٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

لقی ٣ و فراکسیۆنی پارتی چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە کەرکووکیان تاوتوێ کرد

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی بۆ بەسەرکردنەوەی پارێزگاکان و گوێگرتن لە داواکارییەکانی خەڵک، ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە کەرکووکیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە بارەگای لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە ئامادەبوونی ئەندازیار سیروان سەید عاسی بەرپرسی لق، هەڤاڵانی دەستەی کارگێڕیی لق، بەرپرسی لیژنە ناوچەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێشوازی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی د. شاخەوان عەبدوڵڵا کرا.

ئەم سەردانە لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچوو، کە مەبەست لێی سەردانیکردنی پارێزگاکان و بەسەرکردنەوەی خەڵک و لەنزیکەوە گوێگرتن لە ویست و داواکارییەکانی هاووڵاتییانە لەلایەن نوێنەرانی پارتی لە بەغدا.

لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، تەوەری سەرەکی بریتی بوو لە پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە ئیدارەدانی پارێزگای کەرکووک، بەشێوەیەک کە ڕێژەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە لەبەرچاو بگیڕێت، بۆ ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی تەواو کرایەوە لەسەر پاراستن و پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی خوێندنی کوردی لە پارێزگاکە و دارشتنی بەرنامەی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی زەوی و مافەکانی جووتیارانی کورد لە گوند و دەوروبەری کەرکووک.