٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

وەزیر بۆ KDP.info: سبەی چەند پڕۆژەیەکی تەندروستی لە سۆران دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- بەیانی ڕێکەوتی ١٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێم کۆمەڵێک خزمەتگوزاری تەندروستی نوێ لە سنووری ئیدارەی سۆران دەکرێنەوە.

وەزیری تەندروستی هەرێم، د. سامان بەرزنجی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی بەردەوامی پڕۆژەکان و گرنگیدان بە گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، بەیانی ڕێکەوتی ١٩ـی تشرینی یەکەم لە چەند شارۆچکە و گوندێکی ئیدارەی سۆران ژمارەیەک خزمەتگوزاریی تەندروستیی نوێ دەکرێنەوە. لەوانە کردنەوەی بنکەی تەندروستی لە گوندی هاودیان بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاسانکاری چارەسەری پزیشکی بۆ دانیشتووانی گوندەکە، کردنەوەی بەشی ڕاوێژکاری نوێ لە نەخۆشخانەی گشتی قەزای خەلیفان، کردنەوەی بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی ئاشتی قەزای ناوەندی سۆران، کردنەوەی بەشی چاودێری چڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان، کردنەوەی نۆڕینگەی میللی و تاقیگەی میللی."

وەزیری تەندروستی لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا جەختی لەسەر گرنگی و بەردەوامی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردەوە و گوتی، "ئامانج لە کردنەوەی ئەم بەشانە فراوان کردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی هاووڵاتییانە بۆ تەواوی شار و شارۆچکە و گوندەکان بێ جیاوازی."

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی، لە ماوەی کابینەی نۆیەم ٣١ نەخۆشخانە و ٢١ سەنتەری پسپۆڕی پزیشکی بنیاتنراون و لە ئێستاشدا، لە چەندین شار و شارۆچکەی تری کوردستان، کار لەسەر پڕۆژە تەندروستییەکان دەکرێت.

ئەژین غەفار