گوهدار شێخۆ بۆ KDP.info: سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ زاخۆ پەیامێکی ڕوونی پێبوو

زاخۆ -KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت کە سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی جەژندا، پاڵپشتییەکی گەورە و مژدەی خۆشی بۆ خەڵکی دەڤەرەکە پێ بووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە حکوومەت گرنگییەکی تایبەت بە سێکتەرەکانی ژینگە و گەشتوگوزار دەدات بە ئامانجی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زاخۆ، پشتگیرییەکی مەزنە بۆ دەڤەرەکەمان. بەڕێزیان جەختی لەسەر دوو بابەتی سەرەکی کردەوە کە ئەوانیش ژینگە و گەشتوگوزارن. لەبەر ئەوەی ژینگەی زاخۆ پاکە، سەردانەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ چەندین ناوچەی گەشتیاری پەیامێکی ڕوونی پێبوو، ئەویش پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزارە لە هەموو وەرزەکاندا، بۆ ئەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکرێت."
شێخۆ تیشکی خستە سەر ئەو پڕۆژە گەورانەی کە بڕیارە لە ئایندی نزیکدا لە زاخۆ جێبەجێ بکرێن و گوتی، ""پلانێکی تۆکمە داڕێژراوە بۆ ئەوەی ناوچەی شەرانشێ لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە ببێته یەکێک لە گرنگترین ناوچه گهشتیارییهکان لهسەر ئاستی عێراق، سەرۆکی حکوومەت مژدەی دروستکردنی ئەم بەنداوە ستراتیژییەی بە خەڵکی زاخۆ دا، کە پڕۆژەیەکی گرنگ و ژیانی دەبێت بۆ ناوچەکە، كارەکانی بەشی سێیەمی کۆڕنێشی زاخۆ ٪٩٥ی تەواو بووە و لە ماوەیەکی نزیکدا بە ڕووی هاووڵاتیاندا دەکرێتەوە و پڕۆژەی گەلی زاخۆش ئەم پڕۆژەیەش باس kra و یەکێک دەبێت لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکان کە لەسەر ئاستی عێراق دەنگدانەوەی دەبێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە درێژەی لێدوانەکەیدا هۆکاری ئەم گەشەسەندنە خێرایەی گەڕاندەوە بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەت و گوتی، "ئەگەر پشتگیری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە، نەماندەتوانی بگەینە ئەم قۆناغە. ئەم پێشکەوتنەی زاخۆ لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، وەک موعجیزەیەک وایە کە دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقدا هەبووە. بۆیە ئەرکی ئێمەیە ئەم پێشکەوتنانە بە پاکوخاوێنی بپارێزین و ژینگەکەی بپارێزین."
لە کۆتاییدا، گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت، گفتوگۆی ئەرێنی و باش کراون و پلانەکانی خۆیان پێشکەش کردووە، بەو ئومێدەی بە جێبەجێکردنیان، زاخۆ ببێتە شارێکی نموونەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاوەدانی و پێشکەوتنەوە.
بڵند ئیبراهیم




