٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP.info كاتی دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند کە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە چاندنی ٥٠٠ هەزار داری زەیتوون بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە، و ئاشکرای کرد کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا، قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە بۆ چاندنی ٥٠٠ هەزار داری دیکەی بەرهەمدار وەک زەیتوون و فستق دەست پێدە کات.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە قۆناغی یەکەمدا دەستی بەکارەکانی کرد، لە ئێستادا سەرجەم کارەکانی بەکۆتا هاتوون. لەم قۆناغەدا ٥٠٠ هەزار داری زەیتوون چێندراون کە جۆری دارەکان زۆر باش و کوالێتییان بەرزە و بە تەواوی لەگەڵ ژینگەی هەولێردا دەگونجێن، لە ئێستاشدا بەشێک لەو دارانە گەیشتوونەتە بەرهەم و بۆ زەیتوون و زەیتی زەیتوون بەکاردێن."

سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەدا: "ئێستا لە قۆناغی کۆتایی قەرەبووکردنەوەی ئەو زەوییانەداین کە دەکەونە سنووری پشتێنەی سەوزاییەکەوە. سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو کراون و کەمتر لە دوو مانگی دیكە قۆناغی دووەم دەست پێدەکرێت. لەم قۆناغە نوێیەشدا پلان هەیە ٥٠٠ هەزار داری دیکە بچێندرێن، کە پێکهاتوون لە داری زەیتوون، فستق و چەندین جۆری تری پێشنیارکراوی داری بەرهەمدار."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هێمن سەید موراد جەختی کردەوە کە بە تەواوبوونی ئەم پشتێنە سەوزاییە، شاری هەولێر لە ڕووی زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی و بوژانەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی دارەکانەوە دەچێتە قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووترەوە، بۆیە ئەم هەنگاوە بە یەکێک لە باشترین و سەرکەوتووترین ئەو پڕۆژانە دادەنرێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار