ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە

هەولێر-KDP.info- بارەگای بارزانی ڕاگەیێندراوێکی دەربارەی بەڕێوەچوونی دیداری میری ٢٠٢٦ لە هەولێر بڵاو کردەوە و تێیدا نیگەرانیی بەرامبەر شێوازی بانگهێشتکردنی میوانان و پەنێڵەکانی دەربڕی، جەختیشی کردەوە کە ئەم کۆڕبەندە فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی سەرجەم لایەنەکانی بەشەکانی تری کوردستانی ڕەچاو نەکردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە بارەگای بارزانییەوە نییە.
دەقی ڕاگەیێندراوەكەی بارەگای بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بەڕێوەچوونی دیداری میری 2026 لە شاری هەولێر، جێگەی داخە کە ئەم کۆڕبەندە ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتکردنی میوانان و پەنێڵەکانیدا ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستان بکات. لە دیدارێکی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان ڕەنگ بداتەوە.
ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نیگەرانیی خەڵکی تێکۆشەر و ڕەسەنی بەشەکانی تری کوردستانی لێکەوتووەتەوە و دەبێتە هۆی قووڵكردنی پەرتەوازەیی و دووبەرەکیی نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان. هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە (میری) هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.
بارەگای بارزانی
13ـی تشرینی یەكەمی 2026
