نوێنەرانی پێکهاتەی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەن داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن

هەولێر-KDP.info- نوێنەرانی پێکهاتەی کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی بەپەلەی پەرلەمان، بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەکەنەوە.
ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هەردوو پەرلەمانتار جێمس حسدۆ هیدۆ و رامی نووری سیاوش ، وەک نوێنەرانی پێکهاتەی کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، هاووڵاتییانی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە بە ئیرادەیەکی دیموکراسییانەوە ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەداخەوە دوای تێپەڕینی دوو ساڵ، پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە پەکخراوە، ئەم دۆخەش پاشەکشەیە لە بەدیهێنانی ئیرادەی گەل و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی و ڕای گشتیی ناوخۆیی و جیهانی دەبێت، هاوکات متمانەی هاووڵاتییانیش بە دامەزراوە دەستوورییەکان لاواز دەکات."
نوێنەرانی پێکهاتەکان جەختیان کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە تەنها خزمەت بەو لایەنانە دەکات کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانیان ناوێت، بۆیە داوایەکی برایانەیان ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەرلەمان کارا بکەنەوە تاوەکو بە ئەرکی یاسادانان و چاودێریی خۆی هەڵسێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێن، "بەبوێری و دەستپێشخەرییەوە پێویستە بەرەو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنرێت، چونکە ئەمە بەرپرسیاریەتیی سەرجەم لایەنەکانە بەبێ جیاوازی."
