٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

وەزیری تەندروستی: ئێستا خاوەنی 35 پزیشکی نەشتەرگەریی دڵ و زیاتر لە 60 پزیشکی قەستەرەین

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی پزیشکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ لە شاری دهۆک کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کەرتی تەندروستی، بەتایبەت لە بواری چارەسەر و نەشتەرگەریی دڵ، قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووی بڕیوە، هەروەها جەختی لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ قەزا و ئیدارە سەربەخۆکان و چارەسەرکردنی کێشەی دەرمان کردەوە لە ڕێگەی دابینکردنی بودجەی تایبەت لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دابین کراوە.

وەزیری تەندروستی گوتی، پێش 17 ساڵ هەرێمی کوردستان هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی قەستەرە و نەشتەرگەریی دڵی نەبووە، بەڵام لە ئێستا خاوەنی 35 پزیشکی نەشتەرگەریی دڵ و زیاتر لە 60 پزیشکی قەستەرەیە، تەنانەت قەستەرە بۆ مێشکیش ئەنجام دەدرێت.

سامان بەرزنجی تیشکی خستە سەر پرۆگرامی فریاگوزاریی خێرای دڵ (PCI) کە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم و ڕایگەیاند، "لە ڕێگەی ئەم پرۆگرامەوە، هەر نەخۆشێک لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بێت، لە ماوەیەکی پێوانەییدا (چەند خولەکێک بۆ کەمتر لە کاتژمێرێک) دەگەیەنرێتە سەنتەرەکانی دڵ و چارەسەری قەستەرە و باڵۆنی بۆ دەکرێت، ئەمەش وایکردووە ڕێژەی مردن و پەککەوتن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە."

هاوکات ئاشکرای کرد، جۆرێکی نوێی نەشتەرگەریی دڵ بە ناوی (Minimal invasive surgery) لەلایەن پزیشکانی ناوخۆوە دەکرێت کە تێیدا کەمترین کردنەوە لە سنگی نەخۆشەکەدا دەکرێت.

سەبارەت بە دابینکردنی ئامێری پێشکەوتوو، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، نوێترین ئامێرەکانی قەستەرە (Up to date) دابین کراون و ئێستا خزمەتگوزاریی قەستەرە براوەتە دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکانیش. لە شاری سلێمانی و دهۆک ئامێری نوێ دابینکراون، هەروەها بۆ شاری کۆیە لە قۆناخی گەیاندندایە و بۆ شاری ئاکرێش لە قۆناخی تەندەرینگە، ئەمە جگە لەوەی لە زاخۆ و سۆران و چەند قەزایەکی دیکەش ئەم خزمەتگوزارییە بەردەستە، بڕیاریشە لە چەند مانگی داهاتوودا سەنتەرێکی نوێی پێشکەوتووی دڵ بکەوێتە کار.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی باسی لە پرۆژەی نەخۆشخانەی 300 تەختییەکەی دهۆک کرد و گوتی، لەلایەن کۆمپانیایەکی ئاستبەرزی نێودەوڵەتییەوە دیزاین و نەخشەسازیی نوێی بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بکرێتە نەخۆشخانەیەکی گشتی.

سەبارەت بە بەشی چاودێریی چڕ (ICU)، وەزیر جەختی کردەوە کە کردنەوەی ئەم بەشە لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان لەسەر ئاستی عێراق دەگمەنە، بەڵام حکوومەتی هەرێم توانیویەتی یەکەمین بەشی چاودێریی چڕ بە 7 قەرەوێڵە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکاتەوە و، پێش چەند ڕۆژێکیش بەشێکی هاوشێوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوەتەوە، لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیادکردنی تەختی زیاتر لەو بوارەدا.

سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، سەرەڕای دروستبوونی کێشەی کەمیی دەرمان لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی نەناردنی لەلایەن بەغداوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لە کابینەی نۆیەمدا، بودجەیەکی تایبەتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە تەرخان کرد. هەروەها دڵنیایی دا کە دەرمانەکانی فریاکەوتن و پێداویستییەکانی نەشتەرگەری بەردەستن و هیچ کێشەیان تێدا نییە، جگە لە بەشێک لە دەرمانە دەگمەن و بایۆلۆجییەکان کە چاوەڕێی گەیشتنیان لە بەغداوە دەکرێت.