هاوپەیمانی كورد و ئیسلامییەكان
نووسینی - ئوراڵ چاڵشلار
ئەندامانی كومیتەی عەقڵمەندان بوونە ئارمانجی هێرشەكانی ئەو كەسانەی كە لە دژی قۆناخی چارەسەر كردنی پرسی كوردن. دیارە ئەو 63 كەسە كە لە چینە جیاجیاكان و لە پێكهاتە جیاجیاكانی توركیا كۆ كراونەتەوە، دەستبەكار كردنیان و رۆیشتنیان بۆ باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ و كۆڕ كۆ بوونەوەكانیان لەگەڵ خەڵكدا مەسەلەیەكی یەكجار گرنگە و مێژووییە. من لە چەند كەس و لایەنێكی سیاسی كە لە دژی ئەم هەنگاوەن دەپرسم ئایا پێوپستە كە ئەوەندە ئەم هەنگاوە بە گرنگ بگرن و دژایەتی بكەین؟
ئەگەر بێتۆ تۆزێك وەكو ئەو كەس و لایەنانە بیر بكەینەوە ئەوا دەتوانین وەڵامێكی بەمجۆرە بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە. ئەگەر سەیری مێژووی كۆماری توركیا بكەین ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە لە مێژووی كۆماری توركیادا، كۆمار زڵم و ستەمی لە دوو چین یا لە دوو پێكهاتەی توركیا كردووە. یەكەم پێكهاتەیەكی ئەتنیكییە كە بەشێكی سەرەكەی كۆمەڵگەی توركیایەوە ئەوەیش گەلی كورد و دووەمیش پێكهاتەیەكی ئاینیە كە ئەویش ئیسلامییەكانن. دەستپێكردنی ئەم قۆناخە رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ تاقی كردنەوەی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ لە نێوان كورد و ئیسلامییەكاندا. ئەم هاوپەیمانیەتییە كە رەنگە ببێـتە هۆكاری دابەزین پەكەكە لە چیا و جێگرتنی لە چوارچێوەی پارتییەكی سیاسی و یاساییدا، مەسەلەیەكی یەكجار گرنگە بۆ كۆماری توركیا و رەنگە سەرەڕای سەپاندنی ئاشتەوایی لە توركیا ببێتە هۆكاری كرانەوەی چەندین دەرگای گرنگ بۆ توركیا، هەر بۆیە كە چەند كەس و لایەنێك لە دژی ئەم هاوپەیمانییە هەر رۆژ سەناریویەكی نوێ دروست دەكەن و بانگەشە بۆ پارچە كردنی توركیا دەكەن. بێگومان ئەم سەناریویانە كە بە مەبەستی دژایەتی كردنی قۆناخەكە دەردەخرن درێژەیان دەبێت.
گۆڕانكارییە ئابوورییەكانی ئەم بیست ساڵەی دوایی توركیا نەتەنیا كاریگەرییان لە سەر كۆمەڵگەی توركیا كردووە بەڵكو بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ كاریگەریشیان لە سەر رەوتی سیاسی لە توركیا كردووە و وا بزانم لە داهاتوویەكی نزیكیشدا ئەم كاریگەرییە دەگاتە ئاستی هەرە بەرزی خۆی.
ئابووری ئانادۆڵ بە شێوەیەكی بەرچاو بەهێز كرا و وردە وردە لە نێو ئابووری جیهانیدا جێگایەكی بۆ خۆی دۆزییەوە. بۆ نموونە حەفتەی رابردوو سەرۆكی شارەوانی مارەش لە دانیشتنێكدا لەگەڵ من باسی ئەوەی كرد كە تەنیا لە ساڵی 2011دا هەناردە كردنی تەكستیلی ئەم شارە زیاتر لە یەك میلیار دۆلار بووە، بێگومان ئەگەر سەیری رابردووی نزیكی توركیا بكەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە هەناردە كردنی هەر هەمووی تكەستیلی توركیا یەك میلیار دۆلار بووە. ئەم گۆڕانكارییە بەرچاوە، نەتەنیا كاریگەری لە سەر كۆمەڵگە و رەوتی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان كردووە، بەڵكۆ كاریگەرییەكی ئەوتۆی لە سەر سیاسەتی توركیا كردووە كە توركیا ناچار دەكات خۆی بگۆڕێت و تۆزێك سەردەمییانەتر بێت.
لە رابردوودا شاری مارەش بە شاری رەگەزپەرەستی و میلیتاریزمی توركیا و كۆماری توركیا ناسرا بوو بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا من بە چاوی خۆم بینومە كە خەڵكی مارەش نەتەنیا وازیان لە رەگەزپەرەستی توركی هێناوە بەڵكۆ رەگەزپەرەست بوون بە جۆرە عەیبێك بۆ دونیا سەردەم لە قەڵەم دەدەن. ئەمە ئەنجامێكی ئەرێنی گۆڕانكارییە ئابوورییەكانی توركیایە و پێم وایە كە شاری مارەش ئێستا یەكێكە لە شارە دیموكراتیكەكانی توركیا كە زیاتر لە هەر كەس و هەر شارێك پێ خۆشە كە رۆژێك زووتر پرسی كورد چارەسەر بكرێت.
بێگومان هاووڵاتییە كوردەكانیش هەر وەكو دیندارەكان ( ئیسلامییەكان) فاكتەرێكی یەكجار سەرەكە و گرنگی گۆڕانكارییەكانن لە ناوچەكەدا.
دروست بوونی كیانی كوردی لە باكووری عێراق و پێشكەوتنەكانی ئانادۆڵ لە توركیا بوون بە هۆكاری ئەوەی كە كورد لە توركیا رۆلی بەرچاوی خۆی بۆ سازدانی گۆڕانكاری لە توركیادا بگێڕێت. كاریگەرییەكانی كوردستانی عێراق لە سەر گەلی كورد و سیاسەتی كوردی لە توركیا زۆر ئیجابین، هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو كە لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئوجەلان پەیامێكی ئاراستەی رای گشتی كرد و هێڵی سەرەكی سیاسەتی كوردی دەستینشان كرد. حەرەكەتی كوردیش لە چوارچێوەی ئەم پەیامەدا دەستی بە پەیڕەو كردنی سیاسەتێكی نوێ كرد.
بێدەنگ كردنی چەكەكان بە مانای كردنەوەی رێگایەكی نوێ بۆ توركیایە كە بتوانێت بەردەوام بێت لە گۆڕانكاری و پێشكەوتن و دیموكراتیزاسیوندا. هەر كەس دەزانێت كە لە توركیا دوو فاكتەری سەرەكە هەن كە كاریگەریەكی یەكجار زۆر لە سەر رەوتی گۆڕانكارییەكانی نێو توركیا دەكەن و ئەو دوو فاكتەرەیش كورد و ئیسلامییەكانن و لە بەرامبەر ئەوانیشدا جەهەپە و مەهەپە هێشتاكە سوورن لە سەر پاراستنی ستاتكوی رابردووی توركیا و دەیانەوێ توركیا هەر وەكو توركیای رابردوو بێت.
ئەم قۆناخە كە ناوی قۆناخی چارەسەرییە لە راستیدا قۆناخی هاوپەیمانی كورد و ئیسلامییەكان لە بەرامبەر كۆنەپەرەستی جەهەپە و مەهەپەیە، ئەگەر بێتۆ و كورد، لایەنە ئیسلامییەكان و ئاكەپە لە یەكتر زوو تێبگەن و پێكەوە كار بكەن ئەوا ئەم هاوپەیمانییە زوو دەگاتە ئەنجام، بەڵام ئەگەر بێتۆ لە یەكتر تێنەگەن و بە هۆی شتی لاوەكییەوە كۆتایی بە دانووستاندنەكان بهێنن ئەوا بەرەی كۆنەپەرەستی جەهەپە و مەهەپە بە سەر دەكەوێت و بۆ چەندین ساڵی دیكە توركیا هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە.
سەرچاوە. تەرەف




