٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە یادی 54 ساڵەی گەڕانەوەی هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بۆ كوردستانی نیشتمان

سەرچاوە: KDP.info

هەڤاڵی بارزانیی نەمر(ناوخۆش لێرەبیری) بەشدار بووی رێڕەوە مێژووییەكە

بارزانیی نەمر ئێمەی كۆكردینەوە فەرمووی: ئێمەی رێگای مان و نەمان هەڵبدەبژیرین، دوایی ئێمە هەموومان بە یەك هەڵویست هاوارمان كرد كە لەگەلت دادەبێت و مردنمان لە ژیان پی خۆشترە. لە 16-4-1959 دوای 12 ساڵ ئاوارەیی و ناخۆشی هاتینەوە كوردستان و پێشوازییەكی گەرممان لێكرا

 سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانی لە دوایی بەرگرییەكی قارەمانانە توانیان گەورەترین سەروەریان بۆ مێژووی كوردستان تۆمار بكەن، كە بە خۆی 500 كەس لە هەڤاڵانی توانییان سەربەرزانە لە رووباری ئاراس لە 18/6/1947 بپەڕنەوە خۆیان بگەیەننە ناو خاكی یەكێتی سۆڤیەتی ئەوسا، دوای مانەوەشیان بۆ ماوەی 12 ساڵ ژیانی ئاوارەی و غوربەتی رۆژی 16/4/1959 هاتنەوە بۆ خاكی كوردستان . ئەمرۆش لە یادی تەمەنی 54 ساڵەی ئەو گەڕانەوە شەڕەفمەندانەیە، بە ئەركمان زانی لە نزیكەوە لە گەڵ پێشمەرگەی قارەمان و شۆرشگێر و ماندوونەناس (ناوخۆش حەدو قورتاس) ناسراوە بە (ناوخۆش لێرەبیری) تەمەنی 91 ساڵ دیمانەیەك ساز بكەین. لە بەر خەبات و قارەمانێتی لە كۆنگرەی 13ی پارتی لە لایەن سەرۆك بارزانی مەدالیای فەخری بارزانیی نەمر پێبەخشراوە.

·  پێشمەرگەی دڵسۆز و خەباتگیر مام (ناوخۆش لێرەبیری ) لە ساڵی 1922 لە گوندی (لێرەبیر)ی سەر دەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر و خەباتكار لە دایكبووە، زۆر دەردەسەری كێشاوە، ئەم تێكۆشەرە كە تەمەنی بە سەردا چوو بوو دوایی ئەوەندە ساڵەی خەبات و ماندووبوونی بۆ گەلی كوردستان، ماوەیەك بوو كە نەخۆش ببوو، هەرچەندە دەبی من بە دەنگی زۆر بەرز پرسیارم لێ كردبوایە تا گوی لە من بكرێت وەڵامی پرسیارەكانمان بدات، بە چاوەی پڕ فرمێسكەوە لە بارەی ژیانی خۆی وچۆنیەتی بوونی بە پێشمەرگە گوتی:

چوون ئەو رۆژ سەختانە لە یاد بكەم كە داگیر كەران زوڵمێكی زۆریان لە ئێمە كورد بە تایبەتی دەڤەری ئێمەیان كردووە. ئەو كات بە هۆی داگیركەران نە رێگاوبانی باش و نە قوتابخانەیەك نەبوو تا بتوانین خوێندین فێر بین، ئێمە ژیانمان زۆر ناخۆشی بوو، لە تەمەنی (10) ساڵیدا دابووم بە ماڵ و خیزان لە توركیا بووین، سەرەتایی دەستپێكردنی چەك هەڵگرتنم بۆ ئەو كات دەگەڕێتەوە كە رابەری كورد بارزانیی نەمر و چەندها هەڤاڵی لە ساڵی (1943) هاتەوە دەڤەری بارزان. ئیدی ئەوە بوو كە هەموو رۆژ خەڵك لە دەوروبەری كۆدەبونەوە و بارزانیی نەمر سەردانی گوندی ئێمە (لێرەبیر)ی كرد كە من پەیوەندیم بە بارزانیی نەمر كرد و بوومە پێشمەرگەی ئەو سەركردە مەزنە. دواتر هەموو ناوچەكانی و دەڤەرەكانی تری كوردستان پەیوەندییان پێی كرد و لە شۆرشی دووەمی بارزان (1943- 1940) من وەكو پێشمەرگەیەك لە هەموو داستانەكان و نەبەردەكان بەشداریم كرد.

·  ئەوەمان لیپرسی كە دەتوانی باسی هەندیك لە داستانەكانی شۆڕشی دووەمی بارزان كە تێدا بەشداری كردووە،بۆمان باس بكەی، گوتی:

ئەوەی لە یادمە بە شداری داستانەكانی وەك شەڕەكانی شانەدەری، بێرسیاڤ، خێرەزوكا، كوەرتوو، زێتی، رێزان سەری بلندا و چەندین پوڵیسخانەكان و هتد. هەریەك لەو شەڕانەش لە ئەم شۆڕشە هەرچەندە سیلاحیان نەبوو و ئیمكانیاتی باشمان نەبوویە بەڵام ئیرادەی وەرمان بەرز بوو، چونكە بارزانیی نەمر رابەری ئێمە بووە لەگەلمان دا بوو لە ناخۆشترین وەختی شەر كە گەورەترین دەستكەوتمان بەدەست دەهینا و چەندین فەوج جیش و جاشمان لە زەرەردەدا وئەوەش بۆ رابەرمان بارزانیی نەمر دەگەڕیتەوە وەكو ئێمە بە بێ جیاواز لە ناو سەنگەرەكانی مەیدان لە پێشەوە لە گەڵماندا شەڕی مان و نەمانی دەكرد بۆ كوردستان بۆیە ئێمە ورەمان هەبوو و ئامادەبووین خۆمان فیدای رابەرمان بارزانیی نەمرو كوردستان بكەین بۆیە سەردەكەوتیین.تاكو ئیدی دوایی شۆرشی دووەمی بارزان چووینە ئەو دیوی كوردستان .

·  دوایی تیكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد تا گادەر مام(ناوخۆش لێرەبیری) یەكێك لە ئەو پێشمەرگانە بوو بارزانیی نەمر كە چوویتە سۆڤیەتی جاران، لە بارەیەدا ئەو رێڕەوە مەزنە گوتی:

دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، گەورەترین زەربەمان لە دوژمن دا، ئەم داستانە بە دەیان و سەدان لاپەڕە تەواو نابی و مرۆڤ ناتوانی وەسفی خۆی بكەت، مێژوو شاهدی بۆ دەدات كە بارزانییەكان بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر چ رۆڵێكیان هەبوو و چۆن بەرگرییان دەكرد، بارزانیی نەمر هەموو كات لە ناو سەنگەرەكانی خەبات دا بە ئێمەی دەیفەرموو : من وەكو ئێوە پێشمەرگەم بۆ ئازادی كوردستان و ئێوە نابی ورەی خۆتان لە دەست بدەن دەبێ پارێزگاری ئەم كۆمارە بكەن چونكە بۆ ئێمە كوردستانە هەر كوردستانە چ ئێرە بێت یان پارچەیەكی تر، دەبێ هەمیشە چەكتان پێبێت و هەتا دەمرین بەرگری دەكەین، ئێمە لە گەڵ ماڵ و خێزان و لەشكری بارزانییەكان هەتا گەیشتینە سەر گادەر دیسان شەڕی و بەرگری لە خۆمان كرد و زروفەكە زۆر ناخۆش بوو و چونكە منداڵ و خێزانمان لە گەڵ دابوو و دەبووایە ئەوانمان دەرباز كردبووایە.

·  پێش سەفەرەكەتان رابەری كوردستان بارزانیی نەمر چی بە ئێوە و هەموو هەڤاڵەكانی گوت، مام (ناوخۆش لێرەبیری) كە دەگریا، گوتی:

تاكو دوایی لە كۆبونەوەیەكی چارەنووساز بریار دا كە ماڵ و خێزان و پیر و پەتكەووتووە لە گەڵ خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە بۆكوردستان و ئەوانەی كە توانای رویشتنیان هەبوو لە گەڵ بارزانیی نەمر رێگای سەرسەخت هەڵبژرین، دوای بارزانیی نەمر ئێمەی كۆكردینەوە بارزانیی نەمر فەرمووی: چارەنووسی ئێمە نادیارە و زروفمان سەختە و نازانم لە برسان دەمرین و یا لە سەرمان رەق دەبینەوە، ئێمەی رێگای مان و نەمان هەڵبدەبژیرین، ئەوەی دەچێتەوە با بچێتەوە ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوەی لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە دەبێ كوشتن و برسیەتی و چەرمەسەری لە پێش خۆی دابنێ، دوایی ئێمە هەموومان بە یەك هەڵویست هاوارمان كرد كە لەگەلت دادەبێت و مردنمان لە ژیان پی خۆشترە و یەك كەس لە رێزەكان نەهاتەوە خوارو، من لە گەڵ برا و وئاموزایەكانم لە كەسوكار و ماڵ و خێزان لێك دابراین، ئەو سەفەرەمان لە پێناو مافەكانی كوردستان لە گەڵ بارزانیی نەمر هەڵبژارد.

·  لە بارەی ئەو بیرەورییەكانی لەو سەفەرە مێژووییە مام (ناوخۆش لێرەبیری) هەڤاڵانی، گوتی:

لە ئەو ماوەی سەفەری سەرسەختەمان كە بۆ ماوەی 62 رۆژ تا رووباری ئاراس بوو. دەتوانم بڵێم هەموو قسەكانی بارزانیی نەمر كە پێشتر بە ئێمەی گوتبوو هەمووی سەد لە سەد راست دەرچوون. ئێمە تووشی برسیەتی و ناخۆشی و سەرما و هەروەها كەمێنەی دوژمن لە پێش و پشتمان كە بوون و هەتا لە رێگا چەند شەهید مان دا. بارزانیی نەمر زۆر گرنگی بە چەك و تفاق دەدا و لە رێگادا دەیفەرموو: هیچ كاتێك گوللەی چەكتان بە فێرو نەدەن با لە برسان بمرین بەڵام بێ چەك نەبین .و هەرچی ئەو نەخۆشیەی ئێمە لەو رێگادا بینمان ئەو هەموو گرفت و تووشی هاتبین لە توانای كەمتر كەسێك دا هەیە كە بتوانن بەرگری بكەن،بەڵام لە ئەو رێگای مان و نەمان دا بارزانیی نەمر مان لە گەڵ دا بوو لە پێش كاروانەكە دا بوو و رەفتاری بارزانیی نەمر بوو ئەو رابەر و سەرۆكی بزوتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان بارزانیی نەمر بوو كە بەو سەرما و ناخۆشی و زگی برسی بە نێو چەندین گوند و ئاوییدا تێپەر بووین نەێهیێشت لەتە نانێك لە كەسێك وەربگرین و هەتا دەیفەرموو ئەگەر نانێكیان دا پێكهەوە هەموومان دەخۆین و هەتا ئەگەر ئەوانەی نانییان پێ نەبوو لە رێگا نانی پێدەدا ئەگەر نا بە برسێتی بە درێژەی رۆیشتنمان دەدەین و لە ئەو سەفەرەدا بارزانیی نەمرهەمێشە دڵی ئێمەی دەدایەوە و هەروەها دەیفەرموو: دەبێ سەبر و تەحموڵتان هەبێت رۆژی ئێمە دێت بە خۆشی بژین، هەمیشە چاوی لە پێشمەرگەكانی هەبوو و هەرچی لە دەستی دەهات دەیكرد، فڕۆكەكانی دوژمن بەسەرماندا دەسوڕانەوە و بەدوامان دەگەڕان. دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە حكومەتی سۆڤیەت لە 18/6/1947 لە رووباری ئاراس پەرێنەوە بۆ خاكی سۆڤیەت كە دەنگی زوڵمێكراوانی كوردستان بگەێنینە ئەو وڵاتە.

·  دوایی ماوە ژیانی 12 ساڵ لە سۆڤیەت دا مام (ناوخۆش لێرەبیری)، گوتی:

دوایی چەك و تەقێمنیەكمان پیبوو لێیان سەندن و ئێمەیان گواستەوە بۆ دەشتێك و رۆژانە پارچە سەموونێكیان دەداینێ لە گەڵ خواردنێكی زۆر كەم، پاشان دابەش كراین بە سەر گوندەكانی ئەو وڵاتەو ئێمە چەند كەسیك چووینە كەربەرەشی ماویەك لەوێ بووین، ئەو كات وەزعی ئابوری روسیا نالەبار بوو، رۆژانی بۆ ئەوەی لە برسان نەمرین بۆخۆمان كار كرد و ماوەی 5 مانگ لەوێ بووین. دواتر چووینە گوندی بەندە و چەند مانگێكیش لەوێ بووین، ماوەی 3 سالأ زۆرناخۆش بوو چونكە بارزانیی نەمر لە ئێمە دوور خرایەوە و بارزانیی نەمرمان نەدیت، تاكو خۆپیشاندانمان كرد و بارزانیی نەمر داوای لە جكومەتی سۆڤیەت كرد وبەوانی راگەیاند كە من هاتوومە باسی كێشی میللەتێك بكەم، گەلەكەم هەموویان باوەڕیان بەمن داوەو ئێوەش دەوڵەتێكی گەورەن و یارمەتی میللەتە چەوساوەكان دەدەن، من لە پێناو ئەوەی لە دەرگای كریملنم داوە، گەلی كورد داوای یارمەتیتان لێدەكات، تا لە ئەنجام دا بارزانیی نەمر ئێمەی كۆكردەوە لای یەك و كەوتینە بەر خوێندن و بە رۆژ بۆخۆمان ئیشمان دەكرد و بەشەوان دەمانخوێند، ئێمە زۆر لە هەڤاڵان بڕوانامە لە بواری جیاجیاكان وەرگرت. من لە پێش گەڕانەوەمان بۆكوردستان بروانامەی پێشەسازی میكانیك وەرگرت، تا دوایی تەممووزی ساڵی 1958 كە بارزانیی نەمر گەڕایەوە كوردستان و چاوەری دەرفەتێكمان كرد بۆ گەڕانەوە، لە ماوەیی ئەو 12 ساڵی كە لە خزم و كەسمان دابڕابووین. ئەوە بوو لە 16/4/1947 دوایی 12 ساڵ ئاوارەیی و ناخۆشی، لە گەڵ هەڤاڵانی بارزانیی نەمر و لە گەڵ خێزان و منداڵ هاتینەوە كوردستان و پێشوازییەكی گەرممان لێكرا چ لە كوردستان و چ لە عێراق دا، من گەڕامەوە بۆ گوندی خۆم (لێرەبیر) و لەوێ نیشتەجێ بووم. دواتریش بە هەمان روحیەت چووینە ناو سەنگەری خەبات.

·  لە یادی 54 ساڵەی گەڕانەوەشیان بۆ خاكی كوردستان دا مام (ناوخۆش لێرەبیری) دەڵێت:

 من زۆر خۆشحاڵم بەم كوردستانە ئازادەی كە بە چاوی خۆم كوردستانێكی ئازاد دەبینم. ئەو ئاڵایەی كوردستان كە لە دوای تیكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بۆ خاكی سۆڤیەت،بەرز كرایتەوە، ئەوەی كە دەمەوێت بڵێم كە خەبات و ماندووبوونی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی و پێشمەرگەكانی قارەمانی كوردستان و خوێنی شەهیدەكانمان بە فیرۆ نەچوو و ئەو كوردستانی كە ئێستا بە چاوی خۆم بە ئازادی كە ئاڵای كوردان هەڵداێتەوە بەرهەمی ئەوانە.. و خاون پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، كە وەكو باوكی خەبات دەكات بە بەردەوامی بۆ ئاواتەكانی كوردستان خوا تەمەنی درێژ بكات و هەمیشە بۆ تەبایی و ئاشتی و بەرقراری كوردستان خەبات دەكات. لە یادی 54 ساڵەی گەڕانەوەمان بۆ كوردستان سڵاورێز و درودم بۆ گیانی هەموو شەهیدەكانی كوردستان و سەرقافلەی كاروانییان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریس دەنێرم. زۆر سوپاسی ئیوەی بەرێز دەكەم كە هەموو كاتێك ئێمەی هەڤاڵان و پێشمەرگەكانی رێبازی بارزانیی نەمر و كوردایەتی و پارتی بەسەردەكەنەوە، هەر سەركەوتوو بن.

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4299) رۆژنامەی خەبات لە(16-4-2013) بڵاوبوویتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار