٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەبا منیش قسەیەك بكەم

سەرچاوە: KDP.info

فەیسەڵ دەباغ

چەند ڕۆژێكە نێوەندە سیاسییەكانی كوردستان و هەروەها میدیاكانی كوردی و عەرەبی و بیانی خەریكی پرسێكن كە پێوەندی بە خۆكاندیدكردنەوەی سەرۆك بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. پرسەكەیش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ئایا لە ڕووی یاساییەوە دەتوانێ خۆی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێتەوە، یان نا.

لەوانەیە بۆ من زۆر ئەستەم بێ لەسەر بابەتێكی وا بنووسم، بەڵام چی بكەم پرسێكە و دەبێ منیش وەكوو میدیاكارێك ڕاوبۆچوونی خۆم سەبارەت بە پرسێكی وا گرنگ بخەمە ڕوو.

لە كەس نایشارمەوە و لەوانەیە ئەمە یەكەم جارە ئەو ڕاستییە بدركێنم كە من تاكە كەس بووم لەو كوردستانە كە لەگەڵ ئەوەدا نەبووم سەرۆك بارزانی ئەسڵەن ئەو پۆستە وەربگرێ و ئەوانەی لە وردەكاریی ئەو مەسەلەیە ئاگادارن، ماون و دەتوانن ئەو شایەدییەم بۆ بدەن. ئەو كات باوەڕی من وابوو، حەزم نەدەكرد سەرۆك بارزانی ئەو پۆستە وەرگرێ و تێكەڵی كاری حكوومی ببێ، دەمویست وەكوو ڕابەر و مەرجەع لە كوردستان بمێنێتەوە و لەمەیشدا هۆكاری خۆم هەبوو.

1- هەموو سیفەتەكانی ئەو ڕابەرایەتییەی تێدایە بە شایەدیی هەموو هێز و لایەنە سیساسییەكانی كوردستان.

2- گەلی كوردستان لە بەردەم تەحەدیاتێكی زۆرە، بۆیە پێویستی بە ڕابەر و مەرجەعێك هەیە كە بتوانێ ڕابەرایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانە بكات.

3- كەسایەتیی سەرۆك بارزانی كاریگەریی خۆی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەدا بە گشتی، ئەو تەعاموولەی كە حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ كەسایەتییەكی وادا دەیكات، لەگەڵ كەسێكی دیكە نایكات و هەروا سەبارەت بە ناوچەكە و وڵاتانی دەوروبەر كە ئەوانیش حیسابێكی وردی بۆ دەكەن و لە زۆر پرسیشدا ڕاوێژی پێ دەكەن، بە تایبەتی لەو پرسەی كە پێوەندی بە كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە هەیە، كەواتە هەر پێشكەوتنێك كە پێوەندی بەو پرسەوە هەبێ، بەندە بە كەسایەتیی سەرۆك بارزانییەوە.

4- ئەو پێگەیە لە پێگەی سەرۆكی هەرێم زۆر گەورەترە و ڕەوایەتییەكی جەماوەریی فراوانتر دەداتە سەرۆك بارزانی.

5- دەمویست وەك هێڵی سوور بمێنێتەوە، لەسەر كەمتەرخەمییەكی وەزارەتێك، یان هەر كارێك ڕووبەڕووی خەڵكانێك نەبێتەوە كە ئەسڵەن نازانن مانای ڕێزگرتن چییە، وەك ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات و هەروەك عەرەب گوتەنی، شاگی باگی دەكەونە ناو مەوزوعان.

داخەكەم ئەو كات قسەكەی من نەیخوارد و قسەی ئەو خەڵكانە خواردی كە پێیان باش بوو سەرۆك بارزانی ئەو پۆستە وەرگرێ، كە پاش وەرگرتنی ئەوەی دیتیان خۆزگەیان خواست كە ئەو پۆستەی وەرنەگرتایە، بەڵام ئیتر كارەكەیان لە دەست دەرچووبوو. كەس نكۆڵی لەوە ناكات كە سەرۆك بارزانی لە ماوەی سەرۆكایەتیكردنی هەرێمدا توانی كاری زۆر باش بكات، كە ئەستەم بوو بۆ كەسێكی دیكە ئەو كارە بكات، بە تایبەتی لە دۆخێكدا كە تازە كوردستان لە شەڕێكی خوێناوی دەرچووبوو، سەركەوتووانەیش توانی هاوكێشە ئیقلیمییەكە بۆ كوردستان ڕاگرێ كە ئەمەیش لە هەموو كارەكانی دیكەی زەحمەتتر بوو، كوردستانی بۆ قۆناغێكی دیكە گواستەوە كە دەبێ ئەمڕۆ هەموومان شانازیی پێوە بكەین.

من گاڵتەم بەو كەسانە دێت كە دەڵێن، ماوەی سەرۆكایەتییەكەی خراپترین ماوە بوو، یان وەكوو نووسەرێك نووسیبووی كە ئەو ماوە مێژووییەیش ڕەش بوو. ئەم جۆرە لێدوانانە شەخسین و غەرەزی شەخسییان پێوە دیارە.

من خۆزگەم دەخواست ئەو ماوەیە دوور لە سۆز و غەرەزی شەخسی و زەمیرانە هەڵسەنگێنرایە، ئەوەی باشە بە باشی باس بكرایە و ئەوەی خراپیش بە خراپە.

كەس ناتوانێ بڵێ هەموو شتی ئەو كوردستانە باش و دروستە، بەڵام ناكرێ هێڵ لەسەر هەموو كارەكان بدرێت و بڵێین وەڵڵا هەموو كارەكان خراپ بوون، ئەمە نەك هەر غەدرە لە مێژووی سەركردەیەكی دیاری گەلەكەمان، بەڵكوو بێویژدانییەكی زۆریشە.

هەر كەسێك ئازادە لەوەی دەیڵێ، بەڵام لە چوارچێوەی ئەدەب و ئوسووڵدا، بە ڕای من لە مەسەلەیەكی یاسایی وادا كە پێوەندی بە خۆكاندیدكردنەوە بێت بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم، نابێت پەلە بكرێت، چونكە ئەو بابەتە پێویستی بە شیكردنەوەیەكی یاسایی و دەستووری هەیە، با یاساناسەكان قسەی خۆیان بكەن، ئینجا ئێمەمانان.

یەكێك دەڵێ بەپێی یاساكەی سەرۆكایەتیی هەرێم بوار نییە سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە كاندید بكرێتەوە و ئەگەر خۆی كاندید كرد، ئەوا هەڵوێستمان دەبێ.
بە ڕاستی ئەمە قسەیەكە كە هەق نییە بكرێ، چونكە تا ئێستا سەرۆك بارزانی بڕیاری نەداوە خۆی كاندید بكاتەوە، یان نا، ئەو لێدوان و نووسینانەیش كە بڵاو دەكرێنەوە، جۆرە ورووژاندنێكیان تێدایە كە هەق نییە وا بێ.

هەمان شتیش سەبارەت بە كاردانەوەكانی خۆمان دەڵێم، بە ڕاستی ئێمە خۆمان بە خاوەن پرسێك دەزانین كە ئەویش پرسی كوردە و لەوەش تێدەگەین كە پێویستە لەم دۆخەی كوردستاندا كە ئەو هەموو هەڕەشەیەی لەسەرە، یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین و شت بە شتی دیكە تێكەڵ نەكەین و زێزیشمان هەبێ بۆ هەر قەوارەیەكی سیاسی بە تایبەتی ئەو قەوارەیەی كە پێگەیەكی جەماوەریی هەیە، ئەگەر كەمیش بێ.

زۆرم پێ ناخۆش بوو قسەكانی مامۆستا سەڵاحەددین بەهائەددین بە یەكگرتووی ئیسلامییەوە گرێ بدرێ، یان بەرانبەر بە قسەی یەكێكی ناو لایەنێكی سیاسیی ئەو لایەنە بڵێین، با قەوارەی خۆی بزانێ و ئەو كەمینەیە.
بە ڕاستی ئەم قسانە لە ڕەوشتی پارتی كە دیدێكی نەتەوەیی هەیە زۆر دوورن و دەبێ خۆمان لەو موهاتەراتانە بپارێزین و ئەگەر كاردانەوەیشمان هەبێ لە چوارچێوەی لێدوانی كەسەكان دەرنەچین، چونكە دۆخی كورد ئێستا زۆر ناسكە و لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە یەكهەڵوێستی هەیە، مەعقوول نییە ئێمە بەرەیەكمان هەبێ لەگەڵ بەغدا و خەریكی كردنەوەی بەرەیەكی دیكە بین، ئەمە نە لە بەرژەوەندیی پارتییە و نە لە بەرژەوەندیی كوردستاندایە.

پارتی گوتەبێژی فەرمیی هەیە و هەر ئەویش مافی لێدوانی هەیە، بەڵام ئەوەی دەیبینین كەسانی دیكە جا لەسەر ئاستی سەركردایەتی بن یان خوارووی سەركردایەتی، لێدوانی وا دەدەن كە خۆیشیان نازانن چی دەڵێن، هەندێ جار كە مرۆڤ گوێیان لێ دەگرێ، هەست بە دژایەتییەك دەكات، وەك ئەوەی یەكێك لە پرسی ماف و خۆكاندیدكردنەوەی سەرۆك بارزانی جارێك دەڵێ ئەم پرسە لەگەڵ هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەرگیز باس نەكراوە و جارێكی دیكەیش دەڵێ، نەنیا ڕاوێژیان لەگەڵ كرابوو. من هەمیشە گوتوومە ڕاگەیاندن دووسەرەیە، یان ئەوەتا ئامانجی خۆت دەپێكی، یانیش لە خۆت و لایەنەكەت تێك دەدەیت و ئەوەی تا ئێستایش كراوە لایەنە دووەمەكەیەتی.

كاری ڕاگەیاندن، یان لێدواندان پێویستی بە عەقڵێكی میدیاكاری و سیاسی هەیە كە پێویستە میدیاكار و سیاسەتكار خاوەنی ئەو عەقڵە بێت، خۆ مەسەلە هەر خۆدەرخستن نییە، بەڵكوو بۆ پێكهێنانی ئامانجێكە كە دەبێ خۆی بۆ ئامادە بكات و لێهاتوو و شارەزا بێت.

ئێستایش پێم سەیرە چۆن ئەو پرسە بەو شێوەیە خرایە ڕوو. خستنەڕووی بەو شێوەیە من بە هەڵەیەكی ستراتیجی دەزانم. ئەگەر ئەمە بیرۆكەی چەند كەسانێكی ناو لایەنێكی سیاسی بووبێت، بە ڕاستی حەیفە بۆ لایەنەكەی دیكە بە بێ ئەوەی دیراسەیەكی وردی بۆ بكات، بچێتە ژێر ڕكێفییەوە.

زۆرم پێ غەدرە كە كەسایەتییەكی گەورەی وەك سەرۆك بارزانی بخرێتە چوارچێوەی سووچێكی داخراوی وادا. سەرۆك بارزانی زۆر لەوە گەورەترە و پێویستیشی بەو جۆرە پۆستە نییە، ئەو پێشمەرگایەتی لە لا زۆر زۆر گەورەترە، بەڵام بوونیشی لە سەرووی هەرەمەكە، بە تایبەتی وەكوو ڕابەر و مەرجەع، بۆ ئێمەی كوردستانی پێویستە كە ئێستا چارەنووسمان یەكلا نەكراوەتەوە و نەكەوتووینەتە سەر سكەكە، تا بێمنەت بین.

هەموومان پێویستیمان بە چەترێك هەیە، ئەو چەترەیش بە تایبەتی لەم ڕۆژگارەدا تەنیا لە خودی سەرۆك بارزانی دەبینرێتەوە.

لێرەدا دەمەوێ سەرنجی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بۆ یاسای ژمارە 1ـی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕابكێشم بە تایبەتی ماددەی 17 كە دەڵێ، "بەدەر لە حوكمی ماددەی دووەمی ئەم یاسایە: سەرۆكی هەرێم، لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی بۆ ویلایەتی یەكەم هەڵدەبژێردرێت."

ئەم ماددەیە بە ڕای من لە دواڕۆژدا كێشەیەكی یاساییمان بۆ دروست دەكات، چونكە ماددەكە ناڵێ كامە سەرۆك هەرێم.

ئەگەر بە پێی ئەو ماددەیە بێت دەبێ هەر سەرۆكێكی هەرێم لە كاتی ویلایەتی یەكەمدا لە لایەن پەرلەمانەوە بێتە هەڵبژاردن.

بە واتایەكی دیكە ئەو ماددەیە ناڵێ بەدەر لە حوكمی ماددەی دووەمی ئەم یاسایە ( یەكەم) سەرۆكی هەرێم دەبێ لەلایەن پەرلەمانەوە بێتە هەڵبژاردن، كەواتە ئەگەر بەپێی ماددەكە بێت، دەبێ دووەم سەرۆكی هەرێمیش لە ویلایەتی یەكەمدا لە لایەن پەرلەمانەوە بێتە هەڵبژاردن.

بۆیە بەر لە هەر ویلایەتێكی دیكەی ئەو پۆستە دەبێ ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە كە بە ڕای من نەك هەر ئەو ماددەیە، بەڵكوو لە ماددەكانی دیكەیشدا هەست بە دژایەتییەك دەكرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار