئەوەش ڕەتكردەوە كە پارتی لەدژی هەمواركردنی ڕێككەوتنەكەیە بەڵكو لەگەڵ هەر گۆڕانێكی ئیجابی وسەردەمییانەیە بەتایبەتی لەماددەی 2ی كە باس لە دابەزین بەیەك لیست لەهەڵبژاردن دەكات وئاشكرایكرد بڕیارێك هەیە بەوەی پارتی ویەكێتی هەریەكەیان بەلیستێكی جیا بەشداریی هەڵبژاردن بكات بەڵام دوای هەڵبژاردن بەیەكەوە دەبن وئەمەیە كە باسی لێوە دەكرێت بۆ هەمواركردنەوەی كە لەنێو ڕێككەوتنەكەدا جێگیر بكرێت. هەروەها داوای لەهەڤاڵانی لایەنگر و هەوادارانی پارتی كرد بە شێوەیەكی ئەكتیڤەوە بەرەو هەڵبژاردن بچن و بوێرانە بە شێوەیەكی سەردەمیانە و ماندوو نەناسانە مەسەلەكە لەبەرچاو بگرن، هاوكات ستایشی ڕۆڵی لقی دووی لە سەرخستنی ئەو مەسەلەیە كرد و دووپاتیكردەوە لقی دوو هەمیشە لەو پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییانەدا ڕۆڵی ئیجابیی هەبووە و بەشێوەیەكی جیددی كاری كردووە و ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆیان بینیوە بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردنی 1992 كە هاوسەنگیی هێز لەكوردستان گۆڕانكاریی بەخۆوە بینی.
ڕێكخستنی نێوماڵی كورد
هەروەها مەحموود محەمەد ئاماژەی بەپەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی وئۆپۆزیسیۆن كرد بەتایبەتی دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی وبەرهەم ساڵح بۆ هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن ونیشانیدا ئەم سەردانانە بۆ ئەوە بوو هەموو لایەك بزانێت خاوەنی زۆرینە هەموو شتێك قۆرخ ناكات و پارتی ویەكێتی ئەوەیان سەلماند و سەرەڕای ئەوەی دەیانتوانی بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنن سەردانیان كردن و داوای بەشدارییان لێكردن و پاشانیش دیسان ئەو سەردانانە كرا و چەندینجاریش دووبارەكرایەوە هەروەها گوتی: پارتی لە 66 ساڵەی تەمەنی ئەو هەموو شەهیدەی داوە بۆ ئەوە بووە كوردستان ئازاد و سەرفراز بێت و بگاتە ئەمڕۆ كە گەیشتینە ئاستی ڕێككەوتنیش لەویشدا پارتی هەر پێشەنگ بوو بەتایبەتی لەساڵی 1991 كاتێك سەرۆك بارزانی سەرەڕای هەبوونی چەندین ڕەخنە لەخانەوادەی خۆی و خەڵكێكی زۆری كوردستان سەردانی بەغدای كرد، لەكاتێكدا تەنها لەخانەوادەی خۆی بە برا و برازا و ئامۆزاوە 36 كەسیان ئەنفالكراون ئەمە جگە لەو هەموو شەهیدەی كوردستان بەڵام بەڕێزیان بۆ بەرژەوەندیی میللەتی كورد چوو و لەوێش ئەوەی بەدەسەڵاتدارانی عێراق ڕاگەیاند كە زۆر ئەستەمە دوای ئەو هەموو شەهید وئەنفالكراوانە سەردانی بەغدا بكات و ئەمەیش بە بەرژەوەندیی گەلی كورد دانا. كەواتە پارتی پەروەردەی ڕێبازێكە كە هەنگاو بۆ بەرژەوەندیی گشتی گەلی كوردستان دەنێت وبەڕاستیش هەق نییە جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان ئازار بدرێت.
ئاشتەوایی لەباكووری كوردستان وڕۆڵی سەرۆك بارزانی
مەحموود محەمەد باسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی ونێچیرڤان بارزانیی لە پێشكەوتنی پرۆسەی ئاشتیی لە باكووری كوردستان كرد وقسەكانیشی لە كۆنگرەیAK پارتیی بە نموونە هێنایەوە و دووپاتیشیكردەوە گرنگتر ئەوەیە لایەنی كوردیش پێویستە وەڵامی ئەرێنیی بۆ ئەم هەنگاوە هەبێت وداواش لەتوركیا كرابوو مەسەلەكە تەنها تاكتیك نەبێت و دەبێ توركیا قەندیل بخوێنێتەوە و لەگەڵ ئۆجەلانیشدا گفتوگۆ بكات وئومێدیشی خواست ئەم پرۆسەیە ئاوا بەئەرێنی بەردەوامبێت و ئەنجام وكاردانەوەی ئەرێنیی بەسەر هەموو كوردستان وناوچەكەدا هەبێت وئاماژەی بەوەشدا بڕیاری پەرلەمانی ئەورووپا بەدەرهێنانی پەكەكەی لەلیستی تیرۆر ئاراستەیەكی دیكەی ئیجابیی لەبارودۆخەكەدا دەبێت.




