٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی دهۆک بۆ KDP.info: ڕێژەی سەوزایی بەرزبووەتەوە و چەندین پارکی نوێ دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- قایمقامی دهۆک ڕایگەیاند، ڕێژەی سەوزایی لە شاری دهۆک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کراوەتەوە و بڕیاریشە لە چوارچێوەی پلانەکانی حکوومەتدا، چەند پارکێکی نوێی دیکەش لە سەنتەری شاری دهۆک دروست بکرێن.

بریندار حەیدەر، قایمقامی قەزای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە ئێستادا لە دهۆک نزیکەی ١٥٠ پارک و باخچەی جیاواز هەن کە لە لایەن حکوومەتەوە بەڕێوە دەبرێن. بەمەش ڕێژەی سەوزایی لە سەنتەری شاری دهۆک بۆ ١٥٪ بەرز کراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو پلانە ستراتیژییەی کاری لەسەر دەکەین، دەمانەوێت ڕێژەکە لەوەش زیاتر بەرز بکەینەوە، هەر بۆیە تەنیا لەمساڵدا ڕێژەیەکی یەکجار زۆر نەمان چێندراون.

قایمقامی دهۆک گوتیشی، ''پڕۆژەی پارکی نیشتمانیی (ئالۆکا) لەسەر ڕووبەرێکی زۆر گەورە و فراوان لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و ئێستا کارەکانی بەچڕی تێدا دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە گەورەترین پارکی نیشتمانی لەسەر ئاستی شاری دهۆک، کە دوای تەواوبوونی، سوودێکی ژینگەیی و تەندروستیی زۆری بۆ هاووڵاتیان دەبێت و سیمایەکی شارستانیی ناوازەش بە شارەکە دەبەخشێت.

بریندار حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ''سەرباری هەبوونی سروشتێکی سەرنجڕاکێش و سەوزاییەکی زۆر لە دهۆک و دەوروبەری، بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک باخچە و پارکی نوێی تر دروست بکات، ئێمەش بەردەوام دەبین لە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە پێناو دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ هاووڵاتیان.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار