ڕاگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی پارتییەوە لەبارەی تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە دەنگدانە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عەلی زەیدی و پڕکردنەوەی ئەو پۆستە وەزارییانەی تاوەکو ئێستا بەتاڵن.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدە فەرمییەکانی بۆ شایستەکانی لە کابینەی نوێی حکوومەت دیاری کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا دانەر عەبدولغەفار باسی لەوە کرد، فارس شێخ سدیق بریفکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید کراوە. هەروەها ڕێباز محەممەد عەبدوڵڵا محەممەد (ڕێباز حەملان) بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەستنیشان کراوە.
بڕیارە کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە تەواوکاریی کابینەی سەرۆکوەزیرانی عەلی زەیدی بەڕێوەبچێت. دانیشتنەکە بە داخراوی دەکرێت و ڕێگە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نادرێت ئامادەی بن.
کارنامەی دانیشتنەکە تایبەت کراوە بە دەنگدان لەسەر بەربژێرانی پۆستی جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا بەتاڵن، هەروەها دەنگدان لەسەر پێکهێنانی چەند وەزارەتێکی نوێ.
