٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

د. نەزاکەت بۆ KDP.info: هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنی پرسی هەڵەبجە و مافی قوربانیان چڕتر دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

​سلێمانی-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پشتیوانیکردنی مافەکانی شاری هەڵەبجە و کەسوکاری شەهیدان، د. نەزاکەت حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەڵەبجە کۆبووەوە بە مەبەستی ڕێکخستنی هەنگاوەکان و خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی پارێزگاكە.

​دەربارەی ناوەرۆک و ئامانجی کۆبوونەوەکە، د. نەزاکەت حوسێن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران و نوسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەڵەبجە، لەگەڵ ئەنجوومەنی پشتیوانی هەڵەبجەی شەهید کۆبووینەوە."

د. نەزاکەت ئاماژەی بەوەش دا، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە هاوبەشە بریتی بووە لە دیاریکردنی ڕێگەچارەکان بۆ چۆنیەتیی چالاککردن و بەهێزکردنی هەوڵەکانمان لە بەغدا، تاوەکو بتوانین بە شێوەیەکی کاریگەرتر کار لەسەر پرسی هەڵەبجە و دابینکردنی شایستە و مافەکانی هەڵەبجەیییەکان بکەین."