هۆشیار زێباری پێشوازی لە شاندێکی باڵای گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند، پێشوازی لە شاندێکی ئاستبەرزی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان (ICG) کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە هەریەکە لە بەڕێزان، ڕۆبەرت مالی، بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، خاتوو لەهیب هێجل، جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەکە، و خاتوو یاسمین فاروق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی کەنداو. هەروەها بەڕێز د. بەیان سامی عەبدولڕەحمان-یش لە دیدارەکەدا ئامادە بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی گۆڕەپانی ناوخۆیی و هەرێمی خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هاوکات، گفتوگۆیەکی قووڵ سەبارەت بە ڕەوتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی ئەنجام درا.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، لایەنەکان جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگی بەرهەمدار و دامەزراوەیی کردەوە، وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا.

