٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەگەر قۆناغی چارەسەری شەش مانگ زووتر دەستی پێبكردابایا !

سەرچاوە: KDP.info

فاتیمە ئوزكان

كاتێك وەكو تیمی كومیتەی عەقڵمەندان سەردانی ناوچەی دەنیزلیمان كرد، چووینە سەردانی ماڵی ژنێك بە ناوی جەمیلە، جەمیلە دایكێكە كە شەش مانگ لەمەوبەر كوڕەكەی كە ئەفسەری پولیس بووە، لە یەكێك لە ناوچەكانی شاری سێرت بە هۆی شەڕەوە گیانی لە دەست داوە.

كە چووینە نێو ماڵەوە، جەمیلە ژوورێكی پێ نیشانداین كە وەكو دیاری رۆژی لە دایك بوون بۆ كوڕەكەی ئامادەی كردبوو، وێنە، جلو بەرگی سەربازی و زۆربەی هەرە زۆری شت و مكەكانی كوڕەكەی خستبوویە نێو دۆڵابێكی گەورەی شوشەییە و ژوورەكەی كردبوو بە مووزەخانە و پێ رایگەیاندین كە ئەگەر قۆناغی چارەسەری شەش مانگ زووتر دەستی پێبكردابایا ئەوا كوڕەكەی منیش نەدەكوژرا. كاتێك كە من دەستی جەمیلەم گرت و دەمەویست تۆزێك ئارامی بكەمەوە هەر وەكو كاخەزی بەر با دەلەرزییا، ئەو كاتە من تێگەیشتم كە بۆ چی دەبێت ئەم قۆناغە بە خێرایی بەرەو پێشەوە بروات و بگاتە ئارمانجی خوازراو. بە راستی دەردی ئەولاد زۆر دەردێكی گرانە.

لێرەدا سەری قسەم لەگەڵ ئەوانەیە كە بەم سێ مانگە كە شەڕ رووی نەداوە و لە هەر دوو لا كەس گیانی لە دەست نەداوە، دەڵێن: ئەمە قسەی پووچ و رۆمانسییە و هیچ شتێك نابێت و ئەم قۆناغە هیچ سوودێكی نییە، با بچن و ئەم بیروڕایانەی خۆیان بۆ خاتوو جەمیلە باس بكەن. پێم وایە ئەگەر بۆ چەند ساتێك لەگەڵ خاتوو جەمیلە یا لەگەلً هەر دایكێكی كورد و دایكێكی توركدا كە منداڵی لە دەست داوە دابنیشن و بیروڕای خۆیان بخەنە روو، ئەوا لە مرۆڤ بوونی خۆیان و لە پووچ بوونی بیروڕاكانی خۆیان پەشیمان دەبنەوە.

ئێمە وەكو تیمی عەقڵمەندان لە دوای كۆڕ و كۆبوونەوەكانمان لە ناوچەی ئەگە ( ئەژە) سەردانی ناوچەی دەنیزلیمان كرد و لەویش لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری چین و توێژە جیاجیاكانی خەڵكدا كۆ بووینەوە و گوێمان بۆ راو بۆچوونی خەڵكی ناوچەكە گرت. زۆربەی هەرە زۆری خەڵك پێیان وایە پرسی كورد پرسێك نییە كە لە نێوان كورد و توركدا بێت و لە ناوچەی دەنیزلیش برایەتی كورد و تورك لە ئاستی هەرە بەرزی خۆیدایە و خەڵكی ناوچەكەیش بەو پەڕی هێزی خۆیەوە پشتگیری لە پەیامەكەی ئوجەلان بۆ بێدەنگ كردنی چەك و راگرتنی خوێن رژاندن دەكات.

لەم كۆبوونەوانەی ئێمەدا كە لە كەش و هەوایەكی ئازاد و دیموكراتیكدا بەرێوە چوون، ئەوانەی كە پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری دەكەن بیرورٍای خۆیانیان دەربری و ئەوانەیش كە دژایەتی ئەم قۆناغە دەكەن. زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی ناوچەكە پشتگیرییان لەم قۆناغە كرد و ئامادە بوونی خۆیانیش بۆ راپەراندنی هەر جۆرە ئەركێك دەربڕی. بەڵام 15 تا 20 كەسێكیش مافی خۆی دیموكراتیكیان بەكار هێنا و لە نێو مەیدانی شاردا دەستیان بە پروتستۆ كردنی ئێمە كرد. ئەمەیش شتێكی زۆر ئاساییە، چوونكە ئەوانەیش ئەو مافەیان هەیە. بەڵام كاشكە لە جیاتی ئەوەی كە مەیدانەكە قەرەباڵغ بكەن و دەست بە وتنەوەی سلوغانی ماوە بەسەرچوو بكەن، دەعوەتەكەی ئێمەیان قەبووڵ كردبایا و راوبۆچوونەكانی خۆیانیان لەگەڵ ئێمەدا باس بكردابایا. چوونكە ئەم جۆرە پروتستۆیانە زۆر بێ سوودن بە تایبەتی ئەگەر لە لایەن لایەنگرانی پارتییەكەوە ساز بدرن كە لە نێو كۆمەڵگادا خاوەن لە سەدا یەكی دەنگەكانە. با كەس هەڵە تێ نەگات من لە دژی خۆپیشاندان تا ئەو كاتە كە نەبێتە هۆكاری توندوتیژی نیم بەڵام مرۆڤ دەبێت بزانێ كە بۆ چی و لە پێ ناوچیدا خۆپیشاندان دەكات. لێرەدا مەبەستم ئەو كەسانەیە كە لە ناوچە جیاجیاكانی توركیادا جارجار لە دژی كۆمیتەی عەقڵمەندان دەست بە خۆپیشاندان دەكەن و پێیان دەڵێم باشتر وایە لە جیاتی ئەوەی كە خۆتان بخەنە مەترسییەوە دابنیشن و بیروراكانی خۆتان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەمە رێبازێكی سەردەمییانە و باشترە.

بێگۆمان ئەم قۆناغە لە باكووری عێراقیش دەنگ دانەوەی تایبەتی هەیە، چەند ر ۆژ لەمەوبەر بەشداریم لە كۆڕێكی ژەنە رۆژنامەنووسە كورد و توركەكان كرد كە لە شاری سلێمانییە ساز كرابوو. لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ       ژنە رۆژنامەنووسە كوردەكان سەبارەت بەم قۆناغە وتوێژمان كرد و ئەوانیش زۆر بە خۆشحاڵییەوە سەیری قۆناغەكە دەكەن و لە نزیكەوە قۆناغەكە هەڵدەسەنگێنن.

بەرپرسانی سیاسی و ئیداری باكووری عێراق یا باشووری كوردستان لەم قۆناغە زۆر رازین و پێیان وایە دەست پێكردنی ئەم قۆناغە دەبێتە هۆكاری گۆڕانی چەندین هاوسەنگی سیاسی لە ناوچەكەدا و ئەمەیش سوودێكی یەكجار زۆری بۆ هەر دوو گەلی كورد و تورك لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەبێت. خەڵك و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری باشووری كوردستان ئامادە بوونی خۆیان بۆ پێشكەش كردنی هەر جۆرە هاوكارییەك دەربڕیەوە و دەڵێن: ئامادەین كە هەر جۆرە هاوكارییەك بكەین بە مەرجێك ئەم پرسە چارەسەر بكرێت و ئاشتی باڵ بە سەر ناوچەكەدا بكێشێت.

 

سەرچاوە: تەرەف

هەواڵی پەیوەندیدار