شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی، ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدای پایتەختی عێراق.
لە بەردەوامیی دانووستانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، لەبارەی پابەندی و ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، ئەمڕۆ ھەینی (٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
شاندەکە پێکھاتوون لە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری بودجەو بەرنامەکان و بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارن.
لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندی ھەرێم بەھەماھەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵی ئەنجام دەدات، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ماف و شایستە دارایییەکانی ھەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧.
