سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 10/21، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە گوێندۆلین (وێندی) گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە دريژەدان بە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی ئەمەریکا دووپات کردەوە.
هەردوولا جەجتیان لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی ڕێژەی 14.14% ی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 تەرخان بکرێت.

