٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سێ پێناسە بۆ قۆناغی ئینتیقالی

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

هەرچەندە زوربەی لێكۆڵەرەوان و سیاسەتمەدارانی ناو هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەم قۆناغەی دۆزی كوردستانیان پێیدا تێدەپەڕێ، قۆناغی ئینتیقالییە. وەلێ پێ دەچێ لە پێناسەكردنی ئیجرایی بۆ قۆناغی ئینتیقالی بە هەمان رادە و رێژە كۆك نەبن.

هەندێك لەوان دەڵێن قۆناغەكە قۆناغی گواستنەوەیە لە نەتەوە و نیشتمانی بێ قەوارە و دەوڵەتەوە بۆ نەتەوە و نیشتمانی خودان قەوارە و دەوڵەت.

هەندێكی دیكە دەڵێن قۆناغی گواستنەوەیە لە نێوانی دیكتاتۆری و شمولییەت و بێ موئەسەساتی بەرەو دیموكراسی و فرەیی و بە موئەسەسات كردنی هەموو كایەكان.

هەیشە دەڵێ قۆناغی گواستنەوەیە لەنێوانی هەردوو ئەو تایبەتمەندییانەی پێشوودا. واتە لەیەك كاتدا گواستنەوەیە لە بێ قەوارەییەوە بەرەو فۆرمەلەبوونی قەروارەی سیاسی، هەروەها بەرەو دامەزراندنی ستوونەكانی دیموكراسی و بە موئەسەسات كردنی كایەكانی ئیدارە و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی.

خودان رای یەكەم زیاتر چاویان بڕیوەتە ئایندە كە گەلی كوردستان ببێتە خاوەنی قەوارەی سیاسی سەربەخۆی خۆی و بەوە ئەركی ستراتیژی و سەرەكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی تەواو بێت و بگاتە ترۆپك. جا لەم قۆناغەدا ئەگەرچی دیموكراسی و شەفافییەت و فرەیی و بە موئەسەسات كردن و چەندینی دیكەیش پێویست بن بەڵام مەرج نین، بەو پێیەی هەموو ئەوانە خەسڵەت و تایبەتمەندی دروستبوونی دەوڵەت نین، بەڵكو هی حوكمڕانی باشن كە لە پاشی بوون بە دەوڵەت ئینجا نۆرەی راستەقینەیان دێ.

خودان رای دووەم لەبەر رۆشنایی بیست و دوو ساڵی رابردووی دوای راپەڕین و گۆڕانكارییەكان لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیداری و یاسایی و هەموو پێدراوەكانی دیكە لە بواری ئابووری و جۆری پەیوەندی هەرێم بە بەغدادەوە، ئەمەی ئێستا لە سەرۆكایەتی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بە شێوەیەك لە فرمەلەبوونی قەوارەی سیاسی دادەنێن و ئەم قۆناغە بە قۆناغی چەسپاندنی ستوونەكانی دیموكراسی و بە موئەسەساتكردنی كایەنی سیاسی و ئیداری دادەنێن كە ئەركی كارەكتەرە سەروەرییەكان و سیاسییەكان هاتۆتە سەر ململانێ لەناو كێشە لۆكاڵییەكانی پەیوەندیدار بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەم قەوارەیە بەو شێوەیە كە پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی حوكمڕانی باش دەیانخوازن.

خودان رای سێیەم لەو بڕوایەدایە هێشتا ئەركەكانی بزاڤی رزگاری نیشتمانی تەواو نەبوون و گەلی كوردستان بەو قۆناغەدا تێدەپەڕێ كە بەرەو تەواوكردنی ئەو ئەركانەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی نموونەی هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جیاواز و دەگمەنە لە مێژووی جیهاندا، بەوەی كە هێشتا نەبۆتە قەوارەیەكی سیاسی لە شێوەی دەوڵەتدا، بەڵام ئەمەی ئێستا هەیەتی لە پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی و یاساكان و شێوازی جیاواز و تایبەتی خۆی لە ئیدارەدانی كایەی ئابووری و گەشەكردن و پەیوەندییەكانی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان، وەهای لێكردووە كە بە قۆناغی دامەزراندنی ستوونەكانی دیموكراسی و فرەیی و موئەسەساتیدا تێپەڕێ. كەواتە لە یەك كاتدا كار بۆ تەواوكردنی ئەركەكانی بزاڤی رزگاریخوازیی لەلایەك و لەلایەكی دیكە بۆ دامەزراندنی ستوونەكانی دیموكراسی و بە موئەسەساتبوونی كایە جیاجیاكان، دەكات. ئەمەیش خەسڵەتێكی زۆر تایبەتی بە ئەزموونی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئیداری و یاسایی هەرێمی كوردستان بەخشیوە و جۆری بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی حزب و گروپەسیاسییەكان و كۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوە ئیدارییەكان جیاوازتر لە هی میللەتانی دیكە دیاری دەكات.

ئەوەندەی دیارە لە ژیانی سیاسی و فیكریدا، زاڵبوونی خودان پێناسەی یەكەم و پێناسەی دووەمە بۆ قۆناغی ئینتیقالی. تەنانەت تا ئەو رادەیە بوونەتە دوو پێناسەی باو كە ژیانی سیاسی و رۆشنبیری سیاسییان دابەشی دوو بەرە كردووە و لە نێوانی حزبە حوكمڕانەكان و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكاندا پۆلینی كردوون و لە دەوری هەر یەكەیشیان ژمارەیەك رۆشنبیر و ئەهلی فیكر و نووسین و لێكدانەوە كۆبوونەتەوە و تیۆریزەی تێز و پێناسەی هەریەكەیان دەكەن و گفتوگۆكانیان بۆتە گفتوگۆیەكی ئایدیۆلۆژی و تا رادەی ململانێیەكی یەخانگیر هەڵیان كشاندووە و گەیاندوویانەتە چوارگۆشەی حەڵاڵ و حەرام و رەش و سپی.

خودان پێناسەی یەكەم ئەوانەی دووەم بە خۆدزینەوە لە ئەركە نیشتمانییەكان و تەواوكردنی بەرنامە و ئارمانجی بزاڤی رزگاریخوازی و بڵاوكردنەوەی بێئومێدی و رەشبینی بە ئەسڵی ئەوەی كە كورد بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی هەبووبێ، كە دەرەنجام دەبێتە هۆی كزبوون و نەمانی ئینتیمای نیشتمانی لای نەوەی نوێ، تۆمەتبار دەكەن.

خودان پێناسەی دووەمیش ئەوانەی یەكەم بەوە تۆمەتبار دەكەن كە خۆیان لە پشتەوەی دروشمی تەواوكردنی ئەركەكانی قۆناغی رزگارییەوە شاردۆتەوە و لە رێی دەستگرتن بەسەر هەموو سەرچاوەكانی هێز و سامانی ئەم هەرێمەدا، خۆیان دەوڵەمەند كردووە و ئازادیان پێشێل كردووە و دیموكراسیان خستۆتە خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و گەندەڵی و چەندین دیاردەی دزێوی دیكەیان بڵاوكردۆتەوە، لەكاتێكدا ئێستا قۆناغی چەسپاندنی ستوونەكانی دیموكراسی و ئازادییەكان و خەسڵەتەكانی حوكمڕانی باشە.

ئەم دووانە بە رادەیەك بەسەر كەشی گشتی ئاگایی و هوشیاری كۆمەڵایەتی و سیاسیدا زاڵن و بە هەژموونن كە رێگە نادەن پێناسەی سێیەم شوێنێك بدۆزێتەوە و بێتە مەیدانی گفتوگۆیەكانەوە و ئەوسا لەوانەیە تا رادەیەكی زۆر رۆڵی لە دابەزینی پلەی ئەو لەرزوتایە هەبێ كە هەر ئێستا تووشی ژیانی سیاسی هەرێم بووە.

 

لە: رۆژنامەی هەولێر

هەواڵی پەیوەندیدار