بیرورای ئازاد...* با یاسا سەروەر بێت
شێركۆ حەبیب
تاوەكو ئێستا رانەگەیاندراوە سەرۆك بارزانی ئایا بۆ سەرۆكایەتی هەرێم خۆی كاندید دەكات یا خود نا، بەڵام دەزگاكانی راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و بەناو میدیا ئەهلییەكان، بابەتەكەیان بە شێوازێك بڵاوكردۆتەوە كە سەرۆك بارزانی خۆی كاندید دەكات و بە بۆ چوونی ئەوانیش ئەوە دژە یاسا و دژ بە دیموكراسیەتە و نابێت جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە.
تەنانەت نە دەزگاكانی راگەیاندنی پارتی یا خودی سەرۆك بارزانی بە هیچ شێوەیەك ئاماژەیەیان بە كاندیكردنی سەرۆك بارزانی كردبێت، با هەموو لایەك دڵنیا بن ئەگەر یاسا رێگا نەدات مەحاڵە سەرۆك بارزانی سەرپێچی یاسا بكات.
ئەمڕۆ ئێمە زیاتر پێویستیمان بە بوونی كەسێكی وەك مسعود بارزانی هەیە بۆ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان، جگە لە كەسایەتی و لێهاتووی بەرێزیان، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردووی سەرۆكایەتی كردنی هەرێم توانی چەندین كاری گرنگ و سوود بەخش ئەنجام بدات هەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیداری گەورە بەرپرسانی جیهان و بەشداری لە كۆبوونەوە و كۆنفراسە نێودەوڵەتییەكان كە ئەمانە بوونە هۆكاری زیاتری پشتگیری ئەزموونی دیموكراسی كوردستان و پشتوانی دۆزی رەوای میللەتەكەمان و بوونی زیاتری نوێنەر و گونسلیەتی وڵاتانی بیانی لە كوردستان و كاركردنی چەندی کۆمپانی بیانی لە هەرێم كە ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بوژانەوەی ئابووری و ژێرخانی كوردستان هەیە. ئەمە جگە لە رۆڵی كاریگەری بەرێزیان لە سەر دۆزە هەرێمیەكان و هەوڵدانی بۆ یەكریزی گوتاری سیاسی كورد لە نێوان كوردانی سوریا و هەوڵەكانی بۆ دانوستاندن و چارەسەری دۆزی كورد لە توركیا، لە سەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و عێراق هەردەم لە هەوڵی تەبایی و یەكریزی نێو ماڵی كور دایە و لەسەر بابەتە نەتەوەییەكاندا سازشی نەكردووە، بەتایبەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و هەڵوێستی لە گەڵ حكوومەتی ناوەندی لەمەر كێشە نەتەوەییەكان روون و ئاشكرایە، كە بۆ ئەم مەبەستەش هەردەم بەژەوەندییە نەتەوەییەكانی بە بایەخ و گرنگ وەرگرتووە. سەرەرای ئەمانەش هەڵوێست و بۆچوونی دیموكراسی بەرێزیان جێگای متمانە و رێزی سەرجەم لایەنەكان بووە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەرێزەوە دەروانە هەڵویستی ئاشتی و دۆستانەی.
سەرۆك بارزانی لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی كاری سەرۆكایەتی هەرێم، وەك كەسێكی بێلایەن كارەكانی ئەنجام داوە، بۆ نموونە لە یەك لە سەردانەكانی بەرێزیان بۆ لەندەن ئەوكاتە من بەرپرسی ناوچەی پارتی بووم لە لەندەن، داوامان لە بەرێزی كرد لە گەڵ ئەندامانی حزب كۆبێتەوە، بەڵام پێشنیارەكەی ئێمەی رەت كردوە و گوتی: من وەك سەرۆكی هەرێم هاتووم و لە گەڵ نوێنەری سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان كۆدەبمەوە. ئەوە بوو لە گەڵ سەرجەم ئەو لایەنانە كۆبوونەوەی كرد.
بە بۆ چوونی من یاسا رێگا بە سەرۆك بارزانی دەدات جارێكی دیكە خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، هەر بە گوێرەی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005:
جگە لەو بڕگانەی بەرێز جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە رۆژنامەی خەبات رۆژی 21 ئەم مانگە ئاماژەی پێكرد:
1- یاسای ژمارە 1 لە 8/6/2005 لە لایەن پەرلەمان دەرچووە.
2- رێزدار مسعود بارزانی لە 12/6/2005 لە لایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان وەك سەرۆكی هەرێم هەڵبژاردرا.
3- هەڵبەتە هەموو یاسایەك لە دوای دەرچوونی لە پەرلەمان دەبێت لە وقائع كوردستان بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێ بەجێ كردن، هەندێ یاسا لە بەر نهێنی لە بەشە نهێنییەكەی وقائع بڵاودەكرێتەوە (وقائع عراقی) هەردوو لایەنی هەبوو، بەڵام لە وەقائعی كوردستان ئەو زانیاریەم نییە.
4- لە كۆتایی بڕیاری پەرلەمان بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و لە مادە بیستەم دا هاتووە (ئەم یاسا لە رۆژ دەرچوونییەوە كاری پێدەكرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان) دا بڵاودەكرێتەوە. واتە تا لە وەقایع بڵاو نەكرێتەوە كاری پێناكرێت.
5- یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 كە تایبەتە بە سەرۆكی هەرێم لە ژمارە 55 رۆژی 10/7/2005 ساڵی پێنحەمی وەقائعی كوردستان بڵاوبۆتەوە، كەوتۆتە بواری جێبەجێ كردن.
6- ئەم یاسایە (اثر رجعی) ئەسەر رەجعی نییە و سەرۆك بارزانی لە 12/6/2005 هەڵبژێرردراوە لە لایەن پەرلەمانی كوردستان، واتە ماوەی خوڵی یەكەمی نایەتە هەژماردن، چونکە یاساكە لە مانگی حەوت لە وەقائعی كوردستان بڵاوبۆتەوە و كەوتۆتە بواری جێ بەجێ كردن و هەڵبژاردنی ساڵی 2009 هەژمار دەكرێت كە دەبێتە خۆڵی یەكەم بە گوێرەی یاسا، بۆیە سەرۆك بارزانی مافی خۆیەتی خۆی كاندید بكات بۆ جارێكی دیكە.
ئەمە لە رووی یاساییەوە، لە رووی سیاسییەوە دەبێت ئیستحقاقی سیاسی بە هەند وەربگرین كە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ یەكێتی نیشتمانییە و سەرۆكایەتی هەرێمیش بۆ پارتییە. ئەگەر ئەو هاوسەنگییە لاری بەخۆوە ببینێت ئەوە هاوكێشەكان بە ئەقارێكی دیكەمان دا دەبن، لە هەندێ دەزگاكانی راگەیاند بڵاوبۆتەوە كە یەكێتی نیشتمانی كاندیدی هەیە بۆ سەرۆك هەرێم و ئەمەش پێچەوانەی ئاخافتنەكەی بەرێز مەلا بەختیارە و تا وەكو ئێستا ئەم بۆ چوونە لە لایەن گوتە بێژی فەرمی یەكێتی ئاماژەی پێنەكراوە، بە هیچ شێوەیەك ئەگەر ئەم هەواڵانە دروست بن ئەو سا پارتیش كاندیدی دەبێت بۆ سەرۆك كۆمار، ئەم شێوازەش لە بەرژەوەندی میللەتەكەمان دانی بۆیە دەبێت ئەو یستحقاقە سیاسییە بە هەند وەبگرین و رێز لەو رێككەوتنامە بگرین.
* تێبینی ئەم بابەتە بیروڕای نووسەرەکە دەردەربڕێت.




