بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP.info: لە داهاتوودا هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە سکاڵاکانیان تۆمار بکەن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، قۆناغێکی نوێیان لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن و چاکسازی لە ڕیزەکانی پۆلیسدا دەست پێکردووە و دەشڵێت، ئامانجمان گۆڕینی تەواوی سیستمی کاری کلاسیکییە بۆ سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی.
عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و بەمۆدێرنکردنی دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پلانی ستراتیژیی بەدیجیتاڵکردنی کاروباری بنکەکانی پۆلیسی هەولێرمان دەست پێکردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئەم هەنگاوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ دەکرێت و ئامانجیش گۆڕینی تەواوی سیستمی کاری کلاسیکییە بۆ سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی.
بەرزنجی، هەروەها باس لە گرنگترین ڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆژەیە دەکات و دەڵێ، ئامانجی سەرەکی، خێراکردنی کاروباری هاووڵاتیانە، جگە لەوەش پرۆسەی ڕاییکردنی سکاڵا، لێکۆڵینەوە و مامەڵە کارگێڕییەکان لە چەند کاتژمێرێکەوە بۆ چەند خولەکێک کورت دەکرێنەوە.
عەمید کامل جەختیش دەکاتەوە، سەرجەم بنکەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕێگەی تۆڕێکی دیجیتاڵی یەکگرتووەوە بە یەکەوە دەبەسترێنەوە، ئەمەش گواستنەوەی دۆسیەکان و هاوبەشکردنی زانیارییەکان خێراتر دەکات.
بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەم سیستمە نوێیەدا، داتابەیسی داواکراوان و تۆمەتباران بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان بنکەکاندا نوێ دەکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی هەموو ئەو تۆمەتبارانەی بە بڕیاری دادگا فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە.
پەیوەست بە قۆناغەکانی داهاتووش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە، دەتوانن بەبێ سەردانیکردنی بنکەکان، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە سکاڵاکانیان بە فەرمی تۆمار بکەن، بێگومان ئەم پڕۆژە پێشەنگەش، پایەیەکی سەرەکییە لە ستراتیژی گشتگیری چاکسازیی پۆلیسی هەولێر، کە ئامانجی دروستکردنی پۆلیسێکی مۆدێرن، چوست و چالاک و جێگەی متمانەی تەواوی هاووڵاتیانە.
ئومێد بابان
