تایبەت بۆ KDP.info کۆتاییهاتنی فێستیڤاڵی بەرواری باڵا بە ٤٠٠ هەزار سەردانکەر و ١٥٠٠ دەرفەتی کار کۆتایی هات

بەرواری باڵا-KDP.info- چوارەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکانی دەڤەری بەرواری باڵا بە بەشداریی سەدان هەزار هاووڵاتی کۆتایی پێهات، وتەبێژی فێستیڤاڵەکەش ڕایدەگەیەنێت، ئەم چالاکییە تەنها سەکۆیەک نەبووە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، بەڵکو بووەتە بزوێنەرێکی گەورەی ئابووری کە توانیویەتی زیاتر لە ١٥٠٠ دەرفەتی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە بڕەخسێنێت و جووڵەیەکی ئابووری لە سنوورەکەدا دروست بکات.

لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەهمی بالایی، ئەندامی بۆردی سەرپەرشتیار و وتەبێژی فێستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکانی دەڤەری بەرواری باڵا گوتی، "فێستیڤاڵی ئەمساڵ کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە (لە نێوانیاندا نزیکەی ٤ هەزار گەشتیاری بیانی و ناوخۆیی)، هەروەها زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل ڕوویان لە ناوچەکە کردووە و زیاتر لە ١٥٠٠ دەرفەتی کاری کاتی و ڕاستەوخۆ بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی ناوچەکە ڕەخسێندراوە و بە گوژمەی ١٢ ملیار دینار کەلوپەل و بەرهەم فرۆشراون، کە لەو بڕە ١٣٧ تەن تەنها بەرهەمی کشتوکاڵی بووە بە بڕی ٢٤٣ ملیۆن دینار، سەرباری ساغکردنەوەی ٥١٣ تەن کەلوپەلی تر لەسەر ڕێگەکانی فێستیڤاڵەکە، هاوكات ٢١٥ خێوەت بۆ جووتیاران، کارە دەستییەکان، خواردنە کوردییەکان، بەرهەمە سپییایەتییەکان و کافێ و ڕێستۆرانتەکان تەرخان کرابوون و زیاتر لە ٣٥٠ ملیۆن بینەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەری چالاکی و دەنگوباسەکانی فێستیڤاڵەکە بوون.
لە کۆتاییدا، وتەبێژی فێستیڤاڵەکە جەختی لەوە کردەوە کە داواکارن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی جووتیاران لە ڕێگەی دروستکردنی کارگە، دابینکردنی تەکنەلۆژیای نوێی کشتوکاڵی، ڕێخۆشکردن بۆ بازاڕسازی و باشترکردنی ژێرخانی ڕێگەوبانەکان کە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆ و بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە دەکات.


سەجا شێرزاد
