٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی سەردانی عەلی حوسێنی بە ئاراستەیەکی گرنگ و پێویست وەسف کرد

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- لە هەنگاوێکدا بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و بڕیار بەدەستانی سیاسی، د. بیلال وەهاب سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی عەلی حوسێن بە ئاراستەیەکی گرنگ و پێویست وەسف کرد، بۆ دروستکردنی کارلێک و هەمەهەنگیی بەردەوام لە پێناو خزمەتکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا.

ئەمڕۆ دووشەممە (١٩ی تشرینی اولی ٢٠٢٦)، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای (سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین)ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەریی شاندێکی مەکتەب، سەردانی زانکۆی ئەمریکیی لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆوە پێشوازیی لێکرا.

له‌ دانیشتنێکدا، عەلی حوسێن ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری زانکۆی ئەمریکی و گشت زانکۆکانی کوردستان کرد لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە، زانست، هۆشیاریی فکری و نەتەوەیی. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بنەمای سەرەکیی مانەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستانە، و بە ئەرکێکی نیشتمانیی زانی کە کەموکوڕییەکانی ئەم بوارە لە ڕێگەی دامەزراوە زانستییە ئاستبەرزەکانەوە پڕ بكرێنەوە.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی جەختی لەسەر بەهێزکردنی ئاستی هەمەهەنگییەکان کردەوە و گوتی، "زانکۆکان دەتوانن هاوکار و پشتیوانێکی بەهێز بن لە دارشتن و بنیاتنانی ستراتیژیی پێشکەوتنی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کوردستاندا. ئێمە لێرەین تا گوێبیستی سەرنج، پێشنیاز و بیرۆکەکانتان بین و لە کارەکانی ڕۆژانەماندا کەڵکیان لێ وەربگرین."

لە بەرامبەردا، د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگی وەسف کرد بۆ دروستکردنی کارلێک و هەمەهەنگیی زیاتر لە نێوان دامەزراوە سیاسی و زانستییەکاندا، بە ئامانجی خزمه‌تكردنی زیاتری خاك و خه‌ڵكی كوردستان.