٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

لێدوانی وەزیری نوێی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق سەبارەت بە ئەرکەکەی لە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق پەسندکرا.

ڕێباز حەملان دوای متمانەپێدانی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات و بەڵێن دەدات لە بەغداوە داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستان بێت.

دوای هەڵبژاردنی وەک وەزیری نوێی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ڕێباز حەملان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرکەوتنی پرۆسەکەی بە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و خزمەتی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقیش دەکات.

ڕێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق گوتی، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکەم کە ئیرادەی سەرۆک بارزانی و ئیرادەی پارتی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی کوردستان سەرکەوت.

سوپاسی تایبەتم هەیە بۆ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کە تاوەکو کۆتا دەقە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانم بوو، هەروەها ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کاریگەریی هەبووە و سوپاسی دەکەم.

وەزیری نوێی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق سەبارەت بە ئەرکەکەی لە بەغدا گوتیشی، پشتیوان بە خوای گەورە لە بەغداوە لە خزمەت مافەکانی کوردستان دەبم و هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی ئەرکی خۆم بەوپەڕی دڵسۆزییەوە جێبەجێ بکەم، لەناو ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی دەستوور و یاسا دەبمە داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستان.

ڕێباز حەملان ئاماژەی بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کارکردن لە حکوومەتی فیدراڵیدا و ڕایگەیاند، ڕێنمایی سەرۆک بارزانیش بۆ ئێمە هەر ئەوە بووە خزمەتی هەموو گەلی عێراق بکەین و وەزیری هەموو نەتەوە و پارێزگاکانی عێراق بین.

ئەمشەو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 261 پەرلەمانتار کۆبووەوە بۆ تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی، تێیدا ڕێباز حەملان وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا و وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سوێندی یاسایی خوارد.