٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP.info: بەپێی پێشبینییە زانستییەکان ئەمساڵیش ساڵێکی تەڕ و باراناوی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بارانبارینی ساڵی ڕابردوو و دروستکردنی بەنداو و پۆندە نوێیەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێژەیەکی زۆری ئاو گلدراوەتەوە، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە بەپێی پێشبینییە زانستییەکان، ئەمساڵیش ساڵێکی باراناوی و تەڕ دەبێت.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆری باران لە هەرێمی کوردستان باری، بەو هۆیەوە بڕێکی بەرچاو ئاو لە بەنداو و پۆندەکاندا گلدرایەوە و ئاستی ئاوی ژێر زەویش زیادی کرد. کاریگەریی ئەو ئاوە کۆگاکراوە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بۆ نموونە بەنداوی دووکان هەتا ئێستاش ڕێژەیەکی زۆری ئاوی تێدایە و بە بارانێکی کەم سەرڕێژ دەبێت، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام ئاوی لێ دەرباز دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکان."

بەڕپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بە ڕۆڵی پڕۆژەکانی حکوومەت کرد و گوتی، "لە سایەی پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی بەنداو و پۆندی نوێدا، ئاوێکی زۆر کۆکراوەتەوە. ئێستا کە پێ دەنێینە وەرزی نوێی بارانبارین، هێشتا ڕێژەی ئاوی گلدراوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە."

د. زێدا محمد لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، "بەسودوەرگرتن لە پێشبینییە زانستییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵیش ڕێژەی بارانی پێویست ببارێت و ساڵێکی تەڕ بێت. لەسەر ئەم بنەمایە، بە هاتنی بارانی نوێ ئاستی کۆگاکردنی ئاو بەشێوەیەکی بەرفراوان بەرزتر دەبێتەوە و ئێستا هیچ مەترسییەکی وشکەساڵی لەسەر هەرێمی کوردستان نەماوە."

قائید میرۆ