٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوێستان محەمەد بۆ KDP.info باسی کارئاسانییەکانی سەرۆكی حکوومەت بۆ منداڵانی ئۆتیزم دەكات

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بە بڕیار و ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەت، چەندین کارئاسانیی گرنگ بۆ منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان کراوە، ئاشکراشی دەکات کە ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە ١١ سەنتەرەوە بۆ نزیکەی ٧٠ سەنتەر بەرزبووەتەوە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، تەنها ١١ سەنتەری ئۆتیزم (٣ حکوومی و ٨ ئەهلی) لە هەرێمی کوردستاندا هەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکان و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ کەرتی تایبەت بە مەبەستی دروستکردنی کێبڕکێ و دابەزاندنی نرخەکان، ژمارەی سەنتەرەکان بۆ ٦٩ سەنتەر بەرزبووەتەوە، کە ١٣ دانەیان حکوومی و ٥٦ سەنتەریشیان ئەهلین. هاوکات لیژنەی باڵا چاودێریی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان دەکات و چەندین سەنتەریش بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانەوە داخراون."

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی تیشکی خستە سەر ئامارەکان و جۆری هاوکارییەکان و گوتی، "لە ئێستادا ١,٧٥٦ منداڵ لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم سەنتەرانە سوودمەند دەبن و بەپێی ڕێنماییە نوێیەکانیش، ئەگەر لە ماڵێکدا منداڵێکی ئۆتیزم هەبێت، دایک یان باوک دەتوانن مۆڵەتی فەرمی وەربگرن، کە ئێستا ٥٦٩ دایک و باوک لەم مۆڵەتە سوودمەند بوون گوتیشی، لە کۆی ٣,٩٢٧ منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، ٣١٠ منداڵ هاوکاریی دارایی مانگانە وەردەگرن و پشکنین بۆ منداڵانی دیکەش بەردەوامە.

کوێستان محەمەد لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە دوو بڕیاری گرنگی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بە ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت، بڕیاردراوە کە پشکنین و چارەسەری پزیشکی لە سەرجەم نەخۆشخانە حکوومییەکاندا بۆ منداڵانی ئۆتیزم بە شێوەی بێبەرامبەر بێت. هەروەها لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیشدا، مامەڵە گەشتیارییەکانیان ڕاستەوخۆ و بەبێ چاوەڕوانیکردن لە ڕیزەکاندا بۆ ڕایی دەکرێت."

 

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار