٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

وەزیری ناوخۆ: ئەم پرۆسەیە بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پۆلیسی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناخێکی نوێوە و لە ستراتیژێکی نووسراوەوە دەگۆڕدرێت بۆ پڕۆژەی جێبەجێکردن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی داڕشتنی پلانی جێبەجێکردنی چاکسازی پۆلیسی کوردستان لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی یو ئێن دی پی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی، ''ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، بنیادنانی دامەزراوەیەکی پۆلیسی سەردەمیانە و پیشەییە کە متمانەی هاووڵاتییان بەدەست بهێنێت.

سەبارەت بە ستراتیژی چاکسازی هێزەکانی ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، ئەم پرۆسەیە بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ڕوونیشیکردەوە، مەبەست لێی دروستکردنی توانایەکی دامەزراوەییە کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا کار بکات و خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەش بکات.

وەزیری ناوخۆ ڕۆڵی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) و دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپای لەم پرۆسەیەدا بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوانە تەنها گفتوگۆی تەکنیکی یان ڕاهێنان نین، بەڵکو دەستپێکی هاوبەشییەکی دامەزراوەیین بۆ گواستنەوەی ئەولەوییەتەکانی چاکسازی بەرەو پلان، بەرپرسیاریەتی و دەرەنجامی بەرجەستە."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی سەرەکی لە عێراق و ناوچەکەدا نەبوونی ستراتیژ نییە، بەڵکو کەلێنی گەورە لە نێوان داڕشتنی ستراتیژ و ڕەنگدانەوەیەتی لە ژیانی هاووڵاتییاندا. بۆیە وەزارەتی ناوخۆ کار بۆ ئەوە دەکات ئەم ستراتیژە تەنها وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە "پەیمانێکی خزمەتگوزاری" لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتییان.

سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی قۆناخی یەکەم، وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد کە کار لەسەر دوو پڕۆژەی سەرەکی دەکرێت، یەکەمیان، دروستکردنی (بنکەی پۆلیسی نموونەیی)، و دووەمیان، (چاکسازی لە کۆلێژەکانی پۆلیس) و گۆڕینیان بۆ ئەکادیمیای پۆلیس لەسەر بنەمای زانست و شایستەیی. لەم دامەزراوە نوێیانەدا، ئەو بەها پیشەییانە دەگۆڕدرێن بۆ ڕەفتار و خزمەتگوزاریی باشتر. هاوکات، جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی ڕۆڵ و سەرکردایەتی خانمان لە ڕیزەکانی پۆلیسدا کردەوە وەک ئەولەوییەتێکی بنەڕەتی.

لە کۆتاییدا، ڕێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە، هاووڵاتی نابێت تەنها سوودمەندێکی بێدەنگی ئەم چاکسازییانە بێت، بەڵکو دەبێت ڕا و ئەزموونی ئەوان ببێتە پێوەرێکی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی پڕۆژەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.