هێمن هەورامی: دەبێت پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی تەواوی هێزە سیاسییەکان بێت

سلێمانی-KDP.info- هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە (چوارەمین دیداری گوڵەخانە)، شیکردنەوەیەکی وردی بۆ گۆڕانکارییەکانی جیهان، ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هاوکات ڕەخنەی لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق گرت و بە سزادانی گەلی کوردستان وەسفی کرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە گۆڕانکارییە جیهانییەکان، هێمن هەورامی باسی لەوە کرد، جیهان بە قۆناخێکی ڕاگوزەری تەواودا تێدەپەڕێت و سەردەمی تاک جەمسەری دوای جەنگی سارد کۆتایی هاتووە. ئاماژەی بەوەش دا، هێشتا ڕوون نییە جیهان بەرەو چەند جەمسەری دەڕوات، بەڵام جەمسەرەکان تەنیا بە هێزی سەربازی پێوەر ناکرێن.
هەروەها گوتی، "لە ئێستادا جەمسەری ئابووری و تەکنەلۆژی هەیە. بۆ نموونە تایوان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لە دروستکردنی مایکرۆچپدا بەشێکی زۆری تەکنەلۆژیای نێودەوڵەتی لەسەر وەستاوە و بە یەکێک لە زلهێزەکان و جەمسەرە گەورەکانی دنیا دادەنرێت."
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هێز پەرت بووە و تەنیا لە دەستی ئەمریکا، ئەوروپا یان چیندا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو ڕۆژئاوا ڕوو لە لاوازییە و ڕۆژهەڵاتیش سەرهەڵدەداتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێمن هەورامی تیشکی خستە سەر ناسەقامگیریی جیهان و گوتی، "جیهان بە قۆناخێکی نائاشتی و ناسەقامگیریدا تێدەپەڕێت، لە ئێستادا 61 شەڕ لە نێوان دەوڵەتاندا لەسەر ئاستی جیهان هەیە، لە هیچ سەردەمێکدا ئەوەندە شەڕی زیندوو نەبووە."
هۆشداریشی دا لەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لاواز بوون و ململانێی زلهێزەکان گەڕاوەتەوە، هاوکات شۆڕشی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد خێرا هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکان دەگۆڕن.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەورامی ڕوونیکردەوە، ناوچەکە بە قەیرانی ڕەوایەتی و ناسنامەدا تێدەپەڕێت و پرسی سەروەری و ڕەوایەتیی دەسەڵاتداران بە گشتی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەورامی جەختی لە دروستکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەش کردەوە لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
هەورامی ڕایگەیاند، "ئەو هەوڵانەی لە ئێستادا بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق هەن، دەیانەوێت فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج، بۆیە دەبێت پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی تەواوی هێزە سیاسییەکان بێت."
هەروەها ئاشکرای کرد، بەرپرسانی باڵا لە عێراقدا هەن دان بە ماددەی 140ـی دەستووردا نانێن و پێیان وایە کۆتایی هاتووە و نازانرێت چۆن جێبەجێ دەکرێت.
لە تەوەرێکی گرنگی دیدارەکەدا، هێمن هەورامی ڕەخنەی لە بەغدا گرت سەبارەت بە پرسی بودجە و گوتی، "بەپێی دوایین زانیارییەکانی شاندی دانوستانکار، خراپترین ڕەشنووسی بودجە لە مێژووی داڕشتنەوەی بودجەکانی عێراقدا ئەو ڕەشنووسەیە بۆ ئەمساڵ ئامادە کراوە."
ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆ تەکنیکییەکان وەستاون و لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بە گفتوگۆی تەکنیکی ناگەنە ئەنجام، چونکە ئەو ڕەشنووسەی دانراوە تەنیا سزادانە بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە داوای کرد پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هاوپەیمانییەتییەکی کوردستانی دروست بکەن بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕاندنی ئەو بودجەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، هێمن هەورامی باسی لە گرنگیی ڕێزگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرد بۆ پاراستنی ڕەوایەتیی دامەزراوەکان و گوتی، "پێویستە کار بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان پێکبهێنرێنەوە، چونکە دروستنەکردنیان هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات."
