لە بەیاننامەیەکدا فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان داوای دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ناکارابوونی پەرلەماندا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمان و وەلانانی ململانێ حزبییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، منی نبی قهوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامبوونی پەک کەوتنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند کە ناکارابوونی بەرزترین دامەزراوەی یاسادانان، بۆشاییەکی مەترسیداری لە یاسادانان و چاودێریدا دروستکردووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان نابێت زیاتر باجی ناکۆکییە سیاسییەکان بدەن و بەرژەوەندیی گشتی دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بێت.
لە کۆتاییدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان و پەرلەمانتاران کرد بەرپرسیارییەتی نیشتمانی هەڵبگرن و هەنگاوی خێرا بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بنێن، ئاماژەی بەوەش دا کە کاراکردنەوەی پەرلەمان مافێکی بنەڕەتیی خەڵک و پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی دیموکراسی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان.
